شۆڕش بەبێ مۆسیقاش دەكرێت
2021-12-13 11:35:15
درەو:
نەوشیروان مستەفا لە كتێبی پەنجەكان یەكتری دەشكێنن, دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق لە 1970 تا 1983 دا دەڵێت:
رۆژێكیان خەریكی شتنی قەمسەڵەكەم بووم, تەشتێكی گەورەم دانابو قەمسەڵەكەم تێخستبوو, خەرێكی شۆردنی بووم, حەمەی حەمە باقی بەهەڵەداوان هات كردی بە هەرا, وتی : ئێوە رێزی هونەرمەند ناگرن! ئێوە رێزی نوسەر ناگرن! ئێوە هەر چەك و چەكدارتان بەلاوە گرنگە!.
وتم: كاكە حەمە هێواش چییە؟
وتی: دلێریان نارد حەپسی بكەن.
وتم: دلێر كێیە؟
وتی: دلێر مۆسیقارێكی گەورەی كوردە.
وتم: كێ ناردویەتی حەبسی بكا؟
وتی: ئەرسەلان.
وتم: دانیشە ئێستا ئەنێرم بەدویا بیهێنن بۆ ئێرە, دڵی ئەدەینەوە و لەگەڵ ئەرسەلان ئاشتیان ئەكەینەوە.
ئەرسەلان كاروباری راگەیاندنی یەكێتی ئەكرد, ناردم بەدوای دلێردا هات, چیرۆكەكەم لێپرسی وتی: من تازە هاتومەتە دەرەوە لە شار لە رێكخستندا بووم, ئەرسەلان ناردمی بۆ فڵان بەش لە راگەیاندن لەگەڵ زەوقی من نەئەگونجا, وتم ناچم, وتی ئەبێ هەربچی, وتم ناچم, وتی ئەگەر نەچی ئەتنێرم بۆ زیندان, وتم هەر ناچم لەسەرئەوە ناردمی حەپسم بكەن.
دیاربو دلێر چاوەڕوانی پێشوازی گەرم و نازكێشانی زۆری كردبو, ئەم رەفتارە ئەرسەلان پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئەو بوو. زۆر دڵگیر ببوو, من دڵم دایەوە ویستم توڕە بوونەكەی خاو بكەمەوە و تێبی بگەیەنم كە یەكێ دێتە دەرەوە ئەبێ بە گوێرەی پێویستییەكانی جوڵانەوەكە لێرە یا لەوێ دابنرێ نەك بە ئارەزوی حۆی, ئەگینا كارەكان ناڕۆن و تۆ پیاوێكی تێكۆشەرو هونەرمەندی و ئەو شتانە لە خەڵكی تر باشتر ئەزانی, ئەرسەلانیش پیاوێكی تێكۆشەرە و تازە لە زیندان هاتۆتە دەرێو شارەزای كاروباری راگەیاندنەو بۆ قازانجی راگەیاندن ئەو داوایەی لێكردوی, ئەبوایە قبوڵت بكردایە یان بە خۆشی و بێ توڕەبون رەتت بكردایەتەوە.
هەرچی لەگەڵم وت دڵی بهێنمەوە جێگای خۆی كەڵكی نەبوو, بێ ئەندازە لاسار بوو, سور بوو لەسەر ئەوەی ئیتر بەلای مۆسیقادا ناچێ و پێشمەرگایەتی ناكا, منیش گەیشتە تینم و وتم: كاك دلێر عاجز مەبە شۆڕش بەبێ مۆسیقاش دەكرێ.
- كتێبی پەنجەكان یەكتری دەشكێنن, نوسینی نەوشیراون مستەفا ئەمین،لاپەڕە 261.