پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەکابینەی نۆیەم
2021-08-08 11:21:08
شیكاری: درەو
پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە دابەشبوون بەسەر؛
(216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار) دینار.
پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار) دینار.
(232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار) دینار.
پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە ڕێژەی (5.7%)ی کۆی پرۆژەکان و بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار کە دەکاتە ڕێژەی (2.8%) کۆی خەرجییەکان.
یەکەم؛ پرۆژە خزمەتکوزارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (434 ملیار و 369 ملیۆن) دیناری بۆ (279) پرۆژەی جیاواز لە بواری وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، لە بوارەکانی (رێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، ئاوو ئاوەڕۆ، کارەبا، یەکەی نیشتەجێبوون ...هتد)، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم کوردستان، لە پارێزگای هەولێر (108) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (39) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (116) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (16) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز)
بەپێی خشتەی ژمارە (1) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، گۆڕانکاری بە دروست دەبێت و لە کۆی (279) پرۆژە (147) پرۆژەیان بە ڕێژەی (53%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (132) پرۆژەیان بە ڕێژەی (47%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بە هەمان شێوە کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (434 ملیار و 369 ملیۆن)دینارە، (228 ملیار 517 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (205 ملیار و 852 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (1))
دووەم: پرۆژە جۆراو جۆرەکان
هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار و 712 ملیۆن) دیناری بۆ (167) پرۆژەی وەزارەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژەکان بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (58) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (25) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (73) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (11) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز)
بەپێی خشتەی ژمارە (2) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، تا ڕادەیەک جۆرێک لە هاوسەنگی بە دروست دەبێت و لە کۆی (167) پرۆژە (83) پرۆژەیان بە ڕێژەی (49.7%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (84) پرۆژەیان بە ڕێژەی (50.3%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بەڵام کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، بەڵام (219 ملیار 979 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (193 ملیار و 733 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
سێیەم: پەرەپێدانی پارێزگاکان
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی (20 ملیار و 657 ملیۆن) دیناری بۆ (112) پرۆژەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژانە بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (50) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (14) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (43) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (5) پرۆژە هەبووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز)
بەپێی خشتەی ژمارە (3) پارێزگای هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، ئەو ڕاستییە بەدیدەکرێت کە زۆرترین پرۆژەیان لە زۆنی زەرد و زۆرترین خەرجیشی لە زۆنی سەوز بوو، بە جۆرێک لە کۆی (112) پرۆژە (64) پرۆژەیان بە ڕێژەی (57.14%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (48) پرۆژەیان بە ڕێژەی (42.86%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، (8 ملیار 538 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (41.33%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (12 ملیار و 119 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (58.67%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
چوارەم: کۆی گشتی پرۆژەکان
پاڵپشت بەو ئامارانەی سەرەوەو بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە. دابەشبوون بەسەر (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار و 336 ملیۆن) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار و 698 ملیۆن) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار و 606 ملیۆن) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) و (چارتی ژمارە (4))