Draw Media

رێكخراوی (RDO): لیستەكان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ ناكەن 

رێكخراوی (RDO): لیستەكان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ ناكەن 

2021-10-04 07:40:18


درەو: 
"لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا لیستی پارتی (60) بەڵێن و یەكێتی (183) بەڵێن و لیستی گۆڕان (228) بەڵێن و لیستی نەوەی نوێ (50) بەڵێن و كۆمەڵی ئیسلامی (69) بەڵێن و یەكگرتوو (127) بەڵێنیان بەدەنگدەرانیان داوەو لە ماوەی ساڵی رابردووی كاری پەرلەمانیدا پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووەو یەكێتی (8 بەڵێن و نیو)، گۆڕان (6) بەڵێن، نەوەی نوێ (2) بەڵێن، یەكگرتوو ( چوار بەڵێن و نیو)، كۆمەڵی دادگەری ( دوو بەڵێن و نیو)یان جێبەجێكردووە،  ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رێكخراوی (RDO) بۆ لێكۆڵینەوەو گەشەپێدان.

مانگی 2 كۆبونەوە
بەپێی راپۆرتی سێیەمی ڕێكخراوی لیكۆڵینەوەو گەشەپێدان (RDO)كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆی نا حكومییەو لە ساڵی 2011 دامەزراوەو، لە ماوەی ساڵی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2020 ــ 30/9/2021) پەرلەمانی كوردستان تەنیا (9) كۆبوونەوەی كردووە، لەماوەی ئەو ساڵەدا  پەرلەمانی كوردستان (11) یاسای دەركردوو.
 لەڕۆژی هەڵبژاردنیەوە (30/9/2018) تاوەكو (30/9/2021) كە دەكاتە سێ ساڵ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (75) كۆبوونەوەی كردووە ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (20) یاساو (29) بڕیاری دەركردووە. 
 
بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێنەكران
  لەماوەی  ساڵی رابردووى پەرلەمان لە ( 30/9/2020 -2021/9/30  ) لیستەكانی هەڵبژاردن كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستاندان كەمرین بەڵێنیان جێبەجێكردووە.
پڕۆژەی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكانی پەرلەمان كوردستان، تایبەتە بە پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، نەوەی نوێ (8) كورسی ــ هەر چەندە كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆییان هەیەو هەندێك لەئەندامانیان بانگەشەی جیابوونەوە لەم فراكسیۆنە دەكەن، لیستی كۆمەڵی دادگەری لە كوردستان (7) كورسی و، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی (5) كورسی. لێرە لە خوارەوە، ڕێژەو ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، دەخەینە ڕوو. دواتر كۆی گشتی ڕادەی جێەجێكردنی بەڵێنەكان لەماوەی هەر سێ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم شەش لیستە دەخەینە ڕوو.

یەكەم: لیستی ژمارە (183) ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان (60) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی   ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا دوو (2) لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە.
بەرنامەی لیستی پارتی لە (10) بەش پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا بریتییە لە (60) بەڵێن، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین تەوەرو سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە.
بەشی یەكەمی بەرنامەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (10) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەشی دووەم (11) بەڵێنی تێدایە، بەشی سێیەمیش (8) بەڵێن، بەشی چوارم (3) بەڵێن، بەشی پێنجەم (4) بەڵێن، بەشی شەشەم (5) بەڵێن، بەشی حەوتەم (5) بەڵێن، بەشی هەشتەم (6) بەڵێن، بەشی نۆییەم (4) بەڵێن و بەشی دەیەم (4) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. كۆی بەڵێنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگدەرانی، بریتییە لە (60) بەڵێنی هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی چوار ساڵی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجیێان بكات.
هەندێك لەم بەڵێنانە بەشێكن لە كاری حكومەت، وەكو دەزانین جیاوازی هەیە لەنێوان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن كە لیستەكان بەدەنگدەری خۆیانی دەدەن، لەگەڵ بەرنامەی كاری حكومەت كە لەلایەن هاوپەیمانی حكومییەوە پێشكەش بەپەرلەمانی كوردستان كراوە. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە:
-    "جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستوورو پێداگیری لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریكردنی سنووری كوردستان و كۆتاییهێنان بەدواخستن و خۆدزینەوە لەجێبەجێكردنی".  
-    "ڕێكخستنی نوێنەرایەتی و پەیوەندییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالی لەچوارچێوەی دەستووردا".
-    "كاركردن بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان بەگشتی و باشتركردنی باروگوزەرانیان. هاوكات هەوڵدان و هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دابینكردنی سەقامگیریی لەناوچەكانیان بەمەبەستی گەڕانەوەیەكی شەرافەتمەندانەو سەربەرزانەو ژیانێكی ئاسوودە". 
ئەم سێ خاڵە نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەی لیستی (183) ی پارتی بەدەنگدەرانی خۆیانیانداوە، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو لەپەرلەمانیش جێبەجێ ناكرێن. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی سێیەمی كاری خۆیاندا، لیستی پارتی تەنیا دوو (2) بەڵێنیان جێبەجێكردووە كە بریتین لەمانەوەی خوارەوە:
1)     (بووژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەگەری و گەشتیاری تا ببنە هاریكاری كەرتی نەوت). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 
2)    (هەموار و كاراكردنی هەموو ئەو یاساو ڕێسایانەی كە بەرهەمی خۆماڵی لە كێبڕكێی دەرەكی و زیانپێكەوتن دەپارێزن). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 

دووەم: لیستی ژمارە (105) ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (8) بەڵێن و نیویان جێبەجێكردووە

یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو كارنامەكە لە (5) بەش پێكهاتووە، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین مادەو سێكتەری جیاواز، بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانییەوە نییە.
بەڵێنەكانی یەكێتی لەپێشەكییەكی (9) خاڵی پێكدێت، ئینجا بەشی یەكەم (17) بەڵێن، بەشی دووەم (9) بەڵێن، بەشی سێیەم (33) بەڵێن، بەشی چوارەم (80) بەڵێن، بەشی پێنجەم (35) بەڵێن، لەخۆ دەگرێت. وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكێتی نیشتیمانی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. بۆ نموونە:
ــ كاركردن بۆ دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان، بەجێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری عێراقی فیدرال.
ــ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان.
ــ دەستپێكردنەوەی بڕیاری پێدانی سولفەی عەقار.
ئەم سێ خاڵە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، دەبینین لیستی یەكێتی لەساڵی سێیەمی كاری پەرلەماندا تەنیا (8) بەڵێن و نیویان جێبەجێكردووە بەم شێوەیەی خوارەوە:
1)    (تێپەڕاندنی كوردستان لە بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵای وڵاتان كە تاكی كوردی گۆڕیوە بۆ بەكارهێنەرێكی بێ بەرهەم، بە: پشتیوانیكردنی هەر پڕۆژەیەكی ئابووری سوودمەند و كارئاسانی بۆیان و هاندانیان، هەروەها چاودێریكردنیان و پەرەپێدانی یاسای وەبەرهێنان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە.
2)    (هاندانی كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵ بەشێوەیەكی زانستی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە.
3)    (گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ بە بازاڕكردنی لەناو كوردستان و هەناردەكردنی ئەو بەرهەمانەی لە پێویستی ناوخۆ زیادن). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە.
4)    (پشتیوانیكردنی هەر پڕۆژەیەكی چاكسازی كە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای چاكسازی جێبەجێكراوە.
5)    (فەراهەمكردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بۆ مووچەخۆران و لەنێویشیاندا خاوەن پێداویستی تایبەت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
6)    (هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی ڕێگرن لە بەردەم پێشكەوتنی كەرتی پیشەسازی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای بەركاركردن و هەمواری (یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (20) ی ساڵی (1998) جێبەجێكراوە.
7)    (هەوڵدانی جددی بۆ بووژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای بەركاركردن و هەمواری (یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (20) ی ساڵی (1998) جێبەجێكراوە.
8)    (گرنگیدانی زیاتر بەو ناوەند و دامەزراوە حكومییانەی تەرخانكراون بۆ پەككەوتووان، بە ساڵاچووان، بێنەوایان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). نیوەی ئەم بەڵێنە كە تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
9)    (كردنەوەی خوولی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بۆ ئامادەكردنیان تا ببنە خاوەن پڕۆژەی تایبەتی خۆیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.

سێیەم: لیستی ژمارە (148) ی بزووتنەوەی گۆڕان.
بزووتنەوەی گۆڕان (228) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (6)  بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە
بەرنامەی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە (4) تەوەر پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا (228) بەڵێن لەخۆ دەگرێت، هەر تەوەرێك دابەش دەبێتە سەر كۆمەڵێك بەش و سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانی كوردستانەوە نییە. لەتەوەری یەكەمدا (33) بەڵێنی هەڵبژاردنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو، لەتەوەری دووەمیشدا (72) بەڵێن هەیەو، لەتەوەری سێیەمیشدا (56) بەڵێن دراوەو لەتەوەری چوارەمیشدا (67) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە كۆی گشتی بەڵێنەكانی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان، دەگاتە (228) بەڵێن، بەزۆرترین بەڵێنی هەڵبژاردنی نێو چوار لیستە سەرەكییەكەی پەرلەمان دادەنرێت.
بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر وەكو بەڵێنەكانی لیستی پارتی و یەكێتی، بەشێكی زۆری ئەم بەڵێنانە، یا پێوەندییان بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە، بەو مانایەی بەڵێن نین بۆ دانانی یاسایەكی پەرلەمانی، یا دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی، بەڵكو بەشێكن لەكاری حكومەت. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە:
-    "پێداگیری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بەدەستوورو بەڵگەنامەو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140) ی دەستووری عێراق".
-    "دامەزراندنی دەستەیەك بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی هەرێم".
-    "لەماوەی یەك مانگدا خاوەندارێتی هەردوو پاڵاوگەی بازییان و كەڵەكە بدرێتەوە بەحكومەتی هەرێم". 
-    "سپاردنی پرسی پەسندكردنی بودجە بەپەرلەمان ...".
ئەم چوار خاڵە، نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و جێبەجێ نەكردنیان، چونكە بەشێكیان پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پرسی بودجەش تا ئێستا دوای دوو ساڵ لەهەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەرچی وەزیری دارایی گۆڕانیشە، بەڵام نەهاتۆتە پەرلەمان. بۆیە بەشێكی زۆر لەو بەڵێنانەی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان لەهەندێك خاڵدا، نزیكن لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بن، چونكە جەخت دەكەنە سەر داڕشتنی یاسای تازە، یا هەمواركردنەوەی هەندێك یاسای پێشتر، ئەوەش بنەمای سەرەكی كاری پەرلەمانییە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی سێیەمدا لیستی گۆڕان تەنیا (6)  بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە كە بریتین لە:

1)    (دانانی پلانێكی نیشتیمانی بۆ زیادكردنی بڕی شمەكی هەناردە و كەمكردنەوەی بڕی شمەكی هاوردە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
2)    پێڕەوكردنی سیاسەتێكی كشتوكاڵی بەپێی نەخشەیەكی گشتی بۆ زیندووكردنەوە و هاندانی كەرتی كشتوكاڵ و بەگەڕخستنی ئەو پلان و ئامێرە هاوچەرخانەی كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كاریان پێدەكرێت). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
3)    (پاراستنی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانی كوردستان و هەوڵدان بۆ نۆژەنكردنەوەیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (5) ی ساڵی (2021) (بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
4)    (پشتیوانیكردنی مادی و مەعنەوی و پەروەردەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
5)    (داڕشتنەوەی یاسا و ڕێنماییەكان سەبارەت بە پەروەردە، هاتووچۆ، كارگێڕی، هونەر و ڕاگەیاندن، بە جۆرێك جێگەی خواستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدا ببێتەوە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
6)    (دامەزراندن و كاراكردنی ڕێكخراو و دامودەزگای تەندروستی و كۆمەڵایەتی و قوتابخانەی تایبەت بۆ پشتیوانی مادی و مەعنەوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.

چوارەم: لیستی ژمارە (134) ی نەوەی نوێ.
نەوەی نوێ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێ كردووە
نەوەی نوێ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی جووڵانەوەی نەوی نوێ، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، هەندێك لەم بەڵێنانە بەحكومەتیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. لەكاتێكدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشداریش نییە لەحكومەت تاوەكو ئیشیان لەسەر بكات، بۆ نموونە:
ــ ڕەخساندنی سەدو پەنجا (150,000) هەزار هەلی كاری نوێ.
ــ دروستكردنی سەد هەزار (100,000) یەكەی نیشتەجێبوون.
ــ دروستكردنی (20) بەنداو لەهەرێمی كوردستان.
ــ دروستكردنی 20 نەخۆشخانەی 200 قەڕەوێڵەیی.
ــ دروستكردنی سێ پاڵاوگەی نوێ لەهەرێمی كوردستان.
ــ دامەزراندنی سێ بانكی ئەهلی گەورە لەهەرێمی كوردستان.
ــ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بۆ 10 ئەوەندە.
ئەم خاڵانەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی نەوەی نوێ دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەگشتی لیستی نەوەی نوێ لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێ كردووە.

1)    (هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگریكردن لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی بەشی پێویستی هاوڵاتیان لەناو هەرێمدا بەرهەدێت بە جۆرێك كارنەكاتە سەر نرخی بەرهەمەكان و بە زیان بۆ هاوڵاتیان نەشكێتەوە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
2)    (چارەسەركردنی ئاوەڕۆی سەرجەم شار و شاۆ‌وچكەكان و تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئەو ناوچانەی تەواو نەكراون). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2021) (پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.

پێنجەم: لیستی ژمارە (194) ی كۆمەڵی دادگەری كوردستان.
كۆمەڵی دادگەری (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێن و نیوی خۆی جێبەجێ كردووە

كۆمەڵی دادگەری بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (7) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: سیاسی (9) بەڵێن، یاسایی (7) بەڵێن، ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، ئایینی (7) بەڵێن، پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، شەفافییەت و دادگەری (11) بەڵێن. 
وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی كۆمەڵی دادگەری، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی خۆی بەئۆپۆزسیۆن دادەنێت و بەشداریش نییە لەحكومەت، بۆ نموونە:
-    ڕێگریكردن لەتاڵانفرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لەدەستی كەس و حزب.
-    پەرەپێدان و پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەكانی وەكو خێزان، میدیا، مزگەوت، قوتابخانەو ڕێكخراوو یانەكانەوە، هەروەها گرنگیدان بەو هۆكارو شێوازانەی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لەچەسپاندن و پەرەپێدانی ئاكارو ڕەوشتی ئیسلامی.
-    كردنەوەی شوێنی تایبەت بەنوێژكردن لەفەرمانگەو شوێنە گشتییەكان.
ئەم سێ خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵی دادگەری دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵ، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بەگشتی كۆمەڵی دادگەری (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی یەك ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تەنیا (2) بەڵێن و نیوی خۆی جێبەجێ كردووە: 
1)    (پەرەپێدانی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ و توانای جووتیار لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراك، بە شێوەیەك لە سەرجەم بەرهەمە سەرەكییە كشتوكاڵییەكان هەرێمی كوردستان بگاتە خوددابینكاری و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێم). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) ی (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
2)    (هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچە كە بە نایاسایی سەپێندراوە بەسەر مووچەخۆراندا و گێڕانەوەی مووچەی پاشەكەوتكراویان). ئەم بەڵێنەش نیوەی جێبەجێكراوە و سیستەمی پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە نەماوە، بەڵام نیوەكەی تر كە تایبەتە بە گێڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، جێبەجێ نەكراوە. 
3)    (تایبەت بە گوزەرانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، یاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت جێبەجێبكرێت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.

شەشەم: لیستی ژمارە (119) ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
كۆمەڵی دادگەری (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێ  كردووە،.
یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (11) تەوەرو (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی داوە. هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: حوكمڕانی ڕەشید (7) بەڵێن، دژایەتیكردنی گەندەڵی (6) بەڵێن، پێگەی هەرێمی كوردستان (9) بەڵێن، گەشەپێدانی ئابووری (37) بەڵێن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان (19) بەڵێن، ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی (8) بەڵێن، ڕۆشنبیری و هونەرو وەرزش (9) بەڵێن، چاودێری كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان (5) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی گەنجان (8) بەڵێن، پاراستنی ژینگە (5) بەڵێن.
بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیش هەر وەكو حزبەكانی تر جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە:
-    دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان لەسەر بنەمای ڕێزو بەرژەوەندی هاوبەش.
-    چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
-    دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورەو بچووك.
-    گەیاندنی گازی سروشتی بەماڵان و شوێنە گشتییەكان.
-    دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی.  
ئەم پێنج خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیمان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، ئەمانە نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتوو، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا یەكگرتوو خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشدار نییە لەحكومەت و ناتوانێت جێبەجێیان بكات. بەشێك لەبەڵێنەكانیش، بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ بكرێن، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین.     
لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كە (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێ  كردووە، كە بریتی بوون لەم بەڵێنانە:

1)    (هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە و گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە تەنیا نیوەی یەكەمی جێبەجێكراوە و سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵگیراوە. نیوەی دووەمی ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەكراوە كە بریتییە لە گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران.
2)    (پاڵپشتی كردنی بەرهەمی خۆماڵی بە جۆرێك توانای كێبڕكێی هەبێت لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و بیانی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) ی (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
3)    (پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گاز و سوود لێوەرگرتنیان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2021) (هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
4)    (باشكردنی بارو گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و دابینكردنی پێدوایستی ژیانیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.
5)    (بەرگریكردن لە مافی توێژە هعەژار و كەمدەستەكانی كۆمەڵگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكات لە دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان  ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە.

هەڵسانگاندنی سێ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان
ــ لەماوەی سێ ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (75) دانیشتنی كردووە.
ــ بەتەواو بوونی سێ ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (20) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم، (11) یاسا لەساڵی سێیەم. 
ــ لەكۆی (20) یاسای پەسندكراودا، سەرۆكی هەرێم (2) یاسای گێڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێنەوە. سێ لەم (20) یاسایە لەلایەن پەرلەمان خۆی هەمواركراوەتەوە و بە یاسایەكی تازە دەرچووە. (1) یاساش بۆ پەسندكردنی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە.
ــ لەماوەی سێ ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (29) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار و ساڵی سێیەمیش (7) بڕیار. بەشی هەرە زۆری ئەم بڕیارانە بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆكی پێشوو، درێژكردنەوەی خوول، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ناوزەدكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و متمانەپێدانی بوون. (1) بڕیاری تایبەت بوو بەدەستنیشانكردنی ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بوو بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق. (1) بڕیاری بۆ متمانەدان بووە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان. (1) بڕیاری بۆ بێبەشكردنی پەرلەمانتارێك بووە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و لێژنەكان. (1) بڕیاری بۆ دیاریكردنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی بووە. (1) بڕیاری بۆ دانانی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بووە. (1)
ــ سەبارەت بە بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا، بەم شێوەیە بوو: پارتی تەنیا (4) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (13) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (8) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ (3) بەڵێنیان جێبەجێكردووە. كۆمەڵی دادگەری تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (5) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە.
 

دەقی راپۆرتەكەی ڕێـكخـراوی لێكۆڵینەوە و گـەشـەپێـدان (RDO)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand