دەرهێنانەوەی تەرمی مستەفا بارزانی، لە یاداشتەکانی مەسعود بارزانی¬دا
2021-12-09 12:00:51
درەو:
پاش ئەوەی مستەفا بارزانی لە واشنتۆن كۆچی دواییكرد و ، لە ٥ئازاری ١٩٧٩ تەرمەكەی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردرا. لە ڕووداوێکی تەمومژاوییدا تەرمەکەی پاش دوو ساڵ لە گۆڕدا دەرهێنرایەوە...
لەم بارەیەوە، مەسعود بارزانی لە یاداشتەکانییدا، بەم شێوەیە ئەم ڕووداوە دەگێڕێتەوە:
یەکێک لەو تاوانانەی هەرگیز لەیادماندا ناسڕێتەوە، تاوانی دەرهێنانەوەی جەنازەی بارزانی لە ١ی تەمووزی١٩٨١دا بوو... هەرچەندە زانیاریی جیاجیامان لەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونە بۆ دەهات، بەڵام هیچ کات، حزبی دیموکراتمان بە ئەنجامدانی دەرهێنانی جەنازەکە تاوانبار نەکردووە. تەنانەت چەندین جار داوامان لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد بۆ ئەوەی لە دۆزینەوەی تاوانباران هاوکاریمان بکات ....
کاتی خۆی هەوڵمان دا پاسەوان بۆ زیارەتی بازرانی دابنرێت، بەڵام حزبی دیموکرات ڕێگەیان نەدا و ڕایانگەیاند خۆیان پاسەوانیی لێ دەکەن. بەر لەدەرهێنانی جەنازەکە پاسەوانەکان شوێنەکەیان بەجێ هێشتبوو. دوای دەرهێنانی جەنازەکە پرسیارم لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد کە هۆی چۆڵکردنی گۆڕستان لەلایەن پاسەوانەکانەوە بەر لە دەرهێنانی جەنازەکە چی بوو، بەڵام بابەتەکەی پشتگوێ خست و بەلایەوە گرنگ نەبوو.
دیسانەوە بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی گرژی و شەڕ، داوام لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد کە پێکەوە سەردانی زێوە بکەین و ئەو قسە بۆ جەماوەر بکات. داوام لێ کرد تەنیا بە جەماوەر ڕابگەیەنێت ئێمەش هاوسۆزین لەگەڵتان...بە خەڵک بڵێ ئامادەین هاوکاریتان بكەین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، کەچی لە وەڵامدا قاسملوو گووتی: نەخێر ئەمە بوختان و بەخشینەوەی تۆمەتە بە ئێمە و تاوانەکە دەرێتە سەرشانمان، ئەگەر ئەم تاوانبارکردن و بوختانبەخشینە بەردەوام بێت بەشەش ملیۆن کورد ڕووبەڕووتان دەبینەوە".
بارزانی لە درێژەی ئەو باسەدا، دەڵێت: بە عەبدورەحمان قاسملووم ڕاگەیاند، کە ناوی سەید ڕەسووڵی بابی گەورە لەو بابەتەدا دێت، بەبێ ئەوەی تاوانباری بکەین، بەڵام لە بەرژەوەندییدا نییە مادام ناوی ئەو کەسە دێت، بیکەنە فەرماندەی سەربازیی حزبی دیموکرات لە ناوجەی مەرگەوەڕ... بەڵام دیسان قاسملوو لە وەڵامدا گوتی: ئێمە بڕیار دەدەین، نەک ئەوەی ئەوامرتان جێبەجێ بکەین.
بارزانی بە وتەی خۆی هیچکات حزبی دیموکراتیان لەدەرهێنانەوەی تەرمەکەدا تاوانبار نەکردووە، بەڵام باوەڕی وایە کە ئەو حزبە بە "ڕەفتاری هەڵە و لەخۆباییبوون لەسەر خۆیان کردە ماڵ".
ئەو لە کۆتایی ئەم باسەدا لەبارەی ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی تەرمی دەرهێنانەوەی مستەفا بارزانی، ئەوە یەکلادەکاتەوە کە بکەری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە ئەفسەرێکی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران بە ناوی "میحراب عەلی یونس قودسی" ئەو کارەی لەڕێگەی بەرپرسێکی حزبی دیموکراتەوە ئەنجام داوە "کەچی هەتا ئێستاش (٢٠٢١)، ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتمان بۆ نەناسراوەتەوە".
سەرچاوە:
بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کورد، نوسینی مەسعود بارزانی، بەرگی چوارەم، بەشی یەکەم، چاپی یەکەم، لاپەڕە 142.