خاڵی هێزو لاوازی كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردن
2021-10-03 12:41:38
راپۆرت: درەو
بەشی پێنجەم
بۆ یەكەمجارە دوای لابردنی پاشگری "ئیسلامیو ئەمیر" خۆی لەبەردەم بنكە جەماوەرییەكەیو دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان تاقیدەكاتەوە، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی كردووەو سودی هەیە، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە كەوتوەتە كێبركێیەكی قورسەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی، ئەمە كۆمەڵی دادگەریی كوردستانە، (درەو) لەم راپۆرتەدا خاڵی هێزو لاوازی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەخاتەڕوو، رۆژانە تاوەكو كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەرجارەو بە راپۆرتێك دۆخی لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.
كۆمەڵی دادگەریی
ئەم حزبە لە بنەڕەتەوە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بوو، دوای جیابونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی لە 31/5/2001 دامەزرا، لەدامەزراندنیەوە تائێستا (عەلی باپیر) سەرۆكایەتی دەكات، واتە ماوەی (20 ساڵ)ە سەرۆكەكەی نەگۆڕدراوە.
شوباتی ئەمساڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆنگرەی (چوارەم)ی خۆی لە سلێمانی بەست، لەم كۆنگرەیەدا وەكو یەكەمین حزبی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان پاشگری "ئیسلامی"ی لەخۆی كردەوەو ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕی بۆ (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان)، سەرباری ئەمە ناوی "ئەمیر"ی لە كەسی یەكەمی حزبەكە كردەوەو لەبری ئەوە ناوی "سەرۆك"ی بۆ دانا.
عەلی باپیر كە سەرلەنوێو بەبێ ركابەر وەكو كەسی یەكەمی كۆمەڵی دادگەریی هەڵبژێردرایەوە، لەبارەی گۆڕانكارییەكانو لابردنی پاشگری "ئیسلامی" لەسەر ناوی حزبەكە وتی" لابردنی پاشگری ئیسلامی بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان".
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەدیاریكراوی لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە 2018 بەڕێوچوو، كۆمەڵی دادگەریی لە هێزێكی بەشداری دەسەڵاتەوە بوو بە هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان.
كۆمەڵ لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا بەشداربوو، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیشی بەدەستەوە بوو، لەم سەردەمەدا كە ناكۆكی لەنێوان پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كێشە دروستبوو، كۆمەڵ پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی گۆڕان دەكرد، بەهۆی ئەم كێشەیەوە پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخست، ساڵی 2017 پارتی بۆ پرسی ریفراندۆم پەرلەمانی كاراكردەوە، بەڵام بەبێ یوسف محەمەدی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر) كە سەربە كۆمەڵ بوو، وەكو هاوسۆزییەك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەگەڕایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام كۆمەڵ سەرباری دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی حكومەتدا، هەر لەناو حكومەت مایەوەو لەدوا ساتەكانی تەمەنی كابینەكەدا كشایەوە.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كۆمەڵ بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، لەگەڵ پارتی هەندێك گفتوگۆی كرد بۆ بەشداربوون، نەگەیشتە رێككەوتن، پارتی لەگەڵ یەكێتیو گۆڕانو بەبێ كۆمەڵ كابینەی نوێی دروستكردو بەمشێوەیە كۆمەڵ كەوتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنە لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمدا.
كۆمەڵی دادگەریی ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (7) كورسیو لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی (2) كورسییە.
خاڵە لاوازەكانی كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردن:
• لابردنی پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی حزبەكە، دەكرێت لەم هەڵبژاردنە هەندێك كاریگەری هەبێت لەسەر بنكەی جەماوەرییە جێگیرەكەی كۆمەڵ، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەندێك لە كەسایەتییە رادیكاڵەكانی ناو ئەم حزبە رەخنەیان لە بڕیاری كۆنگرە گرت سەبارەت بە لابردنی پاشگری ئیسلامی.
• دروست نەكردنی هاوپەیمانێتی لایەنە ئیسلامییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، وایكرد كۆمەڵی دادگەریی لە بازنەی (3) واتە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بچێتە ناو كێبركێیەكی توندەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی، بەجۆرێك سەرباری بەهێزیی كاندیدەكەی لەم بازنەیە، چانسی سەركەوتنی هەندێك سەخت كردووە، لەحاڵێدا لە ئەگەری هاوپەیمانێتی یاخود رێككەوتن لەگەڵ یەكگرتوودا دەیتوانی بەبێ كێبركێ گەرەنتی سەركەوتنی كاندیدەكەی لەم سنورە بكات.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كە سیستمی فرەبازنەیی تەواوەتییە، هاوشێوەی هەموو هێزە بچوكەكانی تر زیان بە كۆمەڵی دادگەریی دەگەیەنێتو دەنگەكانی دابەش دەكات بەسەر بازنە جیاوازەكاندا.
• كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی زیاتر لەسەر رەخنەگرتن لە پارتی چڕبوەتەوە، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەو لێكتێگەیشتنەوە هەبێت كە پێشتر لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە كۆمەڵ لەگەڵ یەكێتی كردویەتی.
• دیدگای كۆمەڵی دادگەریی بۆ چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان هێشتا لەبازنەی بانگەواوی ئاینیدا دەسوڕێتەوە، نەك دەستیشانكردنی كێشەكانو دانانی چارەسەری كرداریی بۆیان.
• كۆمەڵی دادگەریی وەكو هەموو پارتە سیاسییەكانی تری گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەدورنییە لە ناكۆكیی ناوخۆیی، بەمدواییانە هەندێك لە بەرپرسانی حزبەكە لە سنوری هەولێر دەستیان لەكاركێشایەوە، لەدوای كۆنگرەی چواریشەوە لە مەڵبەندی هەڵەبجەی كۆمەڵدان هەندێك كێشەو مشتومڕ دروستبوو.
خاڵی بەهێزی كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردن:
• ئەگەر پێشتر تۆمەتباركرابێت بەوەی لەكاری ئۆپۆزسیۆنبووندا شوێن بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵاتداو كۆمەڵ وەكو هێزێكی سەربەخۆ كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی دەكات.
• فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا رۆڵی دیاری هەبووە لە رەخنەگرتن لە حكومەتو نیشاندانی ناڕەزایەتی، تاڕادەی سەندنەوەی پارێزبەندی یەكێك لە ئەندامەكانی (سۆران عومەر).
• ئەم حزبە لە پەرلەمانی عێراق بە دوو پەرلەمانتارەوە رۆڵی دیاری لەو پرسانەدا هەبووە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، (ئەحمەد حاجی رەشید) یەكێك لە پەرلەمانتارە بەئەزمونەكانی عێراق لە پرسی داراییو ئابوریی سەربەم حزبەیە، ئەحمەدی حاجی رەشید بۆ جاری سێیەم لەلایەن كۆمەڵی دادگەرییەوە لە بازنەی (3) كاندیكراوەتەوەو چانسی سەركەوتنی بەهێزە، ئەم پیاوە لەم خولەی پەرلەماندا دەستی هەبوو لە دروستكردنی گروپی (15) كە هاوپەیمانێتی نێوان 15 پەرلەمانتاری دەرەوەی پارتیو یەكێتی بوو لە بەغداد، لە پرسی بودجەو پشكی هەرێمدا ئەم گروپە پەرلەمانتارە رۆڵیان دەركەوتو هەندێك سەرئێشەیان بۆ وەفدی حكومەتی هەرێم دروستكرد.
• بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە هەرێمی كوردستان لەلایەن بزوتنەوەی ئیسلامییەوە دەكرێت بە سود بۆ كۆمەڵی دادگەریی تەواو ببێت، بەتایبەتیش لە بازنەی (3)ی پارێزگای هەڵەبجە.
• لابردنی پاشگری ئیسلامی ئەگەر لەناو بنكە جەماوەرییەكەی كۆمەڵدا خاڵی لاواز بێت، دەكرێت بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی كۆمەڵ خاڵی بەهێزبوون بێت، ئەم هەڵبژاردنە دەریدەخات كۆمەڵ بەبێ پاشگری ئیسلامی دەنگەكانی زیاتر دەبێت یان كەم دەبێتەوە.
• كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بە (5) كاندید بەشداری كردووە، (3) پیاو و دوو ژن، كاندیدە پیاوەكانی كۆمەڵ لەناو دەنگدەراندا خەڵكانی ناسراونو پێشتر لە پۆستو بەرپرسیارێتیدا تاقیكراونەتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە (ئەحمەد حاجی رەشید، سۆران عومەر، عەبدولستار مەجید).
• عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یەكێكە لە كەسایەتییە كاریزمییەكانی ناو رەوتی ئیسلامیو دەرەوەی رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان.
• كۆمەڵی دادگەریی یەكێكە لەو پارتە سیاسییانەی كە بنكەی جەماوەریی جێگیری خۆی هەیەو لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا شەڕ لەسەر كێشكردنی دەنگە خۆڵەمێشییەكان دەكات.
هەڵبژاردنو كاریگەیی
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە:
• تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
• دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
• نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
• لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.