وێنەیەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دادەپۆشێت
2018-05-23 09:41:55
( درەو میدیا):
سەردانی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەوی نوێ بۆ بەغداد و بەریز وەستانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر و سەركردەكانی دیكە، كاردانەوەی لە شەقامی كوردیدا لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتیش وێنەی شان ماچكردن و نوشتانەوە بۆ موقتەدا سەدر لەلایەن ( خەسرەو گۆران ) سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك بە كڕوزانەوەی سیاسی و هەندێك دەڵێن خۆ نەچەمێنن، ناوی دەنێن.
رێبوار سیوەیلی نوسەر و روناكبیر لە نوسینێكدا بەناوی ( دەك داڕزێی بۆخۆت و چەمانەوەت!) بە چەند خاڵێك وێنای خۆی بۆ ئەو وێنەیە دەكات و دەنوسێت:.
1. شەرمەزارییش بۆ ئەوەی پاساوت بۆ دەهێنێتەوە و ئەوەش كە پشتگیریت دەكات و ئەوەش كە لێت خۆش دەبێت..
2. هیچ شتێك هێندەی ئەم دیمەنە دزێوانەی كورد ئەو زوڵمە بەدەروونیبووەم بیر ناخاتەوە كە كەسایەتیی كوردی كردوەتە زەلیلی جەللادەكانی, كە ئەوەش لە ناهشیاریی و نەبوونی یادوەرییەوە هاتووە.
3. سیاسیی ئێمە تا ئێستا ماچی جەژنە پیرۆزە و تەوقەی دیپلۆماسی لێكجیاناكاتەوە. تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی ئێمە لە بەرامبەر عەبادی دانانیشێت و لە تەنیشتییەوە هەردوو قاچی جووت دەكات و وەك قوتابی عاقڵ دادەنیشێت.
4. خاوەن بیردۆزەكەی پارتییش : (مەنتیقی هێز و هێزی مەنتیق) هەر وایكرد و گوت؛ یا نەجمەتولحەدەس! ئەعتەز و بیعێراقییەتی!
5. ئەم وێنەیە و ئەو گوتەیەی (میرانی)، هەمان هەستی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە: ئێمە لە ئاستی فەخامەتی ئێوەدا خۆمان بە نیوە مرۆڤ و نیوە پیاو و خەسیو دەزانین.
6. گەلۆ، پیاوی خەسیو وڵاتی پێ بەڕێوەناچێت و ناشبێتە نوێنەری كێشە نەتەوایەتییەكانت.
د. كەمال سەید قادریش لە نوسینێكی تەنز ئامێزدا دەنوسێت: دەخیلتم سەماحەتی سەدر بیكە خاتری جەدت، دەخیلەك ئێمە كردمان تۆ نەیكەی لە ژێر عەباكەت قەبوڵمانكەوە .... خوارد ڕیفراندۆم كابوس بو دوژمنانی ئیسلام و عێراق پێ یان كردین، كە گەڕامەوەش دەكەومە گیانی ئەم كوردانەی دژ بە عێراقی یەكگرتون ... خاتر اللە یا سید انی كردی لایعرف.
هونەرمەند خالید رەشید لە نوسینێكی كورتدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی نبەناوی ( ماف نادرێت بەلكو دەسەندرێت) نوسیویەتی ( گەر بۆ سەركردەیەكی كورد یا باوك و دایكی شەهیدیك یا هەر تاكیكی دلسۆزی كورد وا بكەن كەس هەققی نیە رەخنە بگریت . كورد گەر بە كۆیلە نەكرابێت گەر دەستكاری مێشكی نەكرابیت گەرسەروەری و غروری كوردبوون و مرۆڤ بونی لی نەسەندرابیت چۆن دەتوانیت بەم جۆرە بۆ بێگانەیەك ئاوا خۆی و دەنگدەرانی بسوتینیت ،ئاخر سبەی چۆن دەتوانیت سەر بەرزكەیتەوە؟ گەر ئەمیش ستەمی لی كردیت بەرامبەری رابوەستیت ؟ بۆ تەشكیلكردنی حكومەت چون یا بۆ زیارەتی خدری زیندە؟ برام ئەویش وەكوو ئیوە خەریكی سیاسەتە و سەرۆكی لیستێكە و خۆی هەلبژاردووە ).
دەوترێت كورد بەوە ناسراوە هەمیشە لە ئاستی بێگانەدا خۆی دەچەمێنێتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا لوتبەرز، ئێستا ناو ماڵێكی كورد لەو پەڕی لێكترازاوی و پەرش و بڵاویدایە، لایەنەكان ئامادەنین ناو ماڵی خۆیان رێكبخەنەوە و سەردانی بارەگاكانی یەكدی بكەن، بەڵام ئامادەن 400 كم ببڕن و بچنە بەغداد بۆ ئەوەی سەردانی ماڵی سەدر و حەكیم و عەلاوی و مالكی و عەبادی و عامری بكەن.