یەكێتی دەیەوێت قەرەبووی گۆڕان بكاتەوە
2021-10-10 21:39:05
(درەو):
بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری شكستێكی مێژوویی بووەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ یەكێتی نەیتوانی گرەنتی سەرخستنی هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق بكات، لەناو یەكێتی قسەوباس هەیە لەبارەی چۆنیەتی قەرەبوكردنەوەی شكستەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئایا گۆڕان بە قەرەبوو قایل دەبێت یان جارێكی تر تێهەڵدەچێتەوە ؟
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شۆكێكی مێژوویی بوو.
ئەم بزوتنەوەیە كە لەدوای كۆچی دوایی دامەزرێنەرەكەیەوە (نەوشیروان مستەفا) وردە وردە دەنگەكانی پاشەكشێی كرد، لەم هەڵبژاردنەدا بەتەواوەتی پێگەی جەماوەریی خۆی لەدەستدا.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراقەوە (9) كورسییەوە بۆ (5) كورسی دابەزی، لەم هەڵبژاردنەدا ئەو (5) كورسییەشی لەدەستدا.
بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بەشداری كرد، ئەم هاوپەیمانێتییە نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بۆ گۆڕان مسۆگەر بكات.
ئەنجامە خراپەكانی دەنگدانی ئەمڕۆ، ناڕەزایەتی لەناو لایەنگرانی گۆڕان دروستكردووە، یەكێتی دركی بە توڕەیی گەورەی گۆڕان كردووەو بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو یەكێتیدا قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی یەكێتی قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بۆ گۆڕان بكاتەوەو لە پشكی خۆی چەند كورسییەكی پەرلەمانی نوێی عێراق بۆ بزوتنەوەی گۆڕان چۆڵ بكات.
یەكێتی چاوی لەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان یەكبگرێتەوە، هەرجۆرە مامەڵەیەك لەبارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقەوە پابەند دەبێت بە ئاستی هاتنەپێشەوە گۆڕان بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی.
چیرۆكی گۆڕانو یەكێتی
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی كۆچكردووە نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2009دا دروستكرا، نەوشیروان مستەفا كاتێك لە یەكێتی جیابووەوە، جێگری سكرتێری گشتی ئەوكات (جەلال تاڵەبانی) بوو، دوای جیابونەوە لە یەكێتی، نەوشیروان مستەفا چوار هەڵبژاردنی لەسەر یەكی (دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان)ی لە جەلال تاڵەبانی بردەوە، بەڵام لە ساڵی 2014وە كە بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی بە ئەركی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی هێناو چووە ناو كابینەی حكومەتەوە، وردە وردە پێگەی جەماوەری لاواز بوو.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەردەمێكدا كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، دوو رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، رێككەوتنی یەكەم بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو كە رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2014 ئیمزا كرا، ئەم رێككەوتنە وادە یاساییەكەی بەسەرچووە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان گلەیی هەیەو دەڵێ یەكێتی پابەند نەبووە بە كرۆكی رێككەوتنەكەو هەموو پۆستەكانی سنوری سلێمانی بەپێی رێككەوتنەكە رادەستی گۆڕان نەكردووە، هەر لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا گۆڕانو یەكێتی رێككەوتنێكی تریان ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنێكی سیاسی بوو كە ناوی لێنرا "رێككەوتنی دەباشان"، ئەم رێككەوتنە لە 17ی ئایاری 2016 ئیمزا كرا، بڕیاربوو هەردوو حزب قۆناغ بەقۆناغ تائاستی یەكگرتنەوە هەنگاو بنێن، بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە رێككەوتنەكە بەمردوویی لەدایكبوو، پارتی دانی پێدا نەناو لەناو یەكێتیو گۆڕانیش هەندێك نەیاری هەبوو.
دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبەرایەتی عومەر سەید عەلی بەمدواییە رێككەوتنێكی سیاسی تری لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، ئەمە رێككەوتنی بەشداریكردن بوو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەچوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا كە "هاوپەیمانی كوردستان"ە، ئەم رێككەوتنەش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی گۆڕانەوە لە هەڵبژاردندا، دوچاری كێشە بوەتەوە.
سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر رەخنەیان لە یەكێتی دەگرت بەوەی پابەند نەبووە بە دوو رێككەوتنەوە كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا ئیمزا كراوە، كەچی بەم دۆخەوە رێككەوتنی سێیەمیان لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد، دەقی رێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان گرەنتی سەرخستنی هیچ كاندیدێكی گۆڕانی نەكردووە، بەڵام وەكو دەوترێت بەرپرسانی یەكێتی بەزارەكی بەڵێنی سەرخستنی (4) كاندیدیان پێدابوون.