خەسرەو گوڵ محەمەد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار
2021-12-06 12:45:47
(درەو):
زیادبوونی دوو كورسی بۆ یەكێتی لەسەر حسابی پارتی، كارتی سوری بارزانی بەرووی بەرهەم ساڵحدا بەرزكردەوە، بافڵ تاڵەبانی نایەوێت ئەزمونی 2018 دوبارە بكاتەوە، د. خەسرەو گوڵ محەمەد وەك كاندیدی یەكێتی و بەرازیبونی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات.
پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵحی تۆمەتبار كرد بەوەی، دەستوەردانی لە كاروباری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كردووەو دوو كورسی پارتی بردووە بۆ یەكێتی، كورسییەكی هەولێر (هەرێم كەمال ئاغا)و كورسییەكی موسڵ (رۆنزی زیاد).
زیادبوونی ئەو دوو كورسیەی بۆ یەكێتی، مەسعود بارزانی تا ئەو رادەیە توڕە كرد، بە كەسێكی نزیكدا پەیامێكی بۆ بەرهەم ساڵح ناردو پێی وت" كورسی سەرۆك كۆماری داهاتوو یەكسانە بە كورسییەكەی هەرێم كەمال ئاغا، ئەم هەڵوێستەش تەنیا بەرامبەر بە بەرهەم ساڵحە نەك هیچ كەسێكی تری یەكێتی"، هەرێم كەمال ئاغا كاندیدی یەكێتی بوو لە هەولێر، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای تەماشاكردنەوەی تانەكان، وەكو كاندیدی براوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ناوەكەی راگەیەندرا.
بەم گۆڕانكارییە لە ئەنجامی كورسییەكان، بەرهەم ساڵح هەم لە پارتیو هەم لە یەكێتیش بوو، چونكە بافڵ تاڵەبانی نایەوێت جارێكی ترو هاوشێوەی 2018 لەسەر بەرهەم ساڵح بچێتە ململانێوە لەگەڵ بارزانی، بەتایبەتی لەكاتێكدا ناوخۆی حزبەكەی ئێستا دەكوڵێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە (خەسرەو گوڵ محەمەد) بەرپرسی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كاندید بكات.
(خەسرەو گوڵ محەمەد) یەكێكە لەوانەی لەساڵانی رابردوودا كە ناوخۆی یەكێتی بەكێشمەكێشی زۆردا تێپەڕیوە، ئەو تەنیا لەسەر یەك خەت بووە كە خەتی ماڵی مام جەلال بووە.
بەڵام ئایا یەكێتی لەبەرامبەر زیادبوونی دوو كورسییەكەدا چۆنو بە چ پۆستێك قەرەبووی بەرهەم ساڵح دەكاتەوە، ئایا پێگەی بەرهەم ساڵح دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو یەكێتیدا چی دەبێت ؟ رازی دەبێت بە كارتە سورەكەی بارزانی و گڵۆپە سەوزەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ خەسرەو گوڵ محەمەد، یاخود كارتی پشتیوانی ئەمریكا و ئێران و ناوخۆی یەكێتی بۆ وەرگرتنەوەی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی بەرامبەر بارزانی و تاڵەبانی بەكار دەهێنێت؟