شەش حزبەكە نامەیەك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن
2018-05-22 11:26:01
(درەو میدیا):
ئەو شەش لایەنە سیاسییەی هەرێمی كوردستان كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار نامەیەكی كراوەیان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان كرد.
ئەو شەش لایەنە كە پێكهاتوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، لەبەر رۆشنایی نیگەرانییەكانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شارەكانی هەرێمی كوردستان پێنج داواكارییان خستوەتە بەردەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان و داوا دەكەن ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی بێت.
داواكارییەكانی شەش لایەنەكە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان:
1- تۆماری دەنگدەران بەو شێوەیەی كە ڕاتانگەیاند بوو بۆ خەڵكی كوردستان، بژار بكرێت لەو هەڵە و كەموكوڕیانەی كە لە میدیاكانەوە باس دەكرێت وەك بوونی ناوی (دوبارە، مردوو، ئاوارە، نایاسایی و...هتد).
2- بەهیچ شێوەیەك كار بە سكانەر و سندوقی زیرەك (ئەلیكترۆنی) نەكرێت بۆ هەژماركردنی دەنگەكان لە هەڵبژاردنەكان، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 خراپترین هەڵبژاردنی مێژووی نوێی عێراق و كوردستان بوو. وە ئێمە هیچ پاساوێك بۆ ئەو بابەتە نابینین و دژی دەوەستینەوە. چونكە پێمان وایە ئەم بابەتە:
ا/ ڕێگایەكی مەترسیدارە بۆ ساختەكاری و دەیان ئەگەری هەیە و ناتونرێت ڕێگای لێبگیرێت.
ب/ لە كوردستان هیچ ژێرخانێكی تەكنەلۆجی و مرۆیی نیە بۆ ئەم بابەتە.
ج/هەژموونی حیزبی هەیە بەسەر هەموو داموودەزگا یاسایی و ئەمنیەكانەوە.
د/ بەهەدەردانی كات و سامانی گشتیە بۆ كارێكی شكستخواردوو.
ه/ ئەزموونێكی زۆر تاڵمان تۆمار كردوە لەگەڵ تەكنەلۆجیا و هەڵبژاردن.
و/ زۆرینەی وڵاتە پێشكەوتووەكان خۆیان بەدوور دەگرن لەم بابەتە.
3- لە ساڵانی ڕابردوودا ئەگەرچی سكاڵا هەبووە لەسەر ڕێگای تەقلیدی و هەژماری دەستی، بەڵام پرۆسەكە زۆر باشتر بووە لە هەژماری ئەلەكترۆنی. بۆیە دەبێت كۆمسیۆن هەستێت بەدیاریكردنی ئەو خاڵە لاواز و دەروازانەی لە ڕابردوودا بوونەتە مایەی ساختەكاری لەكاتی هەژماری دەستی پرۆسەكە. پاشتریش بە دەركردنی پەیڕەو و ڕێكاری پێویست ڕێگری بكات لەو هەوڵانە و بنبڕی بكات.
4- كۆمسیۆن هەموو هەنگاوەكانی بەشەفافی ئەنجام بدات و پارتە سیاسیەكان و جەماوەر بەگشتی ئاشنا بكات بەكارەكانی و ڕاوێژ بەهاوبەشەكانی بكات، بۆ ئەوەی پردی متمانە بونیاد بنێینەوە و جەماوەر ئاشت بكرێتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا بایكۆتی هەڵبژاردنەكان نەكەن لە داهاتوودا.
5- كۆبونەوەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمسیۆن و ئەو شەش حزبەی كە واژویان كردوە بكرێت پێش دەستكردن بە ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.