گەورەترین كوتلە ... تەگەرە گەورەكەی بەردەم پێكهێنانی حكومەت
2021-10-12 12:29:41
درەو:
بە پێی بریاری دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی پێدەستپێردریت، دەبێت لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێدا وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە رووی ژمارەی كورسیەكانیەوە خۆی رابگەیەنێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات, ئەنجامە بەراییەكانی راگەیەندرا و ئێستا ئیتر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ململانێی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمان كە هەنگاوی یەكەمی پێكهێنانی حكومەتە دەستپێدەكات, چونكە بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
قۆناغەكانی پێكهێنانی حكومەت
بە گوێرەی دەستوری عێراق دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی نوێی نوێنەران بە داوای سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوەو لە یەكەمین دانیشتنیدا سەرۆكێكو دوو جێگر هەڵدەبژێرێت.
دوای ئەو هەنگاوە ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی مادەی 70ی دەستور سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێتو ئەوەش لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدی گەورەترین كوتلەی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
گەورەترین كوتلە كامەیە؟
لە خولەكانی پێشووتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا راگەیاندن و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان مشتومڕ و ململانێی زۆری لێكەوتوەتەوە.
لە ساڵی 2010 لیستەكەی ئەیاد عەلاوی بووە یەكەمی هەڵبژاردن و لە هەموو لیستەكانی تر كورسی زیاتری هێنا, بەڵام نوری مالیكی بە پێكهێنانی حكومەت راسپێدرا.
بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی براو دادگاش بەكۆی دەنگ ئەو پرسەی بەمشێوەیە یەكلاكردەوەو دەڵێت گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیەیە كە پێش هەڵبژاردن پێكهێنراوەو زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە یان ئەو كوتلەیە كە چەند لیستێك بەجیا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووەو دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبنە یەك كوتلەو یەك قەوارەو سەرۆك كۆماریش بەگوێرەی مادەی 76ی دەستور كاندیدی ئەو كوتلەیە رادەسپێرێت كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە.
شیعەكان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلە
لەدوای ساڵی 2003ەوە وەك نەریتێك پۆستی سەرۆك كۆمار دەدرێت بە كوردو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەدرێت بە پێكهاتەی سوننەو پۆستی سەرۆك وەزیرانیش دەدرێت بە شیعەكان.
لە خولەكانی سەرەتای ئەنجومەنی نویًَنەرانی عێراق شیعەكان بەیەك هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردن دەبوون و زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستدەهێناو پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان ئاسان بوو, بەڵام لە خولەكانی دواتردا ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد شیعەكان بە چەند لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن, ئەوەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلەو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵۆزكرد كە چەندین جار عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان قسەی یەكلاكەرەوەی هەبووەو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی یەكلاكردوەتەوە.
ساڵی 2014 دوو كوتلەی جیاوازی شیعە بە رابەرایەتی حەیدەر عەبادی لەلایەك و هادی عامریی لەلایەكی تر كەوتنە ململانێیەكی توند بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و هەردوولاش ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە گەورەترین كوتلەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێكهێناوەو دواتر هەردوولا رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كە ئەویش عادل عەبدلمەهدی بوو, ئەویش دواتر بە فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەكاركێشایەوەو حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی پێكهێنراو بڕیاردرا هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت و ئێستا هەڵبژاردنەكە كراوەو لە داهاتوویەكی نزیكدا پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات.
سەدر یان مالیكی؟
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق راگەیەندرا, كوتلەی سەدری پلەی یەكەمی هێناوەو زیاتر لە 75 كورسی بەدەستهێناوەو دوای ئەویش لیستەكانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و تەقەدومی محەمەد حەلبوسی دێت كە یەكی 37 كورسییان بەدەستهێناوەو دوای ئەوانیش پارتی دیموكراتی كوردستان دێت كە 32 كورسی بەدەستهێناوە.
سەدر هەر لەسەرتای بانگەشەوە جەختدەكاتەوە كە ئەم خولەی سەرۆك وەزیرانێكی سەدری عێراق بەڕێوەدەبات و لە پێش هەڵبژاردن دانوستانی لەگەڵ لایەنەكاندا كردوەو ئێستاش دەیەوێت بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی تەقەدوم و چەند لیستێكی بچوك بگاتە رێككەوتن.
لەبەرامبەر سەدردا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردندا نەیشاردوەتەوە كە هەوڵدەدات پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبهێنێت و بۆئەوەش چاوی لە كوتلەكانی سوننەو فراكسیۆنە كوردستانییەكانە.
بەوتەی سەرچاوەیەك لە دەوڵەتی یاسا ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە سەرقاڵی ئامادەكردنی وەرەقەیەكی دانوستانە بۆئەوەی لەگەڵ سوننەو كورد بگاتە رێككەوتن و گەورەترین كوتلە پێكبهێنێت.
لە رۆژانی داهاتووا ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو كوردو پۆستی سەرۆك وەزیران لەناو شیعەكان و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەناو سوننەكاندا زیاتر توند دەبێتەوەو لەكۆتاییدا رەنگە هەژمونی وڵاتانی جیهانیو ئیقلیمی یارمەتیدەر بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانەو نەهێشتنی ململانێكان.