قەیس سەعید .. لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی
2021-08-01 19:12:35
درەو:
كاتێك قەیس سەعید گەیشتە كۆشكی سەرۆكایەتی لە تونس قسەوباسی زۆری لێكەوتەوەو بە " كاندیدو پیاوی ئیخوان" ناوبرا, لە ئەنجامی ئەو پشتیوانییە بەهێزەی كە بزوتنەوەی نەهزە لێی كرد لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیداو دوای ئەوەی كاندیدەكەی خۆی عەبدولفەتاح مۆرو لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا شكستی هێنا, بەڵام دوای دوو ساڵ لە سەرۆكایەتی وڵات چەندین پەیامی ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان كردو هۆشداریشیدا بە بزوتنەوەی نەهزەو كوتلەكەی لە پەرلەمانو تۆمەتباریكردن بە هەوڵدان بە هەڵتەكاندنی دەوڵەت لە ناوەوەو تاڵانكردنی دارایی گشتیو كاركردن بۆ ئەوەی تونسییەكان دابەشی دووبەرە بكاتو هەژاریان بكات, هەروەها بێزاریو نیگەرانی خۆشی لە رۆڵی هیشام مشیشی سەرۆكی حكومەت دەربڕیو چەندین رەخنەی ئاراستەی كارەكانی پەرلەمان كردو ئەندامەكانی تۆمەتباركرد بەوەی كە پارێزبەندیی پەرلەمانییان بەكاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی تاوانو دەربازبوون لە دەسەڵاتی دادوەریی, بەڵام هەرگیز ئەو هەنگاوانەی رون نەكردەوە كە دەیانگرێتەبەر بۆ جڵەوگیركردنیان.
25ی مانگی رابردوو, ئەو كاتە هات كە قەیس سەعید بڕیاریدا كۆتایی بە حكومیی ئیخوان بهێنێت, كاتێك بڕیاریدا خۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئەستۆبگرێتو بە ئاشكرا شەڕ لەدژی ئیخوان رابگەیەنێت بۆئەوە پشتی بەو پاڵپشتی جەماوەریی بەستوەو لە دەستپێكی شەڕەكەشدا كارەكانی پەرلەمانی سڕكردو پارێزبەندی لەسەر ئەندامەكانی هەڵگرتو سەرۆكی حكومەتی دوورخستەوەو بۆئەوەی یەكێك لە بڕگەكانی باڵاترین یاسای وڵاتی بەكارهێنا كە دەسەڵاتی ئەوەی پێدەدات ئەویش فەسڵی 80ی دەستوری وڵاتە.
قەیس سەعید كە زۆر بەكەمی بە شێوەزاری عەرەبی تونسی قسەدەكات, لەلایەن زۆرینەی تونسییەكانەوە بە پیاوێكی پاكو توندو رێك ناسراوەو نمونەیە بۆ خاكیی بوون, 22ی شوباتی 1958 لە خێزانێكی سەربە چینی ناوەند لە باوكێكی فەرمانبەرو دایكێكی ژنی ماڵەوە لە دایك بووە, لە زانكۆی تونس یاسای خوێندووەو دواتر چەندین بڕوانامەی باڵای بەدەستهێناوەو وەك مامۆستای یاسای دەسوری لەو زانكۆ وانەی وتوەتەوە تا ساڵی 2018و خانەنیشن بوونی.
قەیس سەعید ساڵی 1985 بڕوامانەی توێژینەوەی قوڵی لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی لە كۆلێژی مافو زانستی سیاسی بەدەستهێناوە, ساڵی 1986 دیپلۆمی لە ئەكادیمیای نێودەوڵەتی یاسای دەستوریی بەدەستهێناوەو ساڵی 2001 دیپلۆمی لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ یاسای مرۆڤایەتی لە ئیتالیا بەدەستهێناوەو بووە لە دیارترین كەسایەتی تونس لە بواری یاساو دەستوردا.
قەیس سەعید هەموو ژیانی بۆ پیشەی مامۆستایەتی تەرخانكرد, سەرەتا لە زانكۆی مافو زانستە ئابورییو سیاسییەكانی پارێزگای سوسە دەستی بە وانە وتن كردووەو ماوەیەكی كورتیش لە 1994 تا 1999 سەرپەرشتی بەشی یاسای كردووەو پاشان چوەتە زانكۆی زانستە یاساییو سیاسییەكان لە تونسی پایتەختو هەتا 2018 لەوێ ماوەتەوەو یەكێكیش بووە لە تیمی شارەزایانەی ئەمیندارێتی گشتی كۆكاری وڵاتانی عەرەبیو بەشداریشی كردووە لە ئامادەكردنی دەستوری نوێی تونس.
دوای شۆڕشی تونس لە ساڵی 2011 بەهۆی دەركەوتنی زۆریەوە لە میدیاكانو شاشەكانی تەلەفزیۆن بۆ لێكدانەوەی پرسە یاسایی و دەستورییەكانی تایبەت بە وڵات لەلایەن گەلی تونسەوە ناسراو خەڵكی تونس كەسایەتییەكی جیاوازیان ناسی بەهۆی شێوازی قسەكردنییەوە كە زیاتر پشتی بە زمانی عەرەبی قەواعیدی قسەی دەبەستو زۆر جدیانەو بەبێ وەستان قسەی دەكرد هەتا نازناوی " پیاوی رۆبۆت" یان پێبەخشی.
لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی
ئەستێرەی قەیس سەعید كاتێك درەوشایەوە لە گۆڕەپانی سیاسی تونسدا كاتێك رایگەیاند وەك كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكاتو دەستبەجێی چەندین پەیجو ئەكاونت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كرانەوە بۆ پشتیوانیكردن لێو بانگەشەكردن بۆی و بەشێكی زۆری ئەوانەش لەلایەن خوێندكارانی زانكۆوە ئەنجامدرانوبەوەش بووە یەكێك لە كاندیدە دیارەكانی هەڵبژاردنەكەو لە راپرسییەكاندا جێگەی خۆی كردەوە.
سەرەڕای ئەوە كەس بە راستی پێشبینی ئەوەی نەدەكرد كورسی سەرۆكایەتی بباتەوە, ئەو پیاوێكی سادەو هێمنی نیشتەجێی گەڕەكێكی شەعبی بوو, سەر بەهیچ حزبێك نەبوو هیچ لایەنێكی حزبیش پشتیوانی نەدەكردو پاشخانێكی سیاسیی بەهێزی ئەوتۆی نەبوو كە كێبركێی ناوە دیارەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی تونس بكاتو روبەروی ئەو كاندیدانە ببێتەوە كە لەرووی مادیو سیاسیو میدیاییەوە پاڵپشتییەكی زۆریان هەبوو.
قەیس سەعید لە نوسینگەیەكی ناو باڵاخانەیەكی كۆنی ناوەڕاستی پایتەختدا دەستی بە بانگەشەكرد, هیچ گردبوونەوەیەكی جەماوەریی گەورەی بەڕێوەنەبردو هیچ لافیتەیەكو وێنەیەكی گەورەی خۆی لە شەقامەكاندا هەڵنەواسی, تەنها بە ئۆتۆمبیلە تایبتەكەی خۆی چەند شارو شارۆچكەیەك گەڕاو لە چایخانەوە بازاڕە میللییەكاندا دیداری لەگەڵ خەڵكدا دەكردو رەتشیكردەوە پارەی گشتی تەرخانكراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن وەربگرێتو دەیوت:" ئەو پارەیە پارەی گشتییەو تەنها مافی گەلی تونسە".
بەم رێگا سادەیە سەعید توانی پشتیوانییەكی بەرفراوانی جەماوەری تونس بەدەستبهێنێت بە تایبەتی لەنێو چینی گەنجو خوێندكاراندا, هەروەها توانی بەسەر چەندین كاندیدی بەهێزدا سەربكەوێت كە لەلایەن حزبەكانو میدیاكانو سەرمایەدارانو بزنسمانانەوە پشتیوانی دەكرانو كۆتایی چەندین كەسایەتی سیاسی دیاری نوسییەوە كە تا ماوەیەكی نزیك بوون لە هەرەمی دەسەڵاتو بەبەدەستهێنانی لەسەدا 72ی دەنگی دەنگدەران كورسی سەرۆكایەتی بەدەستهێنا.
بەرنامەی سیاسی قەیس سەعید كە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا خستییەڕوو پشتی دەبەست بە پێدانی رۆڵی میحوەر بە ناوچەكانو دابەشكردنی دەسەڵات بەسەر ناوچەكاندا لەرێگەی هەمواركردنی دەستورەوە.باوەڕی واایە كە دۆخی ئێستا وا دەخوازێت سیستمێكی سیاسیو ئیداریی نوێ بونیادبنرێت لە رێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنە خۆجێییەكانەوەو بەشداریی دەسەڵاتیان پێ بكرێت, هەروەها باوەڕی وایە كە دوای شۆڕش گەلی تونس دەبێت خۆی پلانو ستراتیژی فیكریو ئابوری بۆ بەرەوپێشبردنی ولات دابنێت نەك بە پێچەوانەوە.
قەیس سەعید لەگەڵ دادوەر ئیشراف شبیل كە هاوڕێی زانكۆی بووە هاوسەرگیری كردووەو دوو كچ و كوڕێكی هەیە.
العربية نت