تەنافێك شوێنەكەی بن لادنی ئاشكرا كرد
2021-08-01 10:54:20
(درەو):
چەند ئاماژەیەك سەرنجی كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایان راكێشا بۆ ئەوەی شوێنى ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی (قاعیدە) بدۆزنەوەو بیكوژن، یەكێك لەو ئاماژانە "تەناف"ێك بوو، ئەگەر بنلادن وشككەرەوەی جلوبەرگی بۆ هاوسەرەكانی دابین بكردایە، رەنگە چارەنوسی جیاوازتر بوایە.
رۆژنامەی (نیویۆرك پۆست)ی ئەمریكی باس لە ناوەڕۆكی كتێبێك دەكات بەناوی "سەركەوتنو كەوتنی ئوسامە بن لادن"، كە لەلایەن (پیتەر بێرگن)ەوە نوسراوەو بڕیارە رۆژی سێ شەممە بڵاوبكرێتەوە، نوسەر لەم كتێبەدا باس لە وردەكاری سەرەنجڕاكێش دەكات لەبارەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی بن لادنەوە.
بەپێی كتێبەكە، بەهۆی هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكاوە، خانەوادەی بن لادن پەرشو بڵاوبوەتەوە، كاتێك بن لادن هەستی كردووە كە چیتر بەو ئاستەی پێشتر لەلایەن ئەمریكییەكانەوە راوەدوو نانرێت، فەرمانی بە پاسەوانە تایبەتەكەی (ئیبراهیك عەبدولحەمید) كردووە، خانویەكی گەورەی لە شاری (ئەبوت ئاباد)ی پاكستان بۆ ئامادە بكات كە جێگای هەموو خێزانەكەی تێیدا ببێتەوە.
رۆژنامەكە ئەم خانووە بە ماڵێكی پارێزراو ناودەبات كە بن لادن هەوڵیداوە لەرێگەیەوە خێزانەكەی سەرلەنوێ كۆبكاتەوە.
ئیبراهیمو براكەی لەگەڵ خێزانەكانیاندا لە پاشكۆیەكی ئەم ماڵەدا لەگەڵ بن لادن ژیاون، ساڵی 2010 دەزگا ئەمنییەكان چاودێری ئیبراهیمیان كردووە بە ئۆتۆمبیلە سپییەكەیەوە، تا ئەوكاتەی گەیشتونەتە خانوەكەی بن لادن، ئیتر لێرەوە دەستیان كردووە بە پرۆسەی چاودێریكردنو كۆكردنەوەی بەڵگە.
خانوەكە بە دیوارێك پارێزراوە كە بەرزییەكەی نزیكەی (5,5) مەتر بووە، لەسەر دیوارەكانیش تەلی دڕكاوی دانراوە، هاوسەرەكانی بن لادن كە سێ ژن بوون لەگەڵ (8) منداڵو (4) نەوەی تری بن لادن لەگەڵ رێبەری رێكخراوی قاعیدەدا لەم خانوەدا ژیاون، هیچ یەكێك لەمانە بەدەگمەن نەبێت، لە ماڵ نەچونەتە دەرەوە.
لەكاتی چاودێركردنی ماڵەكەدا، كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) هەستیان بە بارودۆخێكی نائاسایی كردووە كە سەرەنجی راكێشاون، لەوانە دیزاینو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لەماڵەكەدا هەبووە.
دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بۆی دەركەوتووە، ئەم ماڵە سەرباری ئەوەی دەردەكەوێت هی كەسێكی دەوڵەمەند بێت، بەڵام هیچ جۆرە هێڵێكی تەلەفۆنی تێدا نییە، تەنانەت هێڵی ئینتەرنێتیشی نییە.
سەرباری ئەمە، بۆ كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا جێگای سەرەنج بووە خانووەكە ژمارەیەكی كەم پەنجەرەی تێدایە، بانیژەی خانووەكەش لە هەموو لایەكەوە بە دیوارێكی بەرز دەورە دراوە، دواتر دەركەوتوو ئەم بانیژە شوێنی تایبەتی بن لادن بووە.
لەكاتێكدا دراوسێكان زبڵو خاشاكی ماڵەكانیان خستوەتە ناو زبڵدانەوە، كەچی دانیشتوانی ئەم خانوە پارێزراوە زبڵو خاشاكی خۆیان سوتاندووە، ئەمە سەرەنجی زیاتری راكێشاوە.
بەپێی ئەوەی نوسەری كتێبەكە باسی دەكات، ئاماژەیەكی تر كە گومانی كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای زیاد كردووە، تەنافێك بووە كە جلیان پێدا هەڵخستووە، ژمارەیەكی زۆر جلوبەرگ بەم تەنافەوە بووە، كە 11 كەس لە خێزانی پاسەوانە تایبەتەكە ئەم جلوبەرگانەیان پۆشیوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنی كارمەندانی " CIA" كە لەسەر بنەمای شیكاریی بۆ تەنافی جلەكان كردویانە، لەم خانوەدا پیاوێكو چەند ژنێكی پێگەیشتوو لەگەڵ لانی كەم حەوت منداڵ هەیە، ئەمەش شتێك بووە كە لەگەڵ دۆخی ژیانی بن لادندا گونجاو بووە، ئەم شیكارییە بووە كە ئیدارەی ئەمریكای قایل كردووە، ئەمە لەپاڵ ئەو شیكاریانەی تر لەكاتی چاودێكردنی خانوەكەدا ئەنجامدراون.
مانگی ئایاری 2011 باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا فەرمانیدا بە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كوشتنی بن لادنو لە تەمەنی (54) ساڵیدا كوژرا.
بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە لەبارەی وردەكاری كوشتنی بن لادن، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی 20 ساڵەی هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا كە لانی كەم (2 هەزارو 977) كەس كوژران.
رۆژنامەكە ئەمریكییەكە بە پلارەوە نوسیویەتی" ئەگەر بن لادن وشككەرەوەی جلوبەرگی بۆ هاوسەرەكانی دابین بكردایە، رەنگ بوو چارەنوسی جیاوازتر بوایە".