كۆمەڵی دادگەریی تاوتوێی شكستەكەی دەكات
2021-10-12 13:14:10
(درەو):
هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان، پاشەكشێی پێگەی كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ناڕەزایەتی لەناو رێكخستنەكانی كۆمەڵ دروستكردووەو داوای سازدانو ئەنجامدانی كۆنفرانس دەكرێت.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئێستا لە شاری هەولێر لە كۆبونەوەدایە، فشارێكی زۆر لەسەر سەركردەكانی كۆمەڵ هەیە لەلایەن كادیرەكانیەوە، داوای سازدانی كۆنفرانسو سزادانی ئەو بەرپرسانەی حزب دەكەن كە هۆكار بوون بۆ پاشەكشێی دەنگی كۆمەڵ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا دەنگو كورسییەكانی پاشەكێی كرد، ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق لە دوو كورسییەوە بۆ كورسییەك دابەزی.
محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆمەڵە، دوای ئەو پاشەكشێی حزبەكەی لە هەڵبژاردن، داوای لێبوردنی لە دەنگدەرانی كۆمەڵ كرد، بەڵام ئەمە دڵی كادیرەكانی كۆمەڵی ئاو نەداوەو داوای سزادان دەكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو كۆمەڵی دادگەریدا، ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكرێت وەكو هۆكاری پاشەكشێی پێگەی كۆمەڵ لەم هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا لەوانە:
• كۆمەڵ رێگایەكی هەڵەی هەڵبژاردووە كە بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی رێككەوتنی نەكردووەو بە غرورەوە مامەڵەی لەگەڵ یەكگرتوو كردووە، بەوهۆیەوە كورسییەكی گرەنتیكراوی بازنەی (3)ی هەڵەبجەی لەدەستداوە.
• ئەحمەد حاجی رەشید ئەگەر لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكردایە، چانسی گەورەی هەبووە جارێكی تر بۆ پەرلەمانی عێراق سەربكەوێتەوە، بەڵام سەرچڵی كردووەو لە هەڵەبجە كەوتوەتە ركابەرێتی لەگەڵ موسەنا ئەمینو بەمەش كورسییەكەی لەدەستداوەو زیانی بە كۆمەڵ گەیاندووە.
• ژوری هەڵبژاردنی كۆمەڵ سەركەوتوو نەبووە لە تێگەیشتن لە سیستمی نوێی هەڵبژاردنو لەئاستی بەرپرسیارێتییەكەدا نەبووە.
• لێكتێگەیشتنی كۆمەڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بە زیان بۆ كۆمەڵ شكاوەتەوە، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە كۆمەڵ لە ژمارەیەكی زۆر بازنەی هەڵبژاردن كاندیدی دانەناوەو لەبەرامبەر ئەمەدا هیچی دەست نەكەوتووە، بۆ نمونە لە بازنەی (5)ی گەرمیان كۆمەڵ خاوەنی زیاتر لە (9) هەزار دەنگ بووە، بەڵام كاندیدی نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە گەرمیان كاندیدی لایەنەكانی تر لە گەرمیان بە (5 هەزار) دەنگ سەركەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق.
• قسەكانی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی دژی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەزیان لەسەر دەنگەكانی كۆمەڵ شكاوەتەوە.
• هەندێك لە كاندیدەكانی كۆمەڵ گلەییان لەسەر ئەو بازنانە هەیە كە تێیدا كاندیدكراون، مرواری محەمەد كە خەڵكی سنوری راپەڕینە، لە بازنەی (2)ی باشوری سلێمانی دانراوە.
• هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كۆمەڵ لە ئاستی پێویستدا نەبووە.
كۆمەڵی دادگەریی كە لە بنەڕەتەوە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی بوو، 31ی ئایاری 2001 داوای جیابونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی دامەزراوە، لەدوای دامەزراندنیەوە تا ئێستا یەك سەرۆكی هەیە كە (عەلی باپیر)ە.
شوباتی ئەمساڵ كۆمەڵ كۆنگرەی (چوارەم)ی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا ناوی خۆی لە كۆمەڵی ئیسلامییەوە گۆڕی بۆ "كۆمەڵی دادگەریی كوردستان" واتە پاشگری ئیسلامی لەخۆی كردەوە، سەرباری ئەمە هەر لەم كۆنگرەیەدا ناوی كەسی یەكەمی حزب لە "ئەمیر"ەوە گۆڕدرا بۆ "سەرۆك".
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوە بوو لەبەردەم دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵدا، بەڵام بەزیان شكایەوەو كۆمەڵ بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە كە بەردەوام دەنگەكانی گەشەی دەكرد، تا ئەو رادەیەی كە پێش یەكگرتووی ئیسلامی كەوت، لەم هەڵبژاردنەدا پاشەكشێیەكی گەورەی كرد.