داهات و فرۆشی نەوتی عێراق لە نێوان دوو ئۆکتۆبەردا
2021-11-22 08:15:14
شیكاری: درەو
داهاتی نەوتی عێراق بە بەراوردی نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021 بە ڕێژەی (55%) بە دۆلار و (63%) بەدینار زیادی کردووە، لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی عێراق بە (38.77) دۆلار فرۆشراوە، حکومەتی عێراق بە بەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی عێراق بە (79.38) دۆلار فرۆشراوە، بە بەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
فرۆشی نەوتی عێراق لە ئۆکتۆبەرەوە بۆ ئۆکتۆبەر
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) ەوە بۆ مانگی ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (ملیارێک و 161 ملیۆن و 44 هەزار و 795) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوبراو بە تێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 932 هەزار و 862) بەرمیل لەماوەی (13) مانگدا هەناردە کراوە.
کۆی گشتی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوتەوە حکومەتی عێراق لەو ماوەیە دەستی کەوتووە، بریتی بووە لە؛ (71 ملیار و 757 ملیۆن و 227 هەزار) دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە (101 ترلیۆن 52 ملیار 136 ملیۆن و 100 هەزار) دیناری عێراقی.
جێی ئاماژەیە گەورەترین قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) تۆمارکراوە کە بڕەکەی بریتیە لە؛ (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل، بەهەمان شێوە داهاتەکەشی گەورەترین داهاتی ساڵ بووە کە برتییە بووە لە؛ (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (11 ترلیۆن 136 ملیار) دیناری عێراقی.
کەمترین قەبارەی هەناردەش لە مانگی نۆڤەمبەری (2020) تۆمارکراوە کە بڕەکەی بریتییە لە؛ (81 ملیۆن و 262 هەزار و 376) بەرمیل، بەهەمان شێوە داهاتەکەشی کەمترین داهاتی ساڵ بووە کە برتییە بووە لە؛ (3 ملیار و 403 ملیۆن و 722 هەزار) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 16 ملیار و391 ملیۆن و 960 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەکەی خوارەوە.
بۆ ئامادەکردن و کۆکردنەوەی داتاکان سود لە ڕاگەیەندراوەکانی پێگەی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگیراوە
بەراوردی نێوان هەردوو ئۆکتۆبەر
ئۆکتۆبەری 2020
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (89 ملیۆن و 153 هەزار و 932) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەتێکڕا (38.77) دۆلاری کردووە، واتە بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە.
بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020)دا عێراق بەبەهای (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 882 ملیۆن و 400 هەزار) دینار نەوتی فرۆشتووە.
ئۆکتۆبەری 2021
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بڕی (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە مانگی ئۆکتۆبەر ساڵی (2021) بەتێکڕا (79.38) دۆلاری کردووە، بەپێ زانیارییەکان بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە.
بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) دا حکومەتی عێراق بەبەهای (11 ترلیۆن و 136 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە.
بەراوردکاری لە نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021
یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو
- حکومەتی عێراق لە ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (89 ملیۆن و 153 هەزار و 932) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (%8) و (7 ملیۆن و 554 هەزار و 728) بەرمیل نەوت زیادی کردووە.
دووەم: داهاتی نەوت
- لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی (38.77) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
- لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی (79.38) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
- بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (55%) و (4 ملیار و 223 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار لە ئۆکتۆبەری (2021) زیادی کردووە.
بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە، کەواتە.
- لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) حکومەتی عێراق بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1180) دینار دەکاتە (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 882 ملیۆن و 400 هەزار) دینار داهاتی نەوت بووە.
- لە ئۆکتۆبەری (2021) حکومەتی عێراق بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1450) دینار دەکاتە (11 ترلیۆن و 136 ملیار) دینار داهاتی نەوت بووە.
- بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقی بەڕێژەی (63%) و (7 ترلیۆن و 57 ملیار و 117 ملیۆن 600 هەزار) دینار لە ئۆکتۆبەری (2021)دا زیادی کردووە.
بۆ بەرچاوڕونی بەراوردی فرۆش و داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان (ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021) بڕوانە چارتەکەی خوارەوە.