كوڕێكی ئوسامە بن لادن لە فەرەنسا سەرقاڵی هونەری شێوەكارییە
2021-09-05 19:01:20
درەو:
عومەر بن لادن كوڕی چوارەمی ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە كە لەلایەن ئەمریكاوە كوژرا لە شارۆچكەیەكی ناوچەی نۆرماندی لە فەرەنسا دەژیو سەرقاڵی هونەری شێوەكارییە.
عومەری تەمەن چل ساڵ لە ماوەی رابردوودا لە كۆگایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی بەكارهێنراودا دوووەمین پێشانگای بۆ تابلۆكانی كردەوە.
عومەر وەك كەسێكی ئاسایی دەردەكەوێت بەڵام ناوەكەی بووە بە یەكێك لە ناوە بەناوبانگەكانی سەر زەوی تابلۆكانی هەمووی ئیمزاكراون بە هەرسێ پیتی كەOBL كە ئاماژەن بۆ ناوی خۆییو ئوسامە بن لادنی باوكی.
عومەر بن لادن لە بارەی هونەرو ناوبانگەكەیەوە دەڵێت:" باوەڕم وایە كە دەبمە شێوەكارێكی بەناوبانگ, رەەنگە لە ڤان كوخ زیاتر ناوبانگ پەیدا بكەم".
عومەر دووەمین پێشانگای خۆی لە كۆگایەكی هاوڕێیەكیدا كردەوە, لە پێشانگای یەكەمیدا لەماوەی یەك هەفتەدا 17 تابلۆی فرۆشتوە بە 700 بۆ 1000 یۆرۆو پێدەچێت ئەمجارە تابلۆكانی پارەی زیاتر بكەنو بگاتە 1450 یۆرۆ.
باسكاڵ مارتن خاوەنی ئەو كۆگایەی عومەر بن لادن پێشانگاكانی تێدا دەكاتەوە دەڵێت دوای كڕینی تابلۆكانی عومەر لە پێشانگاكانی پاریسدا بە نرخێكی بەرزتر دەفرۆشرێنەوە, ئیمزاكەی عومەر بەتەنها بەسە بۆئەوەی كارە هونەرییەكانی بەرزبكاتەوە".
عومەر بن لادن لەگەڵ زینەی هاوسەری لە شارۆچكەی " Domfront – en- Poiraie" فەرەنسا دەژی, زینە بەرتیانییەو تەمەنی 65 ساڵەو ساڵی 2007 لە قاهیرە هاوسەرگیری لەگەڵ عومەردا كردووە.
پێكەنین قەدەغەیە
عومەر بن لادن لە چاوپێكەوتنێكی دورودرێژدا كە ساڵی 2010 لەگەڵ گۆڤاری رۆلینگ ستۆن ئەنجامیداوە باس لەوردەكارییەكانی ژیانی دەكات لە ئەفغانستانو دەڵێت لە ماڵەكەیاندا میوزیكو سینەماو خواردنەوە گازییەكانو تەنانەت پێكەنینیش قەدەغە بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە لەمنداڵیدا دووچاری نەخۆشی رەبۆ بووەو ئوسامە بن لادنی باوكی رێگەی پێنەداوە ئامێری هەناسەدان بەكاربهێنێت, بەڵكو ئامۆژگاری كردووە حەبی هەنگوین بەكاربهێنێتو هەتا سەگەكانیشی كوشتووە لە تاقیكردنەوەی كارایی چەكی كیمیایدا.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا عومەر پەیوەندی كردووە بە بنكەی مەشقو راهێنانی هێزەكانی قاعیدەو فێری بەكارهێنانی چەكی كڵاشینكۆفو تانكی سۆڤیەتی بووەو باوكی هانیداوە بچێتە ریزی ئەو كەسانەی خۆیان دەتەقێننەوە.
لەكۆی 11 كوڕی ئوسامە بن لادن تەنها عومەر هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكای ئیدانە كردووە كە باوكی پلانداڕێژەری سەرەكی بوو, عومەر دەڵێت باوكی ڕێگایەكی جیاوازی گرتوەتەبەرو ئەمیش بووە بە قوربانیی ئەوەو توشی سەرسوڕمان بووە كە بەردەوام لە وڵاتە عەرەبییەكاندا بەهۆی ناوەكەیەوە بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ناكەن.