Draw Media

دەنگی پارتی لە زۆنی سەوز 42% كەمیكردووە

دەنگی پارتی لە زۆنی سەوز 42% كەمیكردووە

2021-10-12 18:11:23


راپۆرت: درەو
تەنانەت پارتییەكانیش لە سلێمانی (بایكۆت)یان كردووە، بەراوردكاری رێژەی دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە لەگەڵ دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 2018 بەڕێوەچوو، دەریدەخات رێژەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز بەرێژەی 42% كەمیكردووە، ئەم ئەنجامانە پێچەوانەی خەونی سەركردەكانی پارتییە بۆ كۆنترۆڵكردنی سلێمانی، تەنیا لەم هەڵبژاردنەكانی ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز (28 هەزارو 599) دەنگ كەمی كردووە،  وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

سنوری سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجە
سنوری ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی، هەردوو پارێزگای هەڵەبجە‌و سلێمانی دەگرێتەوە بەبێ (ئیدارەی راپەڕین)، لەم سنورەدا پارتی (34 هەزار) موچەخۆری حزبی‌و حكومی هەیە.
•    لە بازنەی (1)ی باكوری سلێمانی كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (4)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (یادگار مەحمود) كە سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە بە (6 هەزارو 69) دەنگ سەركەوت، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا رێژەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (14 هەزارو 616) دەنگ بووە، واتا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا (8 هەزارو 547) دەنگ كەمیكردووە، واتا (58%) كەمیكردووە.
•    لە بازنەی (2)ی باشوری سلێمانی كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (21)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (شنۆ نوری) كە سەرنەكەت بۆ پەرلەمان، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (7 هەزارو 238) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە سنوری ئەم بازنەیە (13 هەزارو 750) دەنگ بووە، واتا پارتی لەم بازنەیە (6 هەزارو 512) دەنگ كەمیكردووە، واتا (47%) كەمیكردووە.
•    لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (12)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو كە (ئەشواق جاف) بوو، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (8 هەزارو 275) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لەم بازنەیە (13 هەزارو 815) دەنگ بووە، واتا پارتی (5 هەزارو 540) دەنگ لەم بازنەیە كەمیكردووە، واتا (40%) كەمیكردووە. پاشەكشێی دەنگەكانی پارتی لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم بازنەیە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنی زارەكیدا، دەنگیان بە كاندیدەكەی پارتی داوە. 
•    لە بازنەی (4)ی راپەڕین، كە بەرپرسیارێتییەكەی بە لقی (11)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (ناسكە عەبدوڵا)، كە سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە (11 هەزارو 742) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ژمارەی دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (16 هەزارو 676) دەنگ بووە، واتا دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیە (4 هەزارو 934) دەنگ كەمیكردووە، واتا (27%) كەمیكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە هاوشێوەی بازنەكەی هەڵەبجە، لەم بازنەیەش لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی سۆسیالیست لەچوارچێوەی رێككەوتندا لەگەڵ پارتی، دەنگیان بۆ كاندیدەكەی پارتی داوە. 
 
سنوری سەركردایەتی كەركوك- گەرمیان 
لە بازنەی (5)ی گەرمیان كە بەرپرسیارێتییەكەی بە هەردوو لقی (چەمچەماڵ)‌و (گەرمیان)ی پارتی سپێردراوە، پارتی یەك كاندیدی هەبوو بەناوی (شوان محەمەد) كە سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدە سەركەوتووەكەی پارتی لەم بازنەیە (6 هەزارو 335) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا پارتی لەم بازنەیە (9 هەزارو 701) دەنگی هەبووە، واتا لەم هەڵبژاردندا پارتی لەم زۆنە (3 هەزارو 366) دەنگ كەمیكردووە، واتا (35%)ی دەنگەكانی كەمیكردووە.

تەنانەت پارتیەكانیش بایكۆتیان كرد!
ئەنجامی دەنگەكانی پارتی لە سنوری زۆنی سەوز نیشانی دەدات، لەم زۆنە كە زۆرترین رێژەی بایكۆت هەبووە، تەنانەت پارتییەكانیش بایكۆتیان كردووە. 
كۆی گشتی دەنگی پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە سنوری زۆنی سەوز (39 هەزارو 659) دەنگ بوو، ئەمە لەكاتێكدایە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 2018 بەڕێوەچوو، ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز (68 هەزارو 258) دەنگ بوو.
پاشەكشێی دەنگی پارتی لە زۆنی سەوز لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا سێ تەمەنی نوێ مافی دەنگدانیان هەبوو، واتە ژمارەی دەنگدەران زیادی كرد. 
ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەنگەكانی پارتی لە سنوری زۆنی سەوز (28 هەزارو 599) دەنگ بەرێژەی (42%) كەمیكردووە. 
ئەم ئەنجامانە پێچەوانەی خەونی سەركردەكانی پارتییە بۆ كۆنترۆڵكردنی سلێمانی، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشێی گەورەی كردووە‌و یەكێتی دەستەویەخەیە لەگەڵ قەیرانێكی ناوخۆیی گەورەدا. 

پارتی‌و پاشەكشێی بەردەوام لە زۆنی سەوز !
سەرباری ئەوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی بانگەشەی بەهێزبوونی پێگەی جەماوەریی پارتی دەكرێت لە سنوری زۆنی سەوز‌و ماوە لەدوای ماوە روخسارە دیارەكانی ئەم سنورە پەیوەندی بە ریزەكانی پارتییەوە دەكەن‌و پارتی هەوڵی ئەوە دەدات جێ پێی خۆی لەم سنورە قایم بكات، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان نیشانی دەدات پارتی لەم زۆنە تەنیا خەرجییەكانی زیادی كردووە نەك پێگە جەماوەرییەكەی. 
لیستی دەنگەكانی پارتی لە زۆنی سەوز لە 1992ەوە بۆ 2021
•     دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 1992ی پەرلەمانی كوردستان: (92 هەزارو 449) دەنگ 
•    دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 2005 لە پارێزگای سلێمانی: (91 هەزارو 578) دەنگ 
•    دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 2010 لە پارێزگای سلێمانی (82 هەزارو 121) دەنگ
•    دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 2014 لە سلێمانی: (86 هەزارو 655) دەنگ 
•    دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: (68 هەزارو 258) دەنگ
•    دەنگەكانی  پارتی لە هەڵبژاردنی 2021 لە پارێزگای سلێمانی: (39 هەزارو 659) دەنگ
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand