هێزە ناڕازییەكانی شیعە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەنەوە
2021-11-22 13:26:06
درەو:
سەركردەكانی ئەو هێزە شیعانەی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق قایل نین و لە چوارچێوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆیان رێكخستوە هەوڵدەدەن فشار بكەن و هەژمونی موقتەدا سەدر كەمبكەنەوە كە لیستەكەی لە هەڵبژاردندا پلەی یەكەمی بەبەدەستهێنانی 73 كورسی بەدەستهێناوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی كە پێكهاتووە لە گروپەكانی سەر بە ئێرانو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆكایەتی دەكات و دەیانەوێت لە رێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی دوو ساڵیو بێبەشكردنی كوتلەی سەدری لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سنورێك بۆ هەژمونی موقتەدا سەدر دابنێن لە دەسەڵاتی جێبەجێیكردن و یاساداناندا.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە بۆ رۆژنامەی " عەرەب"ی لەندەنی قسەیكردووە دەڵێت گرنگترین داواكاری هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە موقتەدا سەدر ئەوەیە كە بەڵێن بدات هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەی دوو ساڵدا و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا ئەنجام بدات كە بڕیارە 2023 بەڕێوەبچێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد كە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داواشیان لە رەوتی سەدر كردوە دەستبەرداری پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بێت چونكە ئەوان واهەست دەكەن سەدر دەبێتە خاوەنی هەژمونێكی زۆر لە هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاساداناندا و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بە تەواوەتی پەراوێزیان دەخات.
سەرچاوەكە ئاماژەیبەوەشدا كە رەوتی سەدر پەیام و داواكارییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەست گەیشتووە بەبێ ئەوەی وەڵامیان بداتەوەو باوەڕی وایە كە هەردوو مەرجی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستبەرداربوون لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە خەون و خۆزگەوە نزیكە نەك داواكاری سیاسی بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن.
سەرچاوەكە جەختیشدەكاتەوە كە سەدر پلان دادەنێت بۆئەوەی وەبەرهێنان لەو بردنەوە مێژووییەیدا بكات كە رەنگە جارێكی تر لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوەو سورە لەسەر ئەوەی كە سەرۆكی حكومەتی نوێ سەدری بێت و دەیەوێت گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت كۆتایی پێبێنێت.
رەشا عەزاویی چاودێری سیاسیش بەدووری دەزانێت كە بەمزوانە لایەنە ناكۆكەكانی شیعە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانو دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان رابگەیەنن.
عەزاویی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەب" دەڵێت وادەردەكەوێت كە هەردوو لایەن رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر بایەخ نادەن بە راگەیاندنی رێككەوتنێكی نزیك بۆ پێكهێنانی حكومەت.
بەڵام باسم شێخ وتەبێژی گردبونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق بۆچونی وایە كە لایەنە ناكۆكەكانی بەشدار لە دابەشكردنی دەسەڵات و دەستكەوتەكانی ناتوانن دەستبەرداری سیاسەتی تەوافق بن چونكە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان دەكات و بەردەوامی بە دەستكەوت و سودەكانیان دەدات.
باسم شێخ قەیرانی پێكهێنانی حكومەتیشی گەڕاندەوە بۆ ئەو ململانێ ئاشكراییەی كە لەسەر دەسەڵات هەیە لە نێوان هێزە تەقلیدییەكان بۆئەوەی زۆرترین پشك و دەستكەوتی گەورەتر بەدەستبهێنن و بەدووریشی نەزانی كە قەیرانەكە بە رێكەوتنێك كۆتایی پێبهێنرێت كە تێیدا پشكەكان بە شێوازی ئەوەی كەس سەركەوتوو كەس دۆڕاو دابەشبكرێت چونكە زاڵ بوونی لایەنێك بەسەر لایەنێكی تردا تەرازوی هێزەكان تێكدەدات و مللانێی و ناكۆكییەكان دەباتە قۆناێكی پێشكەوتوو و دەگاتە پێكدادانی چەكداریانە.
هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەرێگەی خۆپیشاندانی جەماوەریی و رەتكردنەوەی ئەنجامەكانەوە فشاریان دەستپێكردووە و هەوڵدەدەن سەقفی داواكارییەكانیان بەرزبكەنەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی وزاریی زیاتر لە قەبارەی خۆیان وەك هەوڵێك بۆ مانەوە لەناو حكومەتدا و قەرەبووكردنەوەی ئەوەی لە ناو پەرلەماندا لەدەستیان داوە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار سەركردەی ئەو هێزە ناڕازییانە لەم ماوەیەدا پەیامیان لە ئێرانەوە بۆ هاتووە بۆئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ بكەنو لەگەڵ سەدر رێك بكەون بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێ و ئێران هۆشداریشی داوەتە سەركردەی گروپەكان كە دۆخەكە نەگاتە روبەروبونەوەی سەربازیی لەگەڵ سەدر یان حكومەت.