Draw Media

٩٧ساڵ، خەباتی پەرلەمانی کورد لە بەغدادا .. لە ماشەوە تا وشە

٩٧ساڵ، خەباتی پەرلەمانی کورد لە بەغدادا .. لە ماشەوە تا وشە

2021-09-12 13:20:59


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

 

گەرچی مێژووی کاری پەرلەمانیی عێراق تەمەنی وا ٩٧ ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەڵام خەباتی سیاسیی و چەکداری کورد، بۆ دەستخستنی مافە سیاسیی و کولتوورییەکان، تەمەنێکی درێژتری هەیە و سەرەتاکەی لە عێراقدا بە چەکداری دەستی پێکرد و پاشان خەباتی پەرلەمانی و سیاسیی مەدەنییانەی هاتە پاڵ و لە ماشەوە (پەلەپیتکەی تفەنگ) تا وشە(قسەکردن) و چەلەحانێی نێو پەرلەمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا تەنها وشەکە بەدەست کوردەوە مایەوە و ماشەی چەکەکانی هەم بێدەنگ کران و گوتاری پەرلەمانتارانیشی پەرت و بێ ئامانج، هەم زۆرتر ڕووگەی پەرلەمانتارانیش بەرامبەر خودی کورد کەوتەکار و خۆڕنین.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، هەوراز و نشێو و ئاستی داواکاریی کورد و ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن بووە و لەکوێوە بە کوێ گەیشتووە؟ بۆ وەڵام، گرنگە زەمینەی مێژوویی هەڵبژاردن و لایەنە ڕکابەرەکانی کورد لە بەغدا و ئاستبەندیی خواستەکانی کورد لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا سەردەمی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا بخرێتەڕوو.

کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا
یەکەمین نیمچە هەڵبژاردنێک لەعێراقی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە بۆ سڵی ١٩٢١ کە ڕاپرسی دانانی فەیسەڵی کوڕی حسێن بوو وەک شای عێراق، کە تێیدا زۆرینەی کورد بە نەخێر و بایکۆت بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان کرد(لازاریف: مسالە الکردیە). بەڵام لە دووەمین هەڵبژاردنەوە ئیتر کورد تێکڕا بەشدارییەکی دیاری کردووە، تەنانەت گەر هەڵبژاردنەکانیش  "کارتۆنی" بووبن لە کورد خاڵی نەبوون.
دووەمین هەڵبژاردن بە گشتی و یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزراندن  و یاسادانان، دەگەڕێتەوە بۆ  ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٩٢٤ و عەبدولموحسین سەعدوون بووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزراندن. ساڵێک پاش ئەوەش یەکەمین ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) هەڵبژێردرا (احمد و حمیدی(1989): تاریخ العراق المعاصر، ص٣٨)،  پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ەوە تا ١٩٥٨(سەردەمی پاشایەتی)، شانزە(١٦)جار هەڵبژاردنی بۆ کراوە. 
هەر لەو پەرلەمانی دامەزراندنەوە، تا هەنووکە کورد بەشداریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کردووە. لە نموونەی پەرلەمانتارانی خولە یەکەمینیەکانیش دەتوانرێت ئاماژە بە چەند کەسایەتییەک بکرێت کە ڕۆڵی کارایان لە چەسپاندنی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کورد لەو دەمەدا بینی، وەک: ئەمین زەکی بەگ، مەعروف جیاوک، جەمال بابان، ئیسماعیل ڕەواندزی، محەمەد ساڵح، سەبری عەلی ئاغا و سەیفوڵا خەندان و ..تاد.(کریم(2009): القضية الكردية في سياسة العراقية1932-1945)

ململانێی سێکوچکەیی کورد-ئینگلیز-بەغدا
خواستەکانی کورد یان ڕاستتر مافە زەوتکراوەکانی، کەوتبوویە دەستی ئینگلیز بە پلەی یەکەم و پاشتریش عەرەبە دامەزرێنەرەکانی عێراق. دۆسێی کورد و ململانێکانی، بەر لەوەی لەگەڵ عەرەبدا بێت، لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، عەرەبی عێراق هێشتا سنوور و سەروەری و چارەنووسیشی ڕوون نەبوو، نە ململانێی و پێداگرییەکی دیاریکراویشی بەرامبەر کورد هەبوو، بە پێچەوانەوە لە چەندین جەنگ و بۆنە و رووداو و ڕاپەڕیندا پێکەوە بۆ مافەکانیان بەرامبەر ئینگلیز دەجەنگان، وەک جەنگی شوعەیبیە، ڕاپەڕینی ١٩٢٠، دامەزراندنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت و ...تاد. بەڵام کێشەی یەکەم و ئاستەنگی یەکەمی جوڵانەوەی سیاسیی کورد لەگەڵ ئینگلیزدا بوو، کاتێک یەکەمین حکومەتی شێخ مەحموودی لەباربرد و هێزە کوردستانییەکانی دیکەشی لە ڕەواندز و کۆیە و بادینان سەرکوت کرد. لە پرسی کەرکوکیشدا دیسانەوە هەر ئینگلیز (نەک عەرەب) ڕێگری یەکەم بوو کە کەرکوک بەشێک بێت لە قەڵەمڕەوییەکەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و شێخیش هەر لەبەر ئەو خاڵەبوو کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئینگلیزدا زەقکردەوە.
بەڵام بە یەکلابوونەوەی ویلایەتی موسڵ و لکاندنی بەشێکی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، ئەوکات ململانێکە بووە سێکوچکەیی و عەرەب و ئینگلیز لەلایەک و کورد لەلایەکی دیکەوە بەرامبەر وەستان. لەو ئانەوە تا ئێستا خواستی کورد چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆووە دیووە  و خەباتەکەی ئاستەکانی چەکداری و پەرلەمانی و کارگێڕی و یاسایی و میدیایی لەخۆگرتووە.
خەباتی پەرلەمانی سەرەتاکانی دامەزراندنی عێراق، بۆ پەرلەمانتارانی کورد سەختترین خەبات بووە، بەوپێیەی کە سەرەتای دامەزراندنی یاریگای ململانێ و چەسپاندن و ڕێکخستنی خواستی کوردستان بووە. لەلایەک لەگەڵ ئینگلیزدا کە زلهێزی جیهان بووە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ گروپگەلێکی عەرەبی جیاوازیشدا دیسانەوە لە ململانێدا بووە و لەگەڵ ئەوەشدا کورد ئەودەم نە لۆبی نێودەوڵەتی و نە پشتیوانی و نە میدیایەکی کاریگەر و نە پرسی مافی مرۆڤیش وەک دەسکەلایەک بە دەست دۆستانی کوردەوە بووە تا ببێتە بیانوو بۆ کۆمەک، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکەی لە سفرەوە خۆیان و خودا و کێوەکان دەستیان پێکرد، لەوەش گەڕێ کە نێوخۆی کورد ماڵێکی پەرتەوازە و ناهۆشیارییەکی باڵا و نەخوێندەواریی و کولتووریی سیاسیی دواکەوتووی کورد ئاستێکی نزمی هەبووە.

پەرلەمانتاران، لەبەرزە خواستەوە بەرەو نزمەخواست
لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە، لانیکەم پاش چوارلەت بوونی جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان و جیا لە ناتەبایی خواستی کورد لەگەڵ زلهێزانی نێودەوڵەتی، لە جێدا بەرامبەر چوار پایتەختیش کەوتە سەنگەرەوە (تاران، ئەنکەرە، بەغدا و شام)، ئیدی خەباتی کوردی باشوور تا هەنووکە لەڕووی پۆلێنبەندییەوە لە پەرلەمانەکانی عێراقدا چەندین ئاستی بەرز و نزمی لە باشەوە بۆ خراپ و لە کاراییەوە بۆ پاسیڤی بە خۆیەوە دیووە. لێرەدا دەکرێت گوتاری سیاسیی و خواستەکانی کورد بەگوێرەی ئاستی داواکارییەکانی لە ڕووی کرۆنۆلۆژییەوە بەم شێوەیە دابەش بکرێن:
١. قۆناغی دامەزراندنی گوتاری سیاسی و مافی کولتووریی(1924-1932): پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا، جەختییان لەسەر  مافە ئیداری، سیاسیی، کولتووری و دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا دەکردەوە، گەرچی لەڕووی دەستوورییەوە کەمیان هێنا، بەڵام لەڕووی بەشداریی سیاسی و مافی کولتوورییەوە توانییان زمانی کوردی وەک زمانی نێوچە کوردستانییەکان لە ئاخافتنی کارگێڕی و پەروەردەدا بچەسپێنن  (تا هەنووکەش تەنها باشوور ئەم مافەی بە هیممەتی پەرلەمانتارانی پێشین دەست خست). هەروەها  نەریتی بەشداری کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقدا دابهێنن و وا بکەن خەباتی کورد لە شاخ و چەکدارییەوە بگوازنەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و مەیدانی سیاسەت و چەندین یانە و ڕێکخراوی مەدەنیش بۆ داکۆکی لە مافە سیاسییەکان دامەزران وەک ڕێکخراوەکانی سەرکەوتن و کۆمەڵەی زانستی و ...تاد. بەر لەم قۆناغە کوردی باشوور زیاتر ئاسۆیی و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا  نەک ستوونی و لەدڵی جوگرافیای نەیاردا  خەبات بکات. ئەمین زەکی و مەعروف جیاوک و ...تاد نموونەی باڵای ئەم خەباتەن. سیمایەکی تری ئەم قۆناغە ئەوەبوو پەرلەمانتارە کوردەکان زۆرتر دەچوونە پاڵ لیست و سەرکردە دیارە عێراقییەکان بۆ دەستخستنی مافەکان (وەک چۆن لە ساڵی ١٩٢٨دا چوونە پاڵ موحسین سەعدوون لەپێناو دابینکردنی لانیکەمی مافی خوێندن و زمانی کوردی و چەسپاندنی)
٢.قۆناغی بەشداریی دەسەڵات(١٩٣٢-١٩٥٨): لەم قۆناغەدا کوردەکان بە رێژەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانەکانی عێراقدا بەشدارییان کردووە، خواستی سەرەکییان بەشداریی لە دەسەڵات و چەسپاندنی دەستووری مافە مەدەنی و سیاسییەکان بووە، جیا لە هەوڵ بۆ چەسپاندنی  مافە کولتوورییەکان کە پێشتر جێگیرکرا، داوای پێکهێنانی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی و نیمچە سەربەخۆیان بۆ پارێزگاکانی کوردستان لە عێراقدا کردووە لانیکەم وەک یەکەیەکی سەرپەرشتیارێتی باکووری عێراق، تا سرووشتی نێوچەکە رەچاو بکرێت لە ڕووی دابونەریت و خواستی دانیشتووانییەوە. ئەم قۆناغە بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دی، بەڵام گرنگترین کار لەم قۆناغەدا و جیاوازی لەگەڵ پێش خۆیدا، دامەزراندنی حزبی سیاسیی بوو بۆ ئیدارەدانی ململانێکان بەرامبەر بەغدا، نەک ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆیان ببنە ئەندامی حزبە عێراقییەکان، وەک دامەزراندنی حزبی هیوا و لقی ژێ کاف و حزبی ڕزگاریی و پارتی دیموکراتی کورد. پەرلەمانتارانی کورد لەم قۆناغەدا سەرلەبەر داواکاری حزبە کوردییەکانیان دەکردە گوتاری سیاسیی و بەو گوتارە ڕووبەڕووی پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی بەغدا دەبوونەوە.
٣. قۆناغی کوژانەوەی کاری پەرلەمانی (1958-2003): لەم قۆناغەدا بەهۆی کودەتاکان و دەرکەوتنی هێز و کەسایەتی پەڕگیر، یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لەڕێگەی چەکەوە، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول1961 و شۆڕشی نوێ1975 پەنابردنەوەی ناچاریی کورد بۆ چەک، بوارێکی نەهێشتەوە بۆ کاری پەرلەمانی و کاری پەرلەمانی لاوازتر کرد. گەرچی لە قاسمەوە تا سەدام سەرلەبەر بەڵێن و دروشمی ئەوەیان بەرزدەکردەوە کە دیموکراسیی ڕاستەقینە و پەرلەمانێکی کارا  دەهێننە کایەوە، بەڵام خول دوای خول سستتر بوو، بەجۆرێک لەسەردەمی بەعسدا گەیشتە لوتکەی ناکارایی و  لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩-٢٠٠٣ بەتەواوی کاری پەرلەمانی لە بەغدا بووە بەڵێکردن بۆ شەرعاندنی پەڕگیرییەکانی سەدام حسێن و حزبەکەی.
 کوردەکانی نێو جولانەوەی ڕزگارییخوازیش خولی نیوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧5ی لێدەرچێت کە سەربە پارتی دیموکرات و حزبی شیوعی بوون و ڕۆڵی کارا و گرنگیان بینی لە مۆدێلی بەدەنگهێنانی پەرلەمان لەو ئانەدا، چیتر بەشدارییان نەکرد و هەر کوردێکیش بەشداریی بکردایە لەنێو ڕای گشتیی کوردستاندا پەرلەمانتار و پەرلەمانەکەش بە کارتۆنی ناودەبران (وەک تەنزێک بۆ بێدەسەلاتییان). خواست و گوتاری پەرلەمانتاری کورد لەم خولانەدا ئۆتۆنۆمی بووە بۆ کوردستان و بەهێزترین دەستکەوتی خەباتی مەدەنی ئەم سەردەمە ڕێککەوتنی ئازار  و دروستکردنی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بۆ باشوور بوو لە سێ پارێزگادا، گەرچی تەمەنی کەم بوو. ئەڵبەت ئەمە دەستکەوتی کاری پەرلەمانی نەبوو هێندەی بەرهەمی نزیکبوونەوە ئیرادەی سیاسیی و دانوستاندنی کورد و بەغدا بوو.
٤. قۆناغی عێراقی فیدراڵی (2003-2017): لەم قۆناغەدا کاری پەرلەمانتاری کورد و بەرزکردنەوەی خواستی کورد لەسەردەستی ئەمان بەپشتیوانی هێزە سیاسییەکانەوە وەرچەرخانی ئەرێنی بەخۆیەوە بینی، کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی و لە پشکداریی حکومەتەوە بۆ شەراکەتی دەسەلات خواستی بەرزکردەوە، لەوەش گرنگتر هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی دەستووری چەسپاند و دۆسێی کەرکوکیشی کردە ململانێیەکی ڕەسمی و دەستووری. سەرجەمی ئەمانەش لەڕێ پەرلەمانتارەکانەوە بە ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی حزبەکانەوە پەرەیان پیدرا و چەسپێنران، سەرکردە سیاسییەکانیش خۆیان دەچوونە بەغدا و راستەوخۆ لە مەیدانی پەرلەماندا ململانێیان دەکرد. گەرچی لەم قۆناغەدا سەرجەم مافەکان وەک ئەوەی لە پەرلەمان و دەستووردا هاتوون  دابین نەبوون، بەڵام باشووری کوردستانی لەڕووی مافی مەدەنی و برزکردنەوەی خواستەوە بەرزکردەوە و پرسی کوردی لەڕێگەی دەروازەی بەغداوە تا ڕادەیەک لە ئاستێکی جیهانییدا خستە ڕوو و وەک هێزێکی دیموکرات و دژەتیرۆر و مەدەنی خۆی پێناسە کردەوە.


5. قۆناغی پەرتەوازەیی کاری پەرلەمانی کورد لە بەغدا (2017 بەدوا): پاش ئەنجامدانی ڕیفراندەم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چوونەوەیەک و داکشانێکی گەورە لە کاری پەرلەمانی لە ئاست ئەو ڕێچکە باوەی کە بەخۆیەوە دیوویەتی لە مێژووی کاری پەرلەمانیی کوردستانیدا لە عێراق بەدی دەکرێت، کە پێشتر داکۆکی بووە لە خاک و شوناس و دەسەڵاتی کورد  لە بەغدا، بەڵام لەم قۆناغەدا، شوناس و خاک (نێوچەدابڕاوەکان) و سنووری سیاسیی هەرێم و مافە فیدراڵییەکانی، پاشەکشیان کرد و مەسەلەی پێشینە و پارە و بودجەی مانگانە و ساڵانە و شەڕی پۆست و لیژنەکان جێگەی ئەوانەی پێشتری گرتەوە، ئەوەی هۆکاری سەرەکی ئەم داکشانە سیاسییە بوو، بە پلەی یەکەم بەڕێوەبردنی حزبییانەی هەرێم و گەندەڵی، غرووری سیاسیی سەرکردەکانی کورد و جێهێشتنی بەغدا و بەشدارینەکردنی خۆیان و ناردنی پلە دوو سێیەمەکانی حزبەکانیان، پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەش، چەند سەرەیی و ململانێی ئاست نزمی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بوژانەوەی مەیلی ناوەندگەرێتی عەرەبانی بەغدا و دۆخی هەرێمایەتی دراوسێکان، بە ڕیز ڕۆڵیان هەبووە لەو دابەزینەی ئاستی ئەدای کاری پەرلەمانی و بەجۆرێک پەرلەمانی وا لێکرد لەبری سەنگەری بەرگری لە شوناس و خاک بووە سەرچاوەی "یۆقلەمەی گیرفانی" نائیبەکان و بڵندگۆی وشەهاویشتن و بۆڵەبۆڵی ململانێی کورد-کورد لە قوبەی پەرلەماندا. هەر ئەمەیە وەرچەرخانی کاری پەرلەمانی لە ماشەی تفەنگەوە بۆ وشەهاویشتن و هیچی تر. 
ئایا خولی دادێی 2021-2025 دەتوانن بکەونەوە سەر ڕاستەڕیی کاری پەرلەمانتاریی وەک ئەرک نەک ئیمتیاز و قسەهاوێژی؟ با بمێنێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand