ئەمریكا مەرجەكانی بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران راگەیاند
2018-05-21 14:43:46
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زنجیرەیەك مەرج و داواكاری خستەبەردەم ئێران بۆئەوەی جێبەجێیان بكات و وتی لەمەولا چیتر دەستی ئێران بۆ هەژموون خستنە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كراوەنابێت.
پۆمپیۆ لە وتارێیكدا كە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە واشنتۆنی پایتەخت پێشكەشیكرد رونیكردەوە كە ئێران رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی قۆستوەتەوە بۆئەوەی ناوچەمكە بكات گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ و ئەو پارانەی كە بەهۆی رێككەوتنەكەوە دەستیكەوتوون بەكاریهێناوە بۆ فراوانتركردنی هەژمونی خۆی و چالاكییە تیرۆریستییەكان و پێشكەشكردنی هاوكاری بە حزبوڵای لوبنان و حوسییەكان و میلیشیاكانی تر لە عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ كشانەوەی ئەمریكای لێ راگەیاند سنورێكی بۆ هەوڵ و خواستە ئەتۆمییەكانی ئێران دانەنا و چالاكییەكانی لە ناوچەكەدا رانەگرت، جەختیشیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا رێگەنادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و بەرپەرچی ئەو چالاكیانەشی دەداتەوە كە بۆ تێكدانی سەقامیگری ناوچەكە ئەنجامیاندەدات.
پۆمپیپۆ وتی:" ئێران چەندین ساڵ دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی درۆیكرد و بە نیازێكی خراپەوە هاتەناو رێككەوتنەكەوە."
پۆمپیۆ روویكردە رژێمی ئێران و وتی :" بەسە ، بەسە، كەوتنەخوارەوەی موشەك لە ریاز، لە بەرزاییەكانی جۆلان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا 12 مەرجی خستەڕوو وتی پێویستە ئێران بۆ خۆبەدوورگرتن لە سەپاندنی " قورسترین سزا لە مێژوودا" جێبەجێیان بكات:
1- ئاشكراكردنی تەواوەتی رەهەندە سەربازییەكانی سیستمە ئەتۆمییەكەی و رێگەدان بە ئاژانسی جیهانی ئەتۆمی بە پشكنینی هەمیشەیی.
2- راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵنەدان بۆ چارەسەركردنی پلۆتۆنیۆم و داخستنی ئەو وێستگانەی بە ئاوی قورس كاردەكەن.
3- دەبێت ئێران رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی تەواوی بنکەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا بکەن.
4- سنورێك بۆ بڵاوبوونەوەی مووشەكی بالیستی و تەقاندنی ئەو موشەكانە دانبێت ، كە دەتوانرێت كڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.
5- ئازادكردنی هەموو هاوڵاتیە ئەمریكییەكان و هاوڵاتیانی سەر بە وڵاتانی هاوپەیمان.
6- سنورێك بۆ هاوكاری و پاڵپشتی گروپە تیرۆریستییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك حزبوڵا و بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دانبێت.
7- رێز لە حكومەتی عێراق بگرێت و رێگە بە داماڵینی چەكی میلیشیا شیعەكان بدات.
8- سنورێك بۆ هاوكاریكردنی میلیشیا حوسییەكان دابنێت و كاربكات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ یەمەن.
9- لە سوریا پاشەكشێ بكات و هەموو ئەو هێزانەی بكشێنێتەوە كە لە سوریا سەرپەرشتیان دەكات.
10- سنورێك دابنێت بۆ پشتیوانیكردنی لە بزوتنەوەی تاڵیبان و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی تری ئەفغانستان و پاڵپشتی قاعیدە.
11- سنورێك بۆ هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دانبێت كە لە جیهاندا پشتگیری و هاوكاری تیرۆر دەكات.
12- سنورێك دابنێت بۆ رەفتارەكانی كە مایەی هەڕەشەن بۆ دراوسێكانی كە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریكان، ئەوەش هەڕەشەكردن لە خاپوركردنی ئیسرائیل و مووشەكبارانكردنی سعودیە و ئیمارات و هەڕەشەكردن لە دەریاوانی و هێرشە ئەلیكترۆنییەكان دەگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی واشنتۆن ئامادەیە چەندین هەنگاو بنێت كە گەلی ئێرانی سودی لێ ببیننن لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئێران پابەندی ئەو مەرجانە بوو، شێوازی كاركردن خۆی لە ناوچەكەدا گۆڕی و راشیگەیاند پابەندبوونی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەموو سزاكان رابگرێت و پەیوەندییە دیپلۆماتییە و ئابورییەكانی لەگەڵ تاران دەستپێیكاتەوە و مۆڵەتێكی پێشكەوتووشی بۆ تەكنۆلۆژیا پێبدات.