خەڵاتە داراییەكانی مۆندیالی روسیا
2018-05-24 11:51:16
ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ
بردنەوەی جامی جیهانی تۆپی پێ بێ گومان هیوا و ئومێد و ویستی هەموو یاریزانێكی تۆپی پێیە لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر یاریزانێك ئەو جامە گرانبەها و بەناوبانگە بەرزبكاتەوە، دەبێتە خاوەنی پێگەیەك لە هەموو ژیانیدا.
یاریەكانی جامی جیهانی تۆپی پێی " مۆندیال" هەر چوار ساڵێك بەڕێوەدەچێت و عاشقانی ئەو یاریە چاوەڕوانن كێ ئەو نازناوە بەدەستدەهێنێت، كە 32 باشترین هەڵبژاردەی جیهان كێبركێی بەدەستهێنانی دەكەن.
لە رابردوودا یاریزانانی تۆپی پێ هەموو هەوڵێكیان دەخستەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە یارییەكانی كۆتایی مۆندیال لە پێناوی بەرزكردنەوەی ناوی خۆیان وڵاتەكەیان، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی یارییەكە و تێكەڵاوبووونی لەگەڵ جیهانی دارایی و بزنسدا ئامانجەكانی تیپەكان زیاتربوون، وبە تەنها دەركەوتن و بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكەدا بە واتای دەستكەوتنی دەستكەوتێكی مادی زۆر دێت.
21 ەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانی بە چاودێری یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ " فیفا" رۆژی 14ی حوزەیرانی داهاتوو لە روسیا دەستپێدەكات و تا 15ی تەموز بەردەوام دەبێت.
لەم راپۆرتەدا ئەو خەڵاتە داراییانە دەخەینەڕوو كە فیفا بۆ ئەو 32 هەڵبژاردەیەكی دیاریكردووە كە بەشداری مۆندیالی روسیا دەكەن، كە بەراورد بە مۆندیالی 2014 بڕی خەڵاتەكان زیاتر كراون.
خەڵاتە داراییەكانی جامی جیهانی 2018 و چۆنێتی دابەشكردنی
تشرینی یەكەمی رابردوو یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" رایگەیاند بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی تەرخانكردووە بۆ خەڵاتە داراییەكانی ئەو 32 هەڵبژاردەیەكی بەشداری مۆندیالی روسیا دەكەن و بەمشێوەیە دابەشدەكرێت:
• هەر هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێ كە بەشداری خولی كۆمەڵەكانی پاڵەوانێتییەكە دەكات بڕی 9.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەردەگرێت، 1.5 ملیۆن دۆلار تێچووی خۆئامادەكردنە بۆ پاڵەوانێتییەكە و 8 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەشداریكردنیەتی لە گەڕی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە، ئەم بڕە پارەیەش بە سەركەوتن بۆ خولەكانی داهاتوو زیادەكات.
• هەر هەڵبژاردەیەك بگاتە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتییەكە 12 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەردەگرێت.
• هەر هەڵبژاردەیەك گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی 16 ملیۆن دۆلاری تر وەردەگرێت.
• ئەو دوو هەڵبژاردەیەكی لە چوار گۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەكە دەكرێنە دەرەوە، یاری پلەی سێیەم و چوارەم دەكەن و ئەو هەڵبژاردەیەی پلەی سێیەم بەدەستدەهێنێت 24 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و هەڵبژاردەی پلە چواریش 22 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
• ئەو دوو هەڵبژاردەیەی دەگەنە یاری كۆتایی بڕی 66 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانكراوە، ئەو هەڵبژاردەی جامەكە دەباتەوە 38 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و هەڵبژاردەی دووەمیش 28 ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێت.