Draw Media

بارزانی بۆ بافڵ تاڵەبانی: چارەسەری كۆتایی كێشەكانتان نەكردووە

بارزانی بۆ بافڵ تاڵەبانی: چارەسەری كۆتایی كێشەكانتان نەكردووە

2021-11-15 20:50:15


 (درەو):
بارزانی زۆربەی داواكارییەكانی بافڵ تاڵەبانی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد‌و بە بافڵ تاڵەبانی وت" ئێوە هێشتا كێشە ناوخۆییەكانتان بەتەواوەتی چارەسەر نەكردووە"، پارتی داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات، هەردوولا لیژنەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆكردن دروست دەكەن. 
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای بارزانی لە (پیرمام) لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی‌و یەكێتی لەبارەی كۆبونەوەكەوە دەستیكەوتووە، كۆبوەنەوەكە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی بووەو رۆژی رابردووش بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوەوەتەوەو گفتوگۆكیان لەسەر ئەجێندای سەردانەكە كردووە.
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن، بارزانی وەك خۆی لەگەەڵ بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆی كردووە نەك وەكو سەرۆكی پارتی، چونكە بۆ زۆرێك لە پرسەكان وتویەتی ئەوە مەكتەبی سیاسی پارتی خۆیان دەزانن دەبێت لەگەڵ ئەوان یەكلایی بكەنەوە.
سەبارەت بە پرسی پارێزگاری كەركوك، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی پارێزگاری كەركوك ماف‌و پشكی یەكێتیەو پێویستە بۆ یەكێتی بێت، مەسعود بارزانی پێی راگەیاندووە" مەكتەبی سیاسی پارتی ئەو پۆستە بە مافی پارتی دەزانن‌و بە پێی پێگەی پارتی لەناوەوەو لەسەر ئاستی عێراقیش پێویستە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت".
سەبارەت بە پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە" ئەو پرسە پێویستە لە كۆبونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی یەكلابكرێتەوەو ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن".
بافڵ تاڵەبانی داوای لە مەسعود بارزانی كردووە" وەكو مامێك دۆخی ئێستای یەكێتی لەبەرچاوبگرێت كە دۆخێكی ناسكە، یارمەتییان بدەن تاوەكو بەتەواوەتی دەكەونە سەرپێی خۆیان". 
مەسعود بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە" پێویستە ئێوە بەتەواوی كێشە ناوخۆییەكانی خۆتان چارەسەر بكەن ئینجا گفتوگۆ بكەین، ئێوە هەموو كێشەكانتان بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوەو چارەسەری كۆتایتان نەكردووە".
(درەو) زانیویەتی، ئەوەی لە كۆبونەوەكی ئەمڕۆی پیرمامدا بافڵ تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی لەسەری رێككەوتوون "یەكڕی پارتی‌و یەكێتی" بووە بۆ بەغداد، لەم چوارچێوەیەدا هەردوولا رێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی "لیژنەیەكی باڵا" بۆ گفتوگۆكردن‌و پاشان رۆشتن بۆ بەغداد.
لیژنە باڵاكە لە پارتی بە سەرۆكایەتی نیچێرڤان بارزانی‌و لە یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی دروستدەكرێت‌و چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەسەر چەند دۆسیەیەك دەست بە كۆبونەوەكانیان بكەن، لەوانە:
•    هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی.
•    رێككەوتن لەسەر وەفدی هاوبەش بۆ چونە بەغدادو یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردییەكان لە بەغداد.
•    پرسی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك‌و پۆستەكانی كورد لە بەغداد.
•    رێكخستنەوەی حكومەتی هەرێم‌و شێوازی ئیدارەدانی هەرێم بە فۆرمێكی نوێ.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand