هێرشە لەناکاوەکانی داعش و چەند سەرنجێ !
2021-12-05 17:58:31
Draw
نوسینی: مەحمووی حاجی عومەر و خالید ڕەزا
دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی لە عێراق وشام، لەدوای تیکشکاندیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و سپای عیراقەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ چونە قۆناغی سڕ بوون و خۆ ڕیکخستنەوەوە.
ماوەیەکە و لەدوای خۆرێکخستنەوەیان و دەستوەشاندنیان لە هێزەکانی پێشمەرگە، لێرەولەوێ بەتایبەت سەر سنوری تەماسی ناوچە دابرێنراوە کوردستانیەکان و خاڵی هاوبەشی سوپای عیراق و پێشمەرگە. تیرۆریستانی داعش چالاکی خۆیان بەشێوەی گروپی بچووک و مەفرەزەی پارتیزانی چڕکردوەتەوە. لە ئیستادا جگە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوندنشینانی ناوچە دابڕێنراوەکانی قوڵایی گەرمیان و دەشتی قەراج وبناری چیای موخموریش کەوتوونەتە بەر مەترسی جددی . وەک دەبینن بەداخەوە کەمتر لە یەک حەفتە زیاتر لە٢٠ بیست پێشمەرگەو هاونیشیمانی سڤیل شەهیدو بریندار بوون. بەبێ ئەوەی فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرپرسانی حکومەت هیچ بەرنامە وپلانێکی پەرچەکردارییان هەبێت بۆ چارەسەری دۆخەکە. لە هەمووشی کارەساتبار تر هێنانەوەی بڕوبیانو و پاساوی نامنگقی یە کە گوایە (داعش کامیرای شەو- حەراری هەیە!!).
ئەمە جگە لەوەی عەیبە و شورەییەکی گەورەیە هەموومان ئەزانین کە:
یەکەم: هەموو تفاق و کەلوپەلێکی سەربازی بە چەک و ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و هەموو جۆرەکانی دوربینی شەو و رۆژەوە، بە موچەی لێوا هاوبەشەکانی پێشمەرگەوە هەر هەمووی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە، دابینکراوە.
دووەم: سەری زمان و بنی زمانی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە گوایە تیرۆریستانی داعش سود لە بۆشایی ئەمنی وسەربازی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق وەردەگرن، کە بەڕاستی ئەمە پاساوهێنانەوەیە بۆ دەستەپاچەیی و نەبونی نەخشەوپلانی وردی سەبازی بۆ پاراستنی ئەمنی نیشتیمانی. ئەگینا کورد دەمێکە وتوویەتی ( ماڵی خۆت قایم بکەو سەگی دراوسێ بەدز مەکە..!) جێکای پرسیارو گومانێکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بۆچی ناتوانێت، یان نایەوێ سەنگەرکانی پێشەوەی پێشمەرگە قایم وتۆکمە بکات؟
# لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە بەپێی شارەزایی وئەزموونی متوازعانەی چەند ساڵەی خۆمان ئەم سەرنجانە لەبواری سەربازی وپێشمەرگانەدا بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، لەپێناوی وەستاندنی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانمان بۆچوون وپێشنیارەکانمان بە هەند لێ وەربگرن.
١ – لەبەر ئەوەی هێزی وڵات پارێزی پێشمەرگە (هێزەکانی پاراستنی هەرێم) زیاتر خۆبەخشە و بە شێوەی تەجنیدی و سیستماتیکی ڕێک نەخراون، پێویستە بە پەلە دوور لە سۆزو وەلائی حیزبی وشەخسی کەسی لێوەشاوەو شیاو بۆ شوێنی شیاو دەستنیشان بکرێت. نەک بە تەسکیەی حیزبی وففتی بە ففتی. ئاخر کارەسەتە لە چواردە لیوا(هاوبەش !!) کەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزیری پێشمەرگەوە تا دەگاتە ئامر فصیلێک پەنجا بە پەنجا لە نێوان دوو حیزبدا بەش کراون! لە دوای ٣٠ سی سال لە حوکمڕانی خۆماڵی هێشتا جل وبەرگ و روتبەو ڕاتب و نەجمەی سەرشانیشیان یەکنەخراوە! لە بری تێکەڵاوبوون ویەکگرتنەوە تەنیا بە یەک ئاماژەی حیزبی سەنگەر لەیەکتر دەگرن و ئامادەن لە پێناوی حیزب دا!! خوێنی یەکتر بڕێژن. لەکاتێک دا گولەی تیرۆریستان و دوژمنان کوا یەکێتیی و پارتی ئەناسێ! هێزی وا ناتوانی بەبێ زیانی زۆر ڕووبەڕوی دوژمنێکی (عەقائیدی) تیرۆریستی وەکو داعش بوەستێتەوە.
٢ - نابێ وناکرێ مۆبایل جێگای بەشی مخابرەو لاسلکی بگرێتەوەو پێشمەرگە لە نیوەشەدا لەسەنگەری پێشەوەی مەرگ دا سەرگەرمی یاری مۆبایل بێت. لەکاتێکدا ئەگەر هێزی مەشق پێدراوی سەربازی و خاوەن دسپلینی سەربازی بێ، دەبێ لە ڕێی یەک سیستمی پەیوەندی مەرکەزییەوە فەرمان لە فەرماندەکەیانەوە وەربگرن وجێ بەجێێ بکەن.!
٣ - نابێت پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوە بە چەکێکی سادە لە ڕەبیە و سەنگەرێکی دیاردا بێت و هەرچی چەکی پێشکەوتوی M4 وقەناس و ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕ هەیە بەدەستی پاسەوانانی فەرماندەکانەوە بێت لە سەنگەرەکانی پشتەوە، لە ناوشارەکاندا! کاتێکیش کارەساتێک ڕووئەدات، فەرماندەکان خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی سەر شاشەکان، بەبێ ئەوەی بەرپرسیاڕێتی شکست و کارەساتەکان بگرنە ئەستۆ، دەڵێن پێویستە ئەمە و ئەوە بکرێ! لەجیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتی کەموکوڕی و شکست و قوربانیەکان لەڕوی سەربازی و ئەخلاقیەوە لە ئەستۆ بگرن!
# ئەی لە ئێستەدا دەبێ چی بکرێ بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە زۆرینەیان رەنگە لەبەر بێ ئیشوکاری و بۆ ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان بوبن بە پێشمەرگە، گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بە گرنگ دەزانین. نابێ بە بەهانەی دواکەوتنی ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق و هاوپەیماندا، پێشمەرگە لەبەردەم گەلەگورگەکانی داعش دا، بەجێ بهێڵن بۆیە گرنگە ئەم ڕێوشوێنە هەنوکەییانە جێ بەجێبکرێن:
یەکەم: کاتی خۆی بەعس لە ئەکادیمیای سەربازی، هونەری شەڕی پارتیزانی بە ئەفسەرەکانی دەخوێند بەلام لەزۆربەی شەڕەکاندا، پێشمەرگە لێێ دەبردنەوە چونکە بە عەمەلی فێری شەڕەکان بوبون، جا لەبەر ئەوەی لە ئێستەدا لە کوردستان ئەکادیمایی سەربازی خوێندنی ئەو هونەر و زانستەمان نیە بۆیە گرنگە ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە تەجروبەی دورودرێژی پێشمەرگانە و خەباتی پارتیزانی و شەڕی پارتیزانیان هەیە، ژورێکی عەمەلیاتیان بەپەلە بۆ دروستبکەن لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری پێشمەرگە.
دووەم: ژمارەی ئەوانەی تەجروبەی شەڕی پارتیزانیان هەیە، نابێ بکرێ بە فیفتی فیفتی، گرنگ نیە پێشمەرگەی کام حیزب و کام لایەنە، گرنگ ئەوەیە تەجروبەی شەڕی پارتیزانی و ژیانی پارتیزانی هەبێ.
سێیەم: وەکو کاری هەنوکەیی، لە ئێستەوە ڕێنمایی بدرێت بە هێزەکان کەلەگەل داعش ڕوبەڕوون، بەرۆژ بەمەفرەزی بچوک بچوک دەوروبەری خۆیان کێوماڵ بکەن.
چوارەم: وەزارەت سەگی ڕاهێنراویان بۆ دابین بکات، یان ئەگەر لە ئێستەدا سەگی ڕاهێنراویان لەبەردەست دا نیە، با رەبایەکانی پێشمەرگە بۆ خۆیان سەگ، بۆ پاسەوانی شەو ڕابگرن، سەگ لەشەودا وریا و چاوی تیژە و لە مەسافەی دورەوە هەست بە جموجوڵ دەکات، لانیکەم بە وەرینێک دەتوانی پێشمەرگەکان بە ئاگا بهێنێتەوە.
پێنجەم: رەبایە و سەنگەرەکانی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ داعش، تۆکمە بکات چ لە ڕوی ژمارەی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی چ لە ڕوی خواردنەوە. وەزارەت بە پەلە لەڕیی دابین کردنی درۆن بۆ هێزەکان و خەڵکانی شارەزای بەکارهێنانیان ئامادە بکا و بەسەر سنورەکان دا دابەشی بکات. ئەم درۆنانە دەکرێ بەرۆژ دا لەگەڵ مەفرەزی بچوک بچوکی پارتیزانی دەربچن بۆ کێوماڵکردن و دۆزینەوەی تیرۆریستەکان لەناودۆڵ و شیوو دارودەوەنەکاندا، هێزی فریاکەوتنیش بە چەک و تەقەمەنی پێویستەوە، ئامادە کرابێ، لەکاتی دۆزینەوەیاندا پەلامار بدرێن و لەناو ببرێن.
شەشەم: دەبێ حسابی ورد بۆ عەرەبی هاوردە و تەعریب چیەکان بکرێ، کە رەنگە ئەوانە چاوساغیان بکەن، یان دەشێ، بەشێک بن لە گروپی تیرۆریستی داعش.
حەوتەم: یەکێ لەو هەڵە کوشندانەی لەکات و دوای پاشەکشەی تیرۆریستەکاندا بە تایبەت لەشەودا، دەکرێ. ئەوەیە هێزەکانی پێشمەرگە لەشەودا دوای تیرۆریستەکان دەکەون، ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی و تاکتیکی یە و نابێ شتی وا بکرێ چونکە تیرۆریستەکان، دەیان خەنە کەمینی خۆیانەوە. بۆیە نابێ لەکاتی وادا جگە لە بەرگریکردن، نابێ لە تاریکی دا دوایان بکەون. مەگەر پێشتر بە پلانێکی سەربازی (داو) بۆ دوژمن نرابێتەوە. دەبێ پەند لەو هەڵانەی ڕابردوو وەربگیرێن.
هەشتەم: ئەم ڕێوشوێنانە دەکرێ وەکو فریاگوزاری سەرەتایی سەیربکرێن، هەتا ئەو کاتەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سپای عێراق و هاوپەیمانان دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە.
نۆیەم: ئەرکی وەزارەتی پیشمەرگەیە کە خەلکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە ئاخۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دوربینی حەراری شەویان داوە بە وەزارەت یان نا؟ چونکە دەنگوباسی ئەوە بڵاوە کە لە عەمبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەن، یان لای بەرپرسەباڵاکانی هێزە چەکدارەکانە.
# مسکی خیتامی: ئەگەر بمانەوێ هیزە چەکدارەکانی هەریمی کوردستان کە بەپێێ دەستوری عیراق ناویان (هێزی پاسەوانی سنورە) بکەین بە بەشێک لە سیستمی وەزارەتی بەگری عێراقی فیدراڵ هەموو ماف و ئیمتیازێکی سپای عێراق یان لە ڕووی چەک و ڕاهێنان و موچە و ئیمتیازەکانی ترەوە، هەبێ. ئەوە دەبێ پارتی و یەکێتی هەوڵێ دروستکردنی ئەو هێزە بدەن و واز لە میلیشیاکانی حیزب بهێنن و واز لە چاوبەستکردن بهێنن و ئەو لیوا یەکگرتوانە ی لەژێر ناوی (لیوا هاوبەشەکان !!) دا، کە هاوبەشەکان مەبەست هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتیی و (تیراوێێ) پەنجا بە پەنجاکەیە چی تر دەستی دەستی نەکەن و یەک لەشکری یەکگرتووی کوردستانی دابمەزرێ، کە تەنهاو تەنها وەلای بۆ خاک و خەڵکی کوردستان هەبێ.