بە ژمارە .. بۆچی خەڵک کۆچ دەکات؟
2021-11-13 15:32:21
درەو:
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
زەحمەتە یەک هۆکاری ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەتایبەت زیادبوونی دیاردەیەکی وەک کۆچ، بەدڵنیاییەوە چەندین هۆکاری بابەتیو خودی هەن کە ئەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی گەنجێک یان هاووڵاتیەک ماڵو حاڵو وڵاتی خۆی بەجێبهێڵێتو لە وڵاتێکی بێگانە ببێتە پەنابەر، بەڵام من بە داتاو ژمارە لە خوارەوە کۆمەڵێک گرفتی گەورەو سەرەکی دەخەمەڕوو، کە دەکرێت بەشێک بن لەو هۆکارانەی کە تەنگ بە ژیانی خەڵک هەڵدەچننو ناچاری دەکەن بڕیاری لەو جۆرە سەختو بە ڕێگەی سەختدا بدات، ژمارەکان کێشە گەورەکان دەردەخەن، بەشێک لە خەمەقووڵەکان دەخەنەڕوو، ئەوسا ئەم هۆکارانە لەگەڵ ژمارەیەک هۆکاری تری پەیوەندیدار بە نەمانی هیواو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە: ئەرێ ئەم کۆچی لێشاوە چییە؟
٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠
هەشت ملیار دۆلار، کە بە دینار دەکاتە زیاتر لە (یانزە ترلیۆن)، کۆی ئەو پارەیەی هاووڵاتیانی مووچەخۆرە کە لەساڵی (٢٠١٥)ەوە لای حکومەتە، بەهۆی دابەشنەکردنی موچەی هێندێک لە مانگەکان، کەمکردنەوە، پاشەکەوت، لێبڕین، کە هەموو ئەمانە ستەمێکی ڕووننو حکومەت بەبێ بوونی هیچ یاساو شەرعییەتێک ئەم کارەی کردووە، هەروەها پاش باشبوونی بارودۆخی داراییش حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی.
٥٠٠,٠٠٠
پێنج سەد هەزار هاووڵاتی، کە زۆینەیان گەنجن، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کەسانەیە کە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن. لە ساڵی (٢٠١١)ەوە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی بۆ دامەزراندن نییە، هەروەها هیچ هەلێکی کاری نەڕەخساندووە تەنها ژمارەی زۆر سنوردار نەبێت، کەرتی تایبەتیشی بەجۆرێک شێواندووە کە زیاتر هەلی کاری بۆ بێگانە تێدایە نەوەک گەنجی کوردستان.
٥٠٠,٠٠٠
پێنجسەد هەزار هاووڵاتی لە چوارچێوەی نزیکەی (١٠٠,٠٠٠) خێزاندا، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو خێزانانەیە کە ژیانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە، کە داهاتی مانگانەی ئەو خێزانانە لەشارەکان کەمترە لە (٥٠٠ هەزار) دینارو بەو هۆیەوە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ دابین ناکرێت.
٧٠,٠٠٠
حەفتا هەزار هاووڵاتیو خێزان، ژمارەی ئەو خێزانە هەژارانەیە کە حکومەت بە پاساوی (چاکسازی!) لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە ئەو بڕە مووچە کەمەی کە هەیانبوو بەناوی مووچەی (چاودێری خێزان) ڕایگرتووە، ئەویش تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار بوو، ئەوانە پێکهاتوون لە (منداڵانی بێ سەرپەرشت، ژنانی هەتیوبار، بەساڵاچووانی پەککەوتە، ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان سزادراون، ئەو کچانەی کە بەقەیرە ناسراون، ئەو هاووڵاتیانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو)، ئەمانە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، کەچی حکومەت شەش ساڵە مووچەکەی ڕاگرتوون!.
٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠
نۆسەد ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت لای هێندێک بازرگان هەیەتیو ناتوانێت (یان نایەوێت!) لێیان وەرگرێتەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەو پارەیە بە ڕێکاریی یاسایی نەدراون، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیە بەشی دروستکردنی نۆ بەنداوی گەورە دەکات کە مەترسی بێ ئاویو کەم ئاوی لە کوردستان نەهێڵێت! ئەتوانێت کێشەی بێ ئاوی هەموو چەمچەماڵو دەربەندیخانو سەرجەم ئەو شارو شارۆچکەکان چارەسەر بکات کە کێشەی بێ ئاویان هەیە، ئەکرێت بەو پارەیە (٤٥,٠٠٠) خاتوو بۆ خەڵکی هەژاو بێ لانەو کرێچی دروست بکەیت! دەکرێت کێشەی زۆرینەی زۆری ڕێگەوبان لە کوردستان چارەسەر بکات!
٢٣,٠٠٠
ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە خزمەتیان لە نێوان (١٠ - ١٥) ساڵدایەو تا ئێستا چاوەڕێن بکرێنە فەرمانبەریی هەمیشەییو بەشێوەی نایاسایی بە گرێبەست ماونەتەوە! نە لە کەرتی گشتی خزمەتی خانەنشینیان بۆ ئەژماردەکرێتو نە لە کەرتی تایبەت! هەیانە پاش دوانزە ساڵ خزمەت کۆچی دوایی کردووەو منداڵەکانی بێ بژێوی ماونەتەوە!
٢٧,٠٠٠
ژمارەی ئەو مامۆستایانەیە کە بە داهێنانی نایاسایی حکومەت وەک وانەبێژ لە پەروەردە کاردەکەن، لە کاتێکدا خاوەنی مافی شایستەی مامۆستایی نینو ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن زۆر کەمەو هیچ کارێکی تری شایستەو گونجاو بە کەسایەتی مامۆستاییشیان دەست ناکەوێت!
١٠٠,٠٠٠
ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کرێکارو کارمەندانەیە کە لە کەرتی تایبەت لە دۆخی زۆر سەختو بە کرێی کەمو بەبێ بوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتیو لە ڕەوشی نایاسایی کاردا کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی ناتوانایی حکومەت لە چاودێری مافەکانیان!
٨
ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ یاسایەکی بودجەی نییە، واتە هیچ پلانو بەرنامەیەکی ئابوریو دارایی نییە، لە دەرەوەی یاساو بەبێ بوونی دەسەڵات و دوور لە شەفافییەت مامەڵە لەگەڵ خەرجیو داهات دەکات!
ژمارەیەکی نادیار!
بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەرانە کە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە کەوتووەتە لای حکومەتو تا ئێستا هیچ پلانو بەرنامەیەک نیە بۆ خەرج کردنەوەی، کە هێندێک مووچەخۆر بەو بۆنەیەوە مانگانە زیاتر لە(١٠٠,٠٠٠) دینار زیان دەکەن و کەمتر لە مووچەی خۆیان وەردەگرن!
٣٠,٠٠٠
ژمارەی ئەو هاووڵاتیە کەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەیە کە نۆ ساڵە چاوەڕێ دەکەن حکومەت بچوکترین مافی یاسایی خۆیانیان بۆ دابین بکات کە بریتیە لە تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار! سی هەزار منداڵی نابینا، نابیست، ئۆتیزم، داون، هاووڵاتیانی کەمئەندام بە ڕووداوی جیاجیا، نۆ ساڵە چاوەرێن، زۆرینەیان لە دۆخێکی سەختی ژیاندان، حکومەت بە پاساوی ناڕەواو نایاسایی ئەم ئەرکە جێبەجێ ناکات!
٥,٠٠٠
ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەیە کە یەکەمو دووەمو سێیەمی کۆلێجو زانکۆکانیان بوونو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە چاوەڕێی دامەزراندنو گەڕانەوە دەکەن بۆ زانکۆو دریژەدان بە خوێندن و ژیانی زانکۆیی.
٨٠٠
ژمارەی نزیکەیی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتە، کە هیچ باجێک بە حکومەت نادەن لە کاتێکدا حکومەت پارەی باج لە کاسبکاری ئاسایی وەردەگرێت! لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تری کۆمپانیای پەیوەندیو ئینتەرنێتو هێندێک لە کۆمپانیای تر کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەست دەکەوێت.
٢٠٠,٠٠٠
ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەی زانکۆو پەیمانگایە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی داراییان ناکات، تەنانەت ئەو شەست هەزار دینار دەرماڵەیەی هەیانبوو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە بڕیویەتی! زۆرێک لەو قوتابیانە لە خێزانە هەژارەکاننو توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانەی خۆیان نییە!
٥
ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت پشتیوانی لەسەر نەوتو سوتەمەنی هەڵگرتوەو هیچ پشتیوانیەکی هاووڵاتیان ناکات و خەڵک کەوتووەتە بەر رەحمەتی نرخی بازرگانیو بەردەوام نرخی بەنزین ونەوتو غازی لەسەر گران دەبێت.
٢,٠٠٠
ژمارەی نزیکەیی ئەو پڕۆژە جۆراو جۆرانەیە کە زیاتر لە پێنج ساڵە وەستاونو حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی نییە بۆ بەگەڕەخستنەوەیان!
٤٦,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠
چلو شەش ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە گەڕاوەتەوە صندوقی قەرزی پڕۆژەی بچوک بۆ گەنجانو حکومەت دەستی بەسەردا گرتووەو پێدانی قەرزی بۆ پڕۆژەی بچوکی بە گەنجان ڕاگرتووە، لە کاتێکدا ئەم پارەیە خۆی تەرخانکرابوو بۆ ئەم بوارە کە هەموو پارەکە بریتی بوو لە نزیکەی (٧٦ ملیار دینار) کە تا ئێستا نزیکەی (٤٦) ملیار دیناری گەڕاوەتەوە.
١٠٠,٠٠٠
بڕی ئەو پارەیەیە بەدینار، کە حکومەت بە ستەمو لە دەرەوەی یاسا نایداتە ئەو کەمئەندامانەی کە لە ئێستەدا مووچەیان هەیەو ڕێژەی کەمئەندامیەکەیان لە ١٠٠%، بە پێی یاسا ئەبێت مووچەی کەمئەندامان بە پێی ڕێژەبێت، ئەو کەمئەندامانەی کە ڕیژەی کەمئەندامیان دەگاتە لە١٠٠% ئەوە مووچەکەیان ببێتە (٢٥٠ هەزار) دینار، بەڵام حکومەت هەر (١٥٠ هەزار) دیناریان پێ دەدات.
١٠,٠٠٠
ژمارەی نزیکەیی ئەو دایکانەیە کە بە پێی یاسا پێویستە حکومەت مانگانە (١٤٣ هەزار دینار)یان پێ بدات، وەک مووچەی مۆڵەتی بەخێوکار، ئەم مافە مافێکی یاساییەو یاساکەش لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەم مافەی داوە، بەڵام حکومەت بە ستەم جێبەجێی ناکات.
١٣
ژمارەی ئەو وەجبانەیە کە بە پێی یاسا مافیانە مووچەی زیندانی سیاسی وەرگرن، بەڵام زیاتر لە دە ساڵە چاوەڕێنو حکومەت مووچەکانیان بۆ خەرج ناکات، لەکاتێکدا مافێکی یاساییە.
٨٠٠,٠٠٠
هەشت سەد هەزار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت سزای هاووڵاتیانی هەژاری پێداوە بەبێ یاسا لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی پێوەرەکەیان نەبەستووە زۆرینەیان لەو شارانەن کە ئاویان وەک پێویست نیەو خەڵک بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە نەیبەستووە، ئەمە بێجگە لە خراپی پێوەرەکانو خراپی کاری کۆمپانیاکانو کێشەو گرفتەکانی تر، ئەو سزایە هێنرابوویە ناو پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو، بەڵام لە پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە، کەچی حکومەت بەبێ یاسا بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیان!
٧
ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی بۆ هیچ بوارێکی ژیان بۆ هاووڵاتیان نەهێشتووە، نە سولفەی عەقار، نە سولفەی هاوسەرگیریی، نە سولفەی کشتو کاڵی، نە سولفەی ... حکومەت بۆ هیچ کارو پڕۆژەو بوارێکی ژیان هیچ هاوکارییەکی هاووڵاتیان ناکات تەنانەت بە قەرزیش!
هەرگیز کۆچی هاووڵاتیانو گەنجانم پێ خۆش نییە، بە چارەسەری نازانمو پێم وایە چارەسەر لێرەیەو ئەبێت هەموو چاکەکاران پێکەوە کار بکەین بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی، بەڵام ئەم ژمارانەی سەرەوە کە زۆرینەیان زوڵمو ستەمی ئاشکرای حکومەتن لە هاووڵاتیانو کەمئەندامانو هەژارەکانو مووچەخۆران، پێمان دەڵێن، دۆخی حکومەتو بەڕێوەبردنی وڵات چۆنە، و هۆکار چییە خەڵک کۆچ دەکات؟ ئەگەر دەسەڵاتیش بیەوێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەر هەڵگرێت و سنورێک بۆ کۆچ دابنێت، نابێت خەریکی داتاشینی تۆمەت بێت بۆ ئەم و ئەوو لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خۆی، نابێت بەدوای داخستنی دەرگای وەرگرتنی ڤیزەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوەبێت، بەڵکو یەکەمجار پێویستە دان بنێت بە هەڵە کوشندەکاندا و بزانێت بەردەوامی بەڕێوەبردنی بەمجۆرەی پڕ لە گەندەڵی و ستەم، کوردستان بەرەو ماڵوێرانی زیاتر دەبات.