"دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن و كشانەوه لە حكومەت"
2021-10-12 10:11:46
درەو:
لە دوای شكستەكەیان لە هەڵبژاردنەكەی 10/10، بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ لەسەر دوو كشانەوە لە حكومەت و حكومەتی خۆجێی و، دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەو رێكخەری گشتی دەكرێت و سپاردنی گۆڕان بە دەستەیەكی كاربەڕێكەر.
لەدوای شكستەكەیان لە هەڵبژاردنەكانە پەرلەمانیەكەی 10/10/2021ی عێراق كە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ كورسیەك بەدەستبهێنێت، لە ئێستادا سەركردایەتی ئەو حزبە لەژێر فشارێكی توندی لایەنگرانیایەتی بۆ گۆڕانكاری بنەڕەتی.
ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر هۆكاری شكستەكەیان كرد لە هەڵبژاردنەكاندا.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) باس لە هۆكارە سەرەكیەكانی شكستەكیەان كرد لە هەڵبژاردنداو چەندین هۆكار خرایە روو، گفتوگۆكراوە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت و حكومەتە خۆجێییەكان،
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوو خاڵ خراوەتە بەردەم خانەی راپەڕاندن:
یەكەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی كەلە 14/9ەوە وادەكەیان بەسەرچووە، ئەركەكان بسپێردرێت بە دەستەیەكی كاربەڕێكەر.
جەماوەری گۆڕان پێیان وایە بەشی گەورە شكستەكانی حزبەكەیان سەركردایەتی حزبەكە بووە كە نەیتوانیوە بزوتنەوە جەماوەریەكە بە دروستی ئاراستە بكات.
دووەم: كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیی كە جەماوەری گۆڕان پێی وایە پشكی شێری شكستەكەیان بەشداریكردنی گۆڕان بوو لە حكومەت و وەرگرتنی پۆستە بێ شومارەكانی گۆڕان لە حكومەت و حكومەتە خۆجێیەكانە كە نەك دەنگی بۆ گڕان زیاد نەكردووە بەڵكو گۆڕانی توشی شكستكردووە.
بەڵام تا گۆڕان دڵنیا نیە لەوەی تەواوی خاوەن پۆستەكانی پەیوەست دەبن بە بڕیارەكەوە یان نا كە ئێستا گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری دارایی و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوەی لەلایە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و دەیان پۆستی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و پۆستی باڵا.
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكراو راسپاردەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی دەكرێت كە بڕیارە سبەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە بڕیار بدات.
بزوتنەوەی گۆڕان لە 2014 دا زیاتر لە (472 هەزار) دەنگی بەدەستهێناو (9) كورسی مسۆگەر كرد.
لە هەڵبژاردنی 2018دا بزوتنەوەی گۆڕان (199 هەزار) دەنگ و (5) كورسی بەدەستهێنا
لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 بزوتنەوەی گۆڕان (18 هەزار) دەنگ و هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا.