Draw Media

"پەرلەمان بایكۆت بكرێت نەك پرۆسەی سیاسی"

"پەرلەمان بایكۆت بكرێت نەك پرۆسەی سیاسی"

2018-05-24 14:18:36


(درەو میدیا): 
" پەرلەمان بایكۆت بكرێت نەك پرۆسەی سیاسی لە عێراق" ئەمە قسەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە.
جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە جڤاتێكی راوێژكارییە و مافی بڕیاردانی نییە، ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، مام فارس ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی جدی كرا لەسەر پرسی ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی پێیان وابوو ئەو ساختەكارییە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە كراوە، موئامەرەیەكی نێودەوڵەتییە و بە تەنها نەیانكردووە.
مام فارس وتی: گفتوگۆكردن لەسەر بایكۆت یان بەشداریكردنی گۆڕان لە بەغداد، تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو، جڤاتی گشتی پێشنیازیكرد بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق نەكرێت، بەڵكو تەنها بایكۆتی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
ئاماژەی بەوەكرد، بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەرێوەبچێت و پێشنیازكرا هەموو هەوڵێك بۆ ئەو پرۆسەیە بخرێتەگەڕ.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پێشنیاز و راسپاردەكانی جڤاتی گشتی دەبێت  ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەریان، بڕیارە رۆژی شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی خۆی لەوبارەیەوە بدات.
لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا (5) كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگەیاند و گومانی هەیە لەوەی ساختەكارییەكی بەربڵاو لە پرۆسەكەدا كراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand