لەسەر کارەبا كێشە لەنێوان کۆمپانیای (نالیا)و شاری (دایک) رویدا
2021-07-26 15:47:35
(درەو):
لەسەر راكێشانی كارەبای حكومی، كێشە لەنێوان كۆمپانیای (نالیا)و پرۆژەی كارمەندانی (شاری دایك)ی کۆمپانیای (ساوس کوردستان) رویدا، هەردوولا سكاڵای یاسایی لەسەر یەكتر تۆمار دەكەن.
كەناڵی (NRT)ی سەربە کۆمپانیای (نالیا) راگەیاند، خاوەن پرۆژەیەك لە شاری سلێمانی تەقەی بەسەر تیمێكی راكێشانی كارەبادا كردووە، لەكاتێكدا تیمەكە سەرقاڵی راكێشانی تۆڕێكی كارەبای حكومیدا بوون و رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەباو شارەوانی سلێمانیان هەبووە.
(درەو) پەیوەندی كرد بە كاوە حاجی فایەق خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری (دایك)ەوە کرد، كێشەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند:"ئەوان هاتوون تەعەدامان لێدەكەن و شەڕمان پێدەفرۆشن".
وتی:"گرێبەستێك لەنێوان ئێمەو كۆمپانیای نالیا هەیە، بەڵام ئەوان گرێبەستەكەیان جێبەجێ نەكردووەو هاتوون لەناو پرۆژەكەی ئێمەوە هەشت حەفارەیان هێناوەو چاڵیان هەڵكەندووەو كارەبا رادەكێشن".
بەپێی قسەی خاوەنی پرۆژەی شاری (دایک)، ئەوان پێشتر داوای کارەبای حکومییان کردووە بۆ پرۆژەکەیان، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی وتویانە دەبێت (33) كەیڤی رابكێشن، لە كاتێكدا ئەوان پێویستمان بە (11) كەیڤی هەبووە، بەهای (33) كەیڤیەكە (یەك ملیۆن) دۆلار بووە.
کاوە حاجی فایەق باسی لەوەکرد، بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی ئەوكات پێی وتوون، ئێوە کارەباکە رابكێشن ئاساییە، بەڵام ئەگەر كۆمپانیای (نالیا)و كۆمپانیای (قەیوان) پێویستیان بەكارەبا هەبوو، دەبێت سێیەكی پارەكە بۆ ئێوە بگەڕێننەوە.
"ساڵی رابردوو نوێنەری كۆمپانیای نالیا هاتە لامان و داوای ئەو كارەبایەیان كردو رێككەوتین لەسەر ئەوەی پشكی خۆیان كارەبا ببن و بڕی (300 هەزار) دۆلارمان بدەنێ، چونكە ئێمە پێشتر ئەو كارەبایەمان كڕیبوو، بەڵام ماوەی ساڵێكە رێككەوتن كراوەو بڕیاربوو کۆمپانیای نالیا ئەو (300 هەزار) دۆلارە بە سێ وەجبە بدەنە شاری دایك، سەرەتا (100 هەزار) دۆلار و دواتر (100 هەزار) دۆلاری تر و كە تەواویش بوو (100 هەزار) دۆلار، بەڵام تائێستا یەك دیناریان نەداوە، بەبێ ئەوەی یەك دۆلار بدەن ئەمڕۆ هەشت حەفارەیان هێناوەتە ناو پرۆژەكەمان و چاڵ هەڵدەكەنن بۆ راكێشانی كارەباكە" بەڕێوەبەری پرۆژەی شاری دایک وادەڵێ.
كەناڵی (NRT) رایگەیاند، داوای یاسایی لەسەر خاوەنی ئە پرۆژەی (دایک) تۆماركراوە، چونکە تەقەی كردووە، خاوەنی شاری (دایك)یش دەڵی" ئێمەش سكاڵایان تۆمار دەکەین".
لەبەرامبەردا خاوەنی كۆمپانیای ساوس كوردستان دەڵێت ئەوەی روویداوە كارمەندێكی سكیوریتی بووە كەدوو فیشەكی موختار كوژی تەقاندووە بۆ هیوركردنەوەی دۆخەكە، ئێمەش سكاڵامان تۆماركردووە.