Draw Media

بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام كۆبونەوە

بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام كۆبونەوە

2021-11-15 12:11:39


درەو:
مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام كۆبونەوە، پرسی سەرۆك كۆمار و یەكڕیزی كورد و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی گفتوگۆی لەسەركراوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەوە.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەسەرچاوەی باڵای ناو پارتی و یەكێتیەوە دەستی كەوتووە، كۆبونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی تایبەت بوو بە پرسی یەكڕیزی كورد لە بەغداد و پێكەوە یەكێتی و پارتی بچنە بەغداد، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی.
(درەو) زانیویەتی لە كۆبونەوەكەدا سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی رازی بووە كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت بەڵام بە رەزامەندی هەردوولا  كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلا بكرێتەوە، لە كۆبونەوەكدا باس لە هەریەك لە ( د. لەتیف رەشید و د. بەرهەم ساڵح) كراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەگەرچی مەلا بەختیار چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام هەوڵێك هەیە كە مەلا بەختیار بكرێتە شوێنی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی. 
بڕیارە سبەینێ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بگاتە شاری دهۆك لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە. 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دوای كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی گەیشتە دەباشان و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوەو دوو پەیامی پێڕاگەیاندن:
-    پێكەوە ( یەكێتی و پارتی) پێكەوە بچنە بەغداد بۆ گفتوگۆگۆو كۆبونەوەكانتان
-    پەلەمەكەن لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand