Draw Media

كۆمەڵ: جارێكی تر بەناوی درۆی یەكڕیزی لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین

كۆمەڵ: جارێكی تر بەناوی درۆی یەكڕیزی لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین

2018-05-21 19:28:09


( درەو میدیا ):
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند  "جارێكی تر بەناوی درۆی یەكڕیزی ماڵی كورد لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین لە بەغداد" و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش پرۆژە یاسایەك پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كراوە".
دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان یەكێك بوو لە هێزە سیاسییە ناڕازییەكانی كوردستان كە وتی "ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە". 
بەپێی خولی گرێدراوی چوار ساڵەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا 1ی تەمموزی 2018، ئەنجومەنەكە مافی یاسایی گرێدانی دانیشتنە یاساییەكانی خۆی هەیە. ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی دوایین هەوڵی هێزە سیاسییە جیاوازەكانی عێراق لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە (درەو میدیا)ی وت "كات كراوەیە بۆ هەموو جۆرە دانیشتنێك، 20ی ئایار پرۆژە یاسایەك لە لیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەسەر كراوە كە پرۆژەیەكە بۆ قبوڵ نەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پرۆژەكەش نێردراوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەن".
بەپێی زانیارییەكانی ئەحمەد حاجی رەشید شەش‌ لایەنە ناڕازییە سیاسییەكە له،‌ كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی تر دەكەن بۆ تاوتوێكردنی بژارده سیاسییەكان و وتی: "لەگەڵ سەركردەی ئەو هێزانە ئێستا گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر دەكەین، یەكەم، تەوەری بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق یان پرۆسەی سیاسی عێراق، دووەم بریتییە لەوەی ئایا ئیمكانی ئەوەمان هەیە بتوانین فراكسیۆنێكی چوار لایەنی پێكبهێنین و بەیەك پلان كاربكەین بۆ بەرهەڵستكاری ئەو بابەته" بۆیە "جارێكیتر بەناوی درۆی یەكڕیزی ماڵی كورد لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین لە بەغداد".
 لەبارەی هەماهەنگی بەرژەوەندی و بنەمایی نێوان هێزە سیاسییە ناڕازییەكان و بەردەوامییان لە هەڵوێستی سیاسییان، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی: "ئێمە دوو جۆر هەماهەنگی سیاسیمان هەیە كە بریتین لە هەماهەنگی بنەمایی و بەرژەوەندی، ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕا ن هەماهەنگی مەبدەئیمان هەیه و هەبووە و لە ساڵی 2009وە تائێستا بەیەكەوەین". ئەو پەرلەمانتارە خوازیارە "هەماهەنگی ‌نێوان هێزە سیاسییەكان بنەمایی بێت و هەماهەنگی بەرژەوەندی نەبێت چونكە هەماهەنگی بنەمایی لە هەماهەنگی بەرژەوەندی زیاتر بەردەوامە".
  رۆژی 19ی ئایار ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی نائاسایی بەدەستبهێنێت لەبارەی تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارە ناڕازییەكان ئەنجومەنی نوێنەران شەش خاڵی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد.
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە سەرەڕای ئەوەی ئەو دانیشتنەوەی پەرلەمان رێژەی یاسایی تەواو نەكرد بەڵام "فشارێكی دروست كردووە و دەنگۆیەك هەیە كەوا كۆمسیۆن خەریكە قایل دەبێت بەوەی رێژەیەك لە دەنگەكان بە دەست بژمێردرێت".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand