Draw Media

بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە باسی ژەهرەكە دەكات

بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە باسی ژەهرەكە دەكات

2021-08-11 14:45:32


راپۆرت: درەو
پرسی ژەهرخواردنەكە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ لە پرۆسەی ژەهرخواردكردنیدا بەكارهێنراوە، هەمان ئەو ماددەیە كە ساڵی 2004 بۆ لەناوبردنی ڤیكتۆر یۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیا بەكارهێنراوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ ئەم بابەتە لەبەردەم دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیش دەسەلمێنم، لاهور شێخ جەنگیش بابەتی ژەهرەكە بە "یارییەكی منداڵانە" ناو دەبات‌و لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە، دیار نییە چارەنوسی ئەم كەیسە لە دادگا یەكلادەكرێتەوە یان لەناو یەكێتی یاخود لە چوارچێوەی ماڵی تاڵەبانیەكاندا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری كەیسی ژەهرخواردنەكە بڵاودەكاتەوە. 

مانگێك دوای 8ی تەموز
مانگێك تێپەڕی بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتیدا، روداوگەلێك كە ناونیشانە گەورەكەی پرسی "رەهژخواردكردن"ە، بەڵام لەژێریدا چەندین ململانێ‌و كێشمەكێشی تر هەن. 
بەهانەی رووداوەكانی ئەمدواییەی یەكێتی پرسی ژەهرخواركردنی (بافڵ تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتییە، ئەم بابەتە كە وەكو سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) ئەژماردەكرێت، تائێستا لەناو كۆبونەوە تایبەتەكاندا باس دەكرێت‌و میدیای فەرمی‌و بەرپرسانی یەكێتی وردەكارییەكەیان بۆ رایگشتی نەخستوەتەڕوو. 
ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام خەڵك‌و كەسایەتییەكان بانگهێشتی "دەباشان" دەكات‌و چیرۆكی ژەهرخواردنەكەیان بۆ دەگیڕێتەوە. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە سەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە لە ژمارەیەك لەو كەسانەوە دەستیكەوتووە كە سەردانی "دەباشان"یان كردووە، بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە چیرۆكی ژەهرخواردنەكەی بۆیان گێراوەتەوە بەمش شێوەیە.  

چیرۆكەكە لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە
رۆژی 24ی حوزەیران بوو (واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز)، ئەو رۆژە پێنج شەممە بوو، من رۆژانی هەموو پێنج شەممەیەك تەرخان دەكەم بۆ كاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەكانم (هێرۆ-  كۆبان).
ئێوارەی ئەو رۆژە میواندارییەكم رێكخست لە باخەكەم لە "مێرگەپان"، ئەم میواندارییە بۆ ئاشتەوایكردن بوو لەنێوان (پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری)‌و (پۆڵاد شێخ جەنگی)، ماوەیەك بوو كێشە لەنێوانیان هەبوو. (پۆلۆ راوێژكاری بافڵ تاڵەبانییە، پۆڵاد برای لاهور شێخ جەنگییە‌و تا ساتی روداوەكە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی بووە).
بۆ ئەم میواندارییە، (لاهور شێخ جەنگی)‌و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)م بانگهێشت كرد، پۆلۆ و پۆڵادیش لەوێ بوون.
لەم دانیشتنەدا من ماددە كحولییەكانم نەخواردەوە، بۆیە شەربەتێكی سروشتی پرتەقاڵیان بۆ هێنام، قومێكم لە شەربەتەكە خواردەوە، پاشان رۆیشتم بۆ لای منداڵەكانم لەژوورەوە، چونكە هاوسەرم لەوێ نەبوو، منداڵەكانم داپۆشی‌و گەڕامەوە، قومێكی ترم لە شەربەتەكە خواردەوە، هەستم كرد تامی گۆڕاوە، پێم وتن ئەم شەربەتە زۆر ناخۆشە، دیارە شتێكتان تێكردووە، خەیاڵم بۆ ژەهر نەچوو، پێموابوو كحولیان تێكردووە، پێكەنین‌و پێیان وتم هیچ نییە بیخۆرەوە، پاش ماوەیەك هەستم بەوە كرد سەرمامە، توشی لەرز بووم، قەمسەڵەیەكم لەبەركرد، دۆخم خراپتر دەبوو، بە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵم وت من وەزعم باش نییە، شاڵاو وتی با بڕۆین، لەم كاتەدا لاهور باوەشی پێدا كردم، بە زمانی ئینگلیزی پێی وتم"بای بای ئامۆزا"، ئەم شێوازە خواحافیزیكردنەی لاهور گومانی لای دروستكردم، چونكە چەندجارێك باوەشی پێداكردم، وەكو ئەوەی بیەوێت بەیەكجاری ماڵئاوایم لێ بكات !

ژەهری "دایۆكسین"
دوای كۆتایهاتنی میواندارییەكە، چەندجارێك توشی رشانەوە هاتم، نامەم بۆ هاوسەرەكەم ناردو پێم وت" من دۆخم خراپە، ناتوانم ئاگام لە منداڵەكان بێت" نامەشم بۆ پزیشك نارد، پاشان چومە گەرماو، لەوێ ئاگام لەخۆم نەما، بێهۆش كەوتم، كاتێك بەئاگاهاتمەوە، لە نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) بووم، فاخر شێخ تەیب‌و برایەكی كە خاوەنی كۆمپانیای قەیوان‌و نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)ن، لەوێ ئامادەبوون‌و بارودۆخی منیان بینی، (هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاریش لە نەخۆشخانە بووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی)، دەركەوت من ژەهرخوارد كراوم بە ماددەیەك بەناوی "دایۆكسین"، ژەهرەكە كاریگەری لەسەر دڵم دروستكردبوو، (12) بوتڵ ئاویان بۆ هەڵواسیم، پزیشكەكە پێی وتم بەهیچ جۆرێك نابێت بخەوێت، دەبێت بەپێوە رابوەستی، چونكە بارودۆخی دڵت زۆر خراپە، هەندێك چارەسەریان بۆ كردم، پاشان سامپلی خۆم نارد بۆ روسیاو بەریتانیاو ئەمریكاو سوید، ئەنجامی هەموو پشكنینەكان دەریاخست ژەهرخوارد كراوم، ئیتر كە ئەم دۆخە رویدا، تەلەفۆنم بۆ قوبادی برام كرد لە هەولێر بگەڕێتەوە، كە گەڕایەوە باسی بارودۆخەكەم بۆ كرد، هاوكات لەگەڵ ئەمەدا كەسێكمان لە "دەباشان" گرت كە سیخوڕی كردبوو بە سەرمانەوە، ئەو كەسە كوڕە شەهیدێك بوو كە ماوەی (18 ساڵ) بوو لەگەڵ ئێمەدا بوو، دوای ئەوەی كە بانگمان كرد، دانی بەوەدا نا سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری كردووە. 
ئیتر دوای ئەم روداوانە بڕیارماندا گۆڕانكاری لە دەزگای زانیاریدا بكەین، كاتێك رۆیشتین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە دەزگادا بكەین، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی)مان هێنا كە بەرپرسی دەزگا بوو، ئەو رۆژە (رەنج شێخ عەلی) جێگری سەرۆكی دەزگا لەوێ نەبوو، لە بارەگای دژەتیرۆر بوو، رۆشتن لەوێ هێنایان (محەمەد تەحسین برای ئاڵا تاڵەبانییە، رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە).
كە قسەمان لەگەڵ (محەمەد تەحسین)‌و (رەنج شێخ عەلی)دا كرد، یەكسەر وتیان" ئێمە تەنیا ئەمرمان جێبەجێ كردووە"، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا كرا، رەنج وتی" ژورەكەم لە دەزگا كلیل دراوە، بڕۆن كلیلەكە ببەن‌و بیكەنەوە، لەناو سەلاجەكەمدا شتێكی تێدایە بیهێنن"، ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگا چوەتە ژورەكەی رەنج شێخ عەلی، ژەهرەكەی لەناو سەلاجەكەدا دۆزیوەتەوە، هەموو ئەم دیمەنانەشی بە كامێرا وێنەگرتووە (تا ئەم ساتە ئەژی ئەمین كە برای موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ماوەی چەند مانگێك بووە بەهۆی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاو كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دورخراوەتەوە).
دوای هێنانی ژەهرەكەی دەزگا، بۆمان دەركەوت هەمان ئەو ماددەیە كە دەرخواردی من دراوە، رەنج ناوی دوو كەسی ئاشكراكرد كە ئەوان ئەو دەرمانەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوە‌و رادەستی ئەویان كردووە، رەنج‌و محەمەد تەحسین بە نوسین‌و لەبەردەم كامێراشدا دانیان پێدا ناوە.
ئێستا هێشتا كاریگەری ژەهرەكە لەسەر جەستەم ماوە، ناتوانم وەرزش بكەم، ئەو ژەهرەی كە بە من دراوە، جۆرێكە لە هندستان ئەو خەڵكانە دەیخۆن كە دەیانەوێت خۆیان بكوژن.
من ئامادەم بابەتی ژەهرخواردكردنم نەك لە دادگاكانی كوردستان، لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات (بەریتانیا) بسەلمێنم، بۆ ئەوەی نەوترێت دادگاكانی سلێمانی لەژێر هەژمونی مندایە.
ئێستا من ناتوانم بیسەلمێنم لاهور شێخ جەنگی خۆی ژەهرەكەی كردوەتە ناو شەربەتەكەوە بۆم، بەڵام دەزانم هێنانی ئەو ژەهرە لەژێر چەتری ئەودا بووە. 

لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێ ؟
لاهور شێخ جەنگی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەژێر چەتری ئەودا ژەهرخوارد كراوە، بەتەواوەتی چیرۆكەكەی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی بە "گاڵتەجاڕی"‌و "یارییەكی منداڵانە" ناوی دەبات. 
لاهور شێخ جەنگی بەفەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا داوای لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە دەكات، لە دادگاش لەسەر ناوزڕاندنی لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای تۆماركردووە، سەرباری ئەمەش بەمەرجی ئەوە دەسەڵاتەكانی رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر كردووە، تا لیژنە پێك بێت لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمەتی ژەهر خواردنەكە. 
سەرباری ئەمە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رەنج شێخ عەلی كە دوای ئازادكردنی گەڕاوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی لەژێر فشارو هەڕەشەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە. 
كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باس لەوە دەكەن، بەر لە دانیشتنەكەی "مێرگەپان" بافڵ تاڵەبانی ئامادەكاری كردووە بۆ گۆڕانكاری ئەمنی‌و (وەهاب هەڵەبجەیی) بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری بەلای خۆیدا راكێشاوە‌و تەنیا دەزگای زانیاری ماوە كە كۆنترۆڵی بكات، لەرێگەی بانگەشەی ژەهرخواردكردنەكەشەوە ئەو دەزگایەی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە پرسی ژەهرخواردنەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو "كودەتا"یە كەبەسەر دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگیدا كراوە. 

لەنێوان دادگا‌و حزب‌و خێزاندا
سەرەتا بڕیاربوو هەردوو هاوسەرۆك كێشەكانیان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنەوە ببەنە بەردەم دادگا حكومییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای حزبەكەیان (سەركردایەتی) نەیتوانی كۆببێتەوە‌و بڕیار لەسەر كێشەكە بدات، بەمدواییە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت ئەوەی رویداوە كێشەیەكی خێزانییە‌و كوڕانی مام جەلال‌و شێخ جەنگی (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی خێزانەكەیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدان‌و ئێستا كەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.   

ژەهرەكەی بافڵ تاڵەبانی‌و ڤیكتۆر یوشینكۆ !
ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی ناوی هێناوە گوایە لە پرۆسەی ژەهرخواردكرنیدا بەكارهێنراوە، ماددەی (دایۆكسین- dioxin)ە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەكارهێنانی ئەم ماددەیە بۆ مەبەستی ژەهرخواردكردن لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە كەوتوەتە ناو بواری پزیشكییەوە‌و پێشتر بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنراوە. 
ساڵی 2004 (ڤیكتۆر یوشینكۆ) خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئۆكرانیا كاندید كرد، ئەم پیاوە سەرۆكایەتی هەوڵێكی دەكرد دژی هەژموونی روسیا لە ئۆكرانیا، پێگەی جەماوەری زۆر بەهێز بوو، ئەوكات (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ) سەرۆكایەتی ئۆكرانیای دەكرد كە لایەنگری روسیا بوو. ركابەرییە سیاسییەكە لەو سەردەمەدا زۆر بەهێز بوو، هەردوولا هەموو هێزی خۆیان بۆ خستنی یەكتر بەكارهێنا، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆخی تەندروستی (یوشینكۆ) تێكچوو، كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر دەموچاوی دەركەوت، رەوانەی نەخۆشخانەیەك كرا لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا، لەوێ پزیشكەكان رایانگەیاند یوشینكۆ بە مادەی "دایۆكسین" ژەهرخوارد كراوە.
یوشینكۆ ئەوكات باسی لەوەكرد، بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كراوە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سیاسی نوێ لەماڵی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا، ئەو بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی تەنانەت پاسەوانەكانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ئێوارە خوانەكە، بەڵام دوای ئەو نانخواردنە دۆخی تەندروستی تێكچووە، پزیشكە نەمساوییەكان باسیان لەوە دەكرد ئاستی ماددەی (دایۆكسین) لە خوێنی یوشینكۆدا هەزار هێندە لە بڕی ئاسایی ئەو ماددەیە لە جەستەی مرۆڤدا زیاترە.
دوای ئەم رووداوانە، سەرۆك یانۆكۆڤیچ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە، لایەنگرانی یوشینكۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پرۆسەیەكی ساختەكاری گەورە رویداوە، خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، ئەمە لە مێژووی ئۆكرانیادا ناوی لێنرا "شۆڕشی پرتەقاڵی"، شۆڕشەكە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی حكومەتیان ناچاركرد ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەمجارەیان یۆشینكۆ هەڵبژاردنەكەی بردەوە‌و بوو بە سەرۆكی ئۆكرانیا. 
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، رەخنە لە شۆڕشەكەی یوشینكۆ دەستی پێكرد، تۆمەتباریان كرد بەوەی ئامانجەكانی شۆڕشی بەدی نەهێناوە‌و لەناو گەندەڵیدا نقوم بووە، ساڵی 2010 كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی یوشینكۆ هات‌و سەرلەنوێ ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ دەسەڵاتی گرتەوە دەست.   


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand