كۆبوونەوەی مەکگۆرک و سەركردەی چوار لایەنەكان كۆتایی هات
2018-05-22 13:39:16
( درەو میدیا):
كۆبوونەوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی , عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كۆتایی هات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" سەركردەی هەر چوار لایەنەكە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە مەكگۆرك گەیاندووە.
لایخۆشیەوە مەكگۆرك هانی هەر چوار لایەنەكەی داوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بەغدا نەكەن و چەند پێشنیارێكی دەربارەی چوون بۆ بەغدا و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی تر خستوەتەڕوو بۆئەوەی كورسییەك یان دوو كورسی لە پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقدا بەدەستبهێنن.
سەركردەی چوار لایەنەكە پێشنیازەكانی مەكگۆرکیان وەرگرتووە و بەڵێنیانداوە لەناو سەرکردایەتی حزبەكانیان گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامێكی هاوبەش بدەنەوە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئایار برێت مەكگۆرك كە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق چڕكردوەتەوە بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی و لە دەستپێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیدا كۆبووە و دواتر سەردانی بەرهەم ساڵحی كرد و پاشان لەگەڵ سەركردەی چوار لایەنە ناڕەزاییەكە لە كۆبووەوە.