"هیچ سانسۆرێك نییه له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان"
2018-05-20 19:44:47
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا
به‌هۆی نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به به رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له هه‌رێمی كوردستان، له ساڵی 2014ه‌وه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له رێگای بڕیاری فریكوێنسی سپه‌یس-ه‌وه پێدانی مۆڵه‌تی بۆ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كان و چاودێری كردنیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه. به‌ڵام هیشتا ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان له‌ماوه‌ی داواكردنی مۆڵه‌ت و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ رووبه‌ڕووی گرفت ده‌بنه‌وه. بۆیه (دره‌و میدیا) له گفتۆگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د گه‌ردی به‌ڕێوبه‌ری گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه تاوتوێی دوایین ئامار و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ده‌كات.
دره‌و میدیا: ژماره‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندن؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌ناڵی بیندراو و بیستراو له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان وه‌ك ئیران و توركیا، ژماره‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان له پێوانه‌ی جوگرافیا و ژماره‌ی دانیشتوان زۆرتره. بۆ نموونه 160 رادیۆ له‌لای ئێمه تۆماركراون، 97 كه‌ناڵی ته‌له‌فزۆنی ناوخۆیی و 39 كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانیمان هه‌یه، كه تیكڕایان ده‌كه‌نه 296 كه‌ناڵ.
دره‌و میدیا: ئایا كۆی ئه‌م كه‌ناڵانه مۆڵه‌تیان له حكومه‌ت وه‌رگرتووه؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان مۆڵه‌تیان هه‌یه، ناوخۆییه‌كانیش چه‌ند كه‌ناڵێكیان نه‌بێت هه‌مووی مۆڵه‌تیان هه‌یه. له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانیش دوو كه‌ناڵ مۆڵه‌تیان ده‌رنه‌كردووه هه‌رچه‌نده ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان هه‌یه، به‌ڵام كه‌ناڵی ناوخۆییمان هه‌یه مۆڵه‌تیان ده‌رهێناوه و نه‌هاتوون پاره‌ی باجی مۆڵه‌ت بده‌ن، چونكه كه ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هات ده‌بێت بێن پاره بده‌ن و ئه‌وه‌شیه‌كێكه له مه‌رجه ساڵانه‌كان.
دره‌و میدیا: پێویسته ئه‌و كه‌ناڵانه بڕی چه‌ند پاره بده‌نه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: پێویسته هه‌ر كه‌ناڵێكی ئاسمانی 40 ملیۆن دینار بدات. كه‌ناڵی ناوخۆیی ئه‌گه‌ر له ئاستی هه‌ر چوار پارێزگاكه په‌خش بكات ده‌بێت 20 ملیۆن دینار بدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له یه‌ك پارێزگا په‌خش بكات ده‌بێت 10 ملیۆن دینار بدات.
بۆ رادیۆكانیش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی چوار پارێزگا په‌خش بكه‌ن ده‌بێت 10 ملیۆن بده‌ن و ساڵانه دوو ملیۆن و نیو دینار بده‌ن بۆ نویكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی یه‌ك پارێزگا په‌خش بكه‌ن ده‌بێت 5 ملیۆن دینار بده‌ن و ساڵانه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت یه‌ك ملیۆن و 150 هه‌زار دینار بده‌ن. بۆیه هه‌ندێكییان بۆئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه نه‌ده‌ن نایه‌ن مۆڵه‌ته‌كه‌ی ده‌ربهێنێت.
دره‌و میدیا: بۆ بره‌ودان به میدیا، ئێوه ده‌توانن ئه‌و پاره‌یه به‌كاربخه‌نه‌وه كه له‌ده‌زگاكانی وه‌رده‌گرن یان ده‌چێته خه‌زینه‌ی حكومه‌ت و ته‌واو؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: ئێمه ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ره رێكاره‌كان جیبه‌جی بكه‌ین بۆیه پاره‌كه ده‌نێرینه خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و ئه‌وان خۆیان بریارده‌ده‌ن له بودجه‌ی گشتی چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. بۆیه ئێمه مافی به‌كارهێنانی ئه‌و پاره‌یه‌مان نییه كه له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی وه‌رده‌گرین. بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌یه‌كه‌وه ده‌كاته رێژه‌یه‌كی زۆر.
دره‌و میدیا: ئایا له نێو كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كاندا هه‌یه سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بن و مۆڵه‌تیان نه‌بێت تائێستا؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن كه‌ناڵێك هه‌یه، یه‌كێكیشیان له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته ئه‌وان تائیستا مۆڵه‌تیان ده‌رنه‌هێناوه، به‌ڵام ئیمه له‌م كۆتاییانه فشاری زۆرمان كرد ره‌نگه له هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست بكه‌ن به رێكاره‌كانی ده‌ركردنی مۆڵه‌ت.
دره‌و میدیا: ئه‌م كه‌ناڵانه كێن؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: یه‌كیك له‌وانه كه‌ناڵی په‌لیستانه كه تائێستا ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی بۆ هاتووه‌ته‌وه به‌ڵام نه‌هاتووه وه‌ریبگرێت و رێكاره‌كان ته‌واو بكات. كوردستان تی ڤی ره‌زامه‌ندی ئه‌منییان هه‌یه به‌ڵام وه‌كو كۆمپانیا هه‌یانه نه‌ك وه‌كو سه‌ته‌لایت، ئه‌مان قه‌رزارنین و كاتێك ئه‌وانمان ئاگادار كرده‌وه وتمان وه‌رن مۆڵه‌ت ده‌ركه‌ن وتیان ئیمه باجمان داوه، راسته باجی ساڵانه‌یان داوه به‌ڵام نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌كه كیشه‌یه.
دره‌و میدیا: چه‌ند كه‌ناڵی ئیسلامی و بانگخوازی له هه‌رێمی كوردستان په‌خش ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: تا ئێستا 39 كه‌ناڵی ئیسلامی و بانگخوازی هه‌ن كه پێكدێن له رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن، 3 كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی و13 كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ناوخۆیی و 23 رادیۆیان هه‌یه.
دره‌و میدیا: ئایا سكاڵا بۆ داخستنی ئه‌م كه‌ناڵانه هه‌بووه؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: ئێمه بڕوامان به ئازادی راده‌بڕین هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان و هیچ سانسۆرێكمان نییه له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان. به‌ڵام تائێستا چه‌ند پێشێلكارییه‌ك هه‌بوو له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و پاره‌ی خێرخوازی ئه‌و كه‌ناڵانه كه به‌شێوه‌ی ناڕێك و ناڕه‌وا كاره‌كه ئه‌نجامدراوه، بۆیه رامانگرتووه، به‌ڵام له‌م دواییه‌دا چه‌ند كه‌ناڵێك مۆڵه‌تیان پێدرا كه ئه‌و پاره‌یه بۆ مه‌به‌ستی خێرخوازی كۆبكه‌نه‌وه.
دره‌و میدیا: ئێوه هیچ تێبینیتان تۆمار كردووه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ به مه‌به‌ست ره‌زامه‌ندی ئه‌منی نه‌دات به كه‌ناڵه راگه‌یاندنه‌كان؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: ئێمه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه دێت داوای مۆڵه‌تی كه‌ناڵێك بكات، راسته‌وخۆ به‌رزی ده‌كه‌ینه‌وه بۆ سه‌رووی خۆمان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، له‌ویشوه بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رزده‌كرێته‌وه و پاشان چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌وان ده‌بین. بابه‌تی ئه‌منی به ته‌واوی په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌یه، ئه‌وان بڕیارده‌ده‌ن ئایا له رووی ئه‌منی و سه‌لامه‌تییه‌وه ئه‌و كه‌ناڵه تاچه‌ند شایسته‌یه و تاچه‌ند كاریگه‌ری له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ناكات، ئه‌وان لیكۆلینه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ن.
دره‌و میدیا: به‌ڵام ئێوه تێبینیتان كردووه ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبی هه‌بووبێت بۆ پێنه‌دانی مۆڵه‌ت؟
محه‌مه‌د گه‌ردی: له راستیدا ئه‌وه‌ی تێبینیمان كردبێت، بۆ نموونه كه‌ناڵی خه‌ندان كه‌متر له مانگێك یان باشتر وایه بڵیم به چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌ته‌كه‌یان به‌رزكرده‌وه ره‌زامه‌ندییان بۆ هاته‌وه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ڵام كه‌ناڵ هه‌یه دوو ساڵه مامه‌ڵه‌كه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رزكراوه‌ته‌وه به‌ڵام تائێستا ره‌زامه‌ندی بۆ نه‌هاتووه‌ته‌وه. له رێنماییه‌كانی ئیمه‌شدا هاتووه له ماوه 60 رۆژدا ده‌بێ به به‌ڵێ یان به نه‌خێر وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ڵامبده‌نه‌وه.
له‌وانه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی مۆڵه‌ته‌كه پیشكه‌ش ده‌كات زۆر ناسراو نه‌بێت یان ناونیشانه‌كه‌ی به‌هه‌ڵه دابێت، نازانم ره‌نگه هه‌ندێكیشیان هه‌ر خۆیان نه‌یانه‌وێت مۆڵه‌تیان پێبده‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان باش نه‌بێت. به‌ڵام ناتوانم تۆمه‌تباریان بكه‌م به ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبی.