Draw Media

لیرەی توركی لە دابەزین بەردەوامە

لیرەی توركی لە دابەزین بەردەوامە

2018-05-24 14:40:48


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
لە كۆڵانەكانی بازاڕی كۆنی ناسراو بە " گراندا بازاڕ" لە ناو جەرگەی ئیستانبوڵی كۆندا، دەنگی بازرگانانی دراو نابیسترێت، ئەوان ئێستا بەردەوام لەجیاتی ئاڵوگۆڕی دراو ، سەرقاڵی گێڕانەوەی هەواڵەكانن و دەڵاڵەكانی دراو لە دوا نرخ و بەهای دراوی ناوخۆی دەكەن، كە چەند هەفتەیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا  بەردەوامە لە دابەزین..
كەشێكی گوماناوی باڵی كێشاوە بەسەر بازاڕەكانی درا و دوكانەكانی كانزا گرانبەهاكان لە وڵاتدا، دوای ئەوەی لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار لەم پێنج مانگەی دوایید زیاتر لە 20%ی بەهاكەی لەدەستدا.
ئیفلیجبوونی جموجوڵی بازرگانی
بەیانی چوارشەممە بەهای لیرەی توركی دابەزینێكی تری بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 4.88 لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی، وادەردەكەوێت كە بارودۆخی وڵات كە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و سەرۆكایەتی دەچێت لە مانگی رابردوودا، قورسایی و كاریگەری كردبێتە سەر دۆخی ئابوری، كە حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی پارتی داد و گەشەپێدان ماوەی 16 ساڵە لەسەری دەژی.
سۆكسێل ئوموت ( 55 ساڵ ) بازرگانی زێڕە لە بازاڕی كۆن دەڵیچت دۆخی بازاڕەكە دووچاری ئیفلیجی كردوین، هەموان دەمانەوێت بزانین كاروبارەكان بە كوێ‌ دەگەن و هەروەها نرخی لیرە كەی جێگیر دەبێت؟ جەختیشدەكاتەوە كە خواست لەسەر كڕینی زێڕ و ئاڵتون نیمچە وەستاوەو تەنها پرۆسەی فرۆشتن هەیە، هەموان بە بۆچونی خۆیان چاوەڕوانن نرخی دراو بەرەو سەقامگیری و جێگیری بڕوات.
حكومەتی توركیا لە هەوڵدایە كەمێك لە فشارانەی لەسەرین سوك بكات، بە تایبەتی فشاری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، كە ئەم دۆخە بە هەلێكی باش دادەنێن بۆ تۆڵەكردنەوە لە پارتی دەسەڵاتدار پێش وادەی هەڵبژاردنەكان، ئەمەش بەوتەی چاودێری سیاسی توركی گۆكتای بەیرم.
بەیرم دەشڵێت:" ئەمجارە قەیرانەكە وادەردەكەوێت زۆر قورس بێت، حكومەت توانای نەبێت كە چاكی بكات."
دكتۆر عەبدولڕەحمان ئەلجاموس، پسپۆری سیاسەت و ئابوری لە توركیا دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە بۆ هۆكاری ئابوری و سیاسی دەگەڕێنێتەوە و هۆكارە ئابورییەكان بریتین لە " ئاماژەپێدەرەكانی هەڵاوسانی بەرز، ململانێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و بانكی ناوەندیی و ناكۆكی لەسەر نرخی سوود."
ئەردۆغان مانگی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی " بلومبێرگ" رایگەیاندبوو كە پلاندادەنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری ئابوریی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكەی مانگی داهاتوودا سەركەوتن بەدەستبهێنێت".
ئەردۆغان داواشی لە بانكی ناوەندی توركیا كرد " كە سەربەخۆیە" ئاگاداری ئەوەبێت سەرۆك چی دەڵێت و لەسەر ئەو بنەمایە كاربكات.


ئەردۆغان و كۆنترۆڵی ئابوری


سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا دەكات تێكڕای سوود كە لە توركیا دەگاتە 13.5% داببەزێنرێت و باوەڕی وایە كە بەرزبوونەوەی نرخی سوود دەبێتە هۆی هەڵاوسان، شارەزایانیش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە وەبەرهێنەران باوەڕیان بەو رێوشوێنە نییە كە سەرۆكی توركیا پلانی بۆ دادەنێت بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان.
بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا رۆژی چوارشەممە وتی :" ئەوەی باوەڕی وایە كە یاریكردن بە نرخی لیرە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەگۆڕێت، هەڵەیە، گەلی توركیا یارییەكە و ئەوانەشی ئاشكراكرد كە لە پشتیەوەن و رێگە بەكەس نادرێت زیان بە توركیا بگەیەنرێت."
بۆزداغ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە ولایەتی یۆزگاتی ناوەڕاستی توركیا وتیشی:" زۆر باش دەزانین كە ویستێك هەیە هەوڵدەدات كاریگەری بخاتە سەر دەنگدەرانی توركیا لە رێگەی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر لیرەدا، پێش هەڵبژاردنەكانی 24ی حوەزیرانی داهاتوو، بنەماكانی ئابوری دەزانین و جەختدەكەینەوە كە ئابورییەكەمان بەهێزە."
وتەبێژی حكومەتی توركیا هۆشداریشدایە ئەوانەی لە شتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارن بەرامبەر بە لیرە وتی :" پیلانگێڕی زۆر دەگێڕدرێت پێش هەڵبژاردنەكان."
جەختیشیكردەوە لەسەرئەوەی كە هەموو ئاستەنگەكان وەك پێشوو تێدەپەڕێنن، و هەموو ئەو پیلانگێڕیانە دژی توركیا دەگێڕدرێن بە ئامانجی تەگەرەخستنە بەردەم سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتوودا، یان لانیكەم بۆ سنورداركردن و كۆت و پێوەندكردنی لە رێگەی پەرلەمانەوە."
پەرلەمانی توركیا رۆژی 28ی نیسانی رابردوو ، پێشنیارێكی هەردوو پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیای پەسەندكرد بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمان رۆی 24ی حوەزیران لەجیاتی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت و لەگەڵ ئامادەكارییەكانیش بۆ هەڵبژارد قەیرانی دابەزینی بەهای دراوی توركیی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە و زیانێكی ئابوری زۆری پێگەیاندووە.
سەرچاوە: بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand