Draw Media

مەلا بەختیار چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆمارە

مەلا بەختیار چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆمارە

2018-05-23 14:20:28


(درەو میدیا): 
مەلا بەختیار.. ئەو پیاوەی تاوەكو 25ی ئەیلول یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانی بەرەی ریفراندۆم و جیابونەوەی لە عێراق، ئێستا هەوڵی گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆماری عێراق دەدات.
گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆمار رەنگە بۆ مەلا بەختیار دواین وێستگەی سیاسی بێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا دۆخی ناوخۆیی حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) رۆژ لەدوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت.
لە كاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا مەلا بەختیار سەرۆكایەتی وەفدی یەكێتی نیشتمانی دەكات لە بەغداد، ئەو وەفدەی كە سەرەتا بڕیار بوو فوئاد مەعسوم سەرۆكایەتی بكات و دواتر سەرۆكایەتییەكەی گۆڕدرا بۆ مەلا بەختیار.


مەلا بەختیار بەمدواییە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەناوی خۆی كرد وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەوەش كاتێك بوو كە وتی:"باڵیۆزی ئەمەریكا داوای لێكردم ببمە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام رەتمكردەوە".
هەوڵی مەلا بەختیار بۆ رۆشتن بەرەو بەغداد تازە نییە، بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، دەنگۆی ئەوە هەبوو كورد ئەمجارە لە بری پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان)ی عێراق وەرگرێت، ئەوكات مەلا بەختیار وەكو ئامادەكارییەك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ویستی لەسەر قەزای خانەقین خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید بكات و فۆرمی كاندیدبونیشی وەرگرت، بەڵام دواتر و پاش دڵنیابوون لەوەی كورد پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێتەوە، لە كاندیدبونەكەی كشایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەئێستادا لە ناوەندی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا باس لە سێ كەس دەكرێت بۆ وەگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەش بریتین لە هەریەكە لە (لەتیف رەشید- هۆشیار زێباری- مەلا بەختیار).
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق بە پشكی خۆی دەزانێت، بەڵام بەرپرسانی پارتی چەندجارێك و لە چەند لێدوانێكی جیاوازدا ئەوەیان رەتكردەوە.
پۆستی سەرۆك كۆمار پێشتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتی و پارتی درا بە یەكێتی، ئەوەش لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، ئێستا ئەو رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، چیتر نە جەلال تاڵەبانی لەژیاندا ماوە و نە مەسعود بارزانیشی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا ماوەتەوە.
بەپێی هەندێك زانیاری، ماڵباتی جەلال تاڵەبانی خوازیارن لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید بكەن، بەڵام رەنگە هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە پارتی دژی كاندیدكردنی لەتیف رەشیدە، ئەوەش بەهۆی رەخنە بەردەوامەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی.
هەڵوێستی پارتی دژی كاندیدبونی لەتیف رەشید رەنگە وابكات دواجار بازەكە بەسەر شانی مەلا بەختیارەوە بنیشێتەوە، ئەگەرچی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەلا بەختیار دڵخوازی ئێرانییەكان نییە.


كێ دەتوانێت ببێت بە سەرۆك كۆمار
بەپێی ماددەی (73)ی دەستوری عێراق، ئەو كەسەی كە دەبێت بە سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت (4) مەرجی تێدا بێت، هیچ یەكێك لە مەرجەكان ئاماژەی بە (بڕوانامەی زانستی) نەكردووە، بەڵام لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بڕگەی چوارەمی مادەی یەكەمدا دەڵێ" كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نابێت بڕوانامەی خوێندنی لە بەكالۆریۆس كەمتر بێت و دەبێت ئەو بڕوانامەیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت". 
بەڵام بەپێی زانیارییەكان مەلا بەختیار بڕوانامەی زانكۆی نیە، بۆیە رەنگە ئەم یاسایە ببێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی مام جەلال لە بەغداد.

كاندیدەكانی تر كێن ؟
جگە لە بڕوانامە، چەند كەسێكی تر كە هەوڵی گەیشتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەدەن، رەنگە دواجار ببنە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكانی مەلا بەختیار.
پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشنیازی كردووە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید بكات.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مەكگۆرك پرسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە یەكێتی گەیاندووە و لەبەرامبەردا یەكێتی چەند مەرجێكیان هەبووە بۆ پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح، یەكێك لە مەرجەكان ئەوە بووە حزبەكەی هەڵوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، مەرجی دووەمیش ئەوە بوو كە بەرهەم ساڵح چووە بەغداد دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی نەكات.
سەرباری ئەم هەوڵە نوێیە، بەرهەم ساڵح یەكێكە لەو كەسایەتییە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە پێشتریش چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بووە، تەنانەت ئەو ساڵی 2014 یەكێك بوو لە كاندیدەكان لە ناوخۆی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە گەیشتن بەو پۆستە.
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی نەنوسراو، سێ پۆستە باڵاكەی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكاندا دابەشكراوە (سەرۆك كۆمار بۆ كورد- سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە- سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە).
سێ خولی رابردووی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەناو كورددا بۆ یەكێتی نیشتیمانی بووە، جەلال تاڵەبانی دوو خول سەرۆك بوو، فوئاد مەعسومیش خولێكە سەرۆكایەتی دەكات، سەرباری هەوڵەكانی مەلا بەختیار، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی رون نەبووەتەوە ئاخۆ دواجار كێ لەسەر كورسی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق دادەنیشێت؟.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand