كۆبونەوەی لوتكە هەڵوەشایەوە
2018-05-24 14:59:18
(درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو رۆژی 12ی مانگی داهاتوو لە سەنگاپورە بەڕێوەبچێت.
لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی كۆشكی سپی كردووە، ترەمپ بە سەرۆكی كۆریای باكور دەڵێت" دەمویست لەوێ بتبینم، بەڵام بەداخەوە بە رەچاوكردنی ئەو توڕەیی و دوژمنكارییە زۆرانەی كە لە دواین بەیاننامەتاندا دەركەوت، هەستم دەكەم لەم كاتەدا گونجاو نییە هیچ دیدارێك ئەنجام بدەین".
سەرەتای تێكچونەوەی پەیوەندییەكانی كۆریای باكور لەگەڵ ئەمریكا بۆ لێدوانێكی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە كە رۆژی دوو شەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (فۆكس) هۆشداری بە كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكوردا لە هەر جۆرە یاریكردنێك لەگەڵ واشنتۆن بەر لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی لوتكەی نێوان ترەمپ و كیم جۆن ئون.
لە یەكەم كاردانەوەی ئەو لێدوانەدا، خانم چوی سون هوی جێگری وەزیری كاروباری دەرەوەی كۆریای باكور لەبەیاننامەیەكدا لێدوانەكەی مایك پێنسی بە لێدوانێكی "نەزانانە و گەمژانە: ناوبرد و وتی: پیۆنگ یانگ ئامادە نییە لەڕێگەی هەڕەشەی سەركردەكانی واشنتۆنەوە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت.
لەنوێترین كاردانەوەشدا لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنە نوێیەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتۆن رویدا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، داوایان لە كۆریای باكور كردووە تیمی ئامادەكاریی بۆ كۆبونەوەی لوتكە دابنێت، بەڵام كۆریای باكور هیچ هەنگاوێكی نەناوە لەوبارەیەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، بەردەوام دەبن لەسەر فشارەكانیان بۆسەر كۆریای باكور.