سنوری روسیاو ئۆكرانیا لەسەر دەفرێكی گەرمە
2021-12-04 13:48:00
(درەو):
رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە لەسەر سنوری روسیاو ئۆكرانیا رۆژێكی ئارام نەبوو، بەپێی قسەی بەرپرسانی ئۆكرانیا" هێزە داگیركەرەكانی روسیا" رێككەوتنی ئاگربەستیان لەو رۆژەدا (6 جار) شكاندووە.
ئەم بەریەككەوتنو پێشێلكارییان نوێ نین، ماوە لەدوای ماوە روودەدات، بەڵام شتە مەترسیدارەكە كە هەموان هۆشداری لەبارەوە دەدەن ئەوەیە، جەنگێكی گشتگیر لەنێوان روسیاو ئۆكرانیا رووبدات، بەتایبەتیش كە چەند ساڵێكە ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
ئێستا وڵاتانی خۆرئاواو ئۆكرانیا دەڵێن، روسیا هێزی سەربازی گەورەی لەسەر سنور كۆكردوەتەوەو ئامادەكاری بۆ جەنگ دەكات، بەڵام روسیا ئەم قسەوباسانە رەتدەكاتەوە.
رۆژی هەینی ئۆلێكسی ریزنیكۆڤ وەزیری بەرگری ئۆكرانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند، روسیا زیاتر لە (94 هەزار) سەربازی لە سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە.. هەواڵگری ئێمە شیكاری بۆ هەموو سیناریۆكان، لەنێویشیاندا خراپترین سیناریۆ دەكات، رەنگە لە كۆتایی مانگی داهاتوودا روسیا هێرش بكات".
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، كرملن ئامادەكاریی بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لەچەند بەرەیەكەوە هێرش بكات.
بەپێچەوانەی خەمڵاندنی ئۆكرانیا، هەواڵگریی ئەمریكا پێیوایە روسیا تەنیا نزیكەی (70 هەزار) سەربازی لەسەر سنور كۆكردوەتەوە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەكات ئەم ژمارەیە بۆ (175 هەزار) سەرباز زیاد بكات.
لەبەرامبەردا روسیاش دەڵێ ئۆكرانیا هێزێكی سەربازی زۆری لەناوچەی (دونباس) لەسەر سنور كۆكردوەتەوە.
چاودێران بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی نیازی راستەقینەی روسیا لەم جموجوڵە سەربازییانە، هەندێك دەڵێن سەرۆك ڤلادیمیر پۆتن بڕیاری خۆی لەبارەی شەڕەوە یەكلاكردوەتەوە، هەندێكی تر پێیانوایە بابەتەكە پەیوەندی بە هەندێك هۆكاری ناوخۆی روسیاوە هەیە لەوانە پەردەپۆشكردنی دۆسییەی ئەلێكسی ناڤالنی رێبەری ئۆپۆزسیۆن، لەسەر ئاستی دەرەوەش روسیا دەیەوێت بڕیاری ڤلادیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیاو وڵاتانی خۆرئاوا تاقی بكاتەوە.
هەندێكی تر پێیان وایە روسیا تەنیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سنوردار لەناوچەی (دونباس) ئەنجام دەدات، بەوپێیەی روسیا پێیوایە ئۆكرانیا لەم ناوچەیە پرۆسەی پاكتاوی رەگەزیی ئەنجام دەدات.
تۆڕی (سی ئێن ئێن) دەڵێ، ئەمریكاو پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێیانوایە جێگیربوونی هێزەكانی روسیا لەسەر سنوری ئۆكرانیا، لەم چەند هەفتەی دوایدا "ناسروشتییە".
مانگی (نۆڤێمبەر)ی رابردوو، مانگە دەستكردەكان جموجوڵی ئامێری سەربازی گەوریان لە بنكەیەكی راهێنان بەدی كردووە، كە نزیكەی (300 كیلۆمەتر) لە سنوری ئۆكرانیاوە دورە، ئەو كەلوپەلانەی كە روسیا رەوانەی سنوری كردوون بریتی بوون لە زرێپۆشو تۆپهاوێژو تانكی جەنگی.
سەرباری ئەم قسەوباسانە، هێشتا زانیاری پێویست لەبەردەستدا نییە كە بانگەشەی وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا بسەلمێنێت.
زۆرینەی بنكە سەربازییەكانی روسیا دەكەونە خۆرئاوای وڵاتەوە، ناوچەیەك كە روسەكان لەڕووی مێژووییەوە پێیانوایە مەترسی بۆسەر وڵاتەكەیان لەم ناوچەیەوە دێت.
رۆژی 1ی ئەم مانگە، روسیا مانۆڕێكی سەربازی زستانەی لە نزیك سنوری ئۆكرانیا راگەیاند، نزیكەی (10 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، ناوەڕاستی مانگی مارسی رابردووش روسیا سێ مانۆڕی سەربازی گەورەی لەسەر سنوری ئۆكرانیا ئەنجامدا.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەناوچەی (دونباس) شەڕ لەنێوان ئەو هێزە ئۆكرانیانەی كە روسیا پاڵپشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی سوپای ئۆكرانیا بەردەوامەو تادێت توندتر دەبێتەوە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی ئۆكرانیا باسی لەوەكرد، روسیا رۆژی هەینی چەكی پێشكەوتووی بەكارهێناوە، جۆرە چەكێك كە بەكارهێنانی لەناوچەی (دونباس)ی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەگوێرەی رێككەوتنی ئاگربەست كە شەش ساڵ لەمەوبەر لە مینسك ئیمزاكراوە، قەدەغە كراوە.
ئەم قسانە لەكاتێكدا دەكرێن كە رێككەوتنی ئاگربەست لەناوچەكە چەندینجار لەلایەن هەردوولاوە پێشێلكراوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئاستی پێكدادانی نێوان جوداخوازەكان كە روسیا پشتیوانیان دەكات لەگەڵ هێزەكانی ئۆكرانیا لەناوچەی (دونباس) زیادی كردووە، بەجۆرێك هەندێكجار بەهۆی تەقەی هێزەكانی روسیاوە سەربازانی ئۆكرانیا كوژراون.
شەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا لە ساڵی 2014وە دەستی پێكردووە، ئەم شەڕە بوو بەهۆی كوژرانی زیاتر لە (13 هەزار) كەس، ئەمەش دوای راپەڕینێكی جەماوەریی كە لە كیێڤ رویداو بوو بەهۆی لادانی سەرۆكی وڵات، بەدوای ئەمەشدا روسیا نیمەدورگەی (كریمیا)ی خستە سەر خاكی وڵاتەكەی كە بەشێك بوو لە خاكی ئۆكرانیا.
لە ئەگەری روودانی شەڕو هێرش بۆ سەر ئۆكرانیا، ئەمریكا هەڕەشەی زیادكردنی سزائابورییەكانی دەكات لەسەر روسیا.