عێراق کورتهێنانەکانی پڕ دەکاتەوە
2021-07-08 14:51:48
شیكاری: درەو
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، مانگانە زیاتر لە(5 ترلیۆن ) دینار داهاتی بۆ خەزینەی حكومەتی عێراق زیاد كردووە، بۆ هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (300 ملیار) دینار، لە حوزەیرانی 2020دا داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم (174 ملیار) دیناربووە، حوزەیرانی 2021 گەیشتوەتە (511 ملیار) دینار، لە ماوەی (5)مانگی یەكەمی ئەمساڵدا عێراق زیاتر (441) ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، كەداهاتەكەی زیاتر لە (39) ترلیۆن دینارە، ئەگەر بەهەمان بڕ بەردەوام بێت و نرخی نەوت لەم ئاستەدا بمێنێتەوە سەرجەم كورتهێنانەكەی پڕ دەكاتەوە كە لە یاسای بودجەی 2021 بە (28) ترلیۆن دینار خەمڵیندراوە.
نەوتی عێراق لە نێوان دوو حوزەیراندا:
داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان حوزەیرانی 2020 و حوزەیرانی 2021 حكومەتی عێراق بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە حوزەیرانی 2020دا بەرمیلێك نەوتی بە (33.86) دۆلار فرۆشتووە كە كۆی داهاتەكەی (2 ملیارو 861 ملیۆن) دۆلار بووە كە بە پارەی ئەو كاتی عێراق ( لەبانكی ناوەندی دۆلارێك بە 1180 دینار بووە) كردویەتیە ( 3 ترلیۆن و 375 ملیار) دینار.
بەڵام دوای ساڵێك و لە حوزەیرانی 2021دا بەرمیلێك نەوتی بە (70.77) دۆلار فرۆشتووە كە كۆی داهاتەكەی (6 ملیارو 141 ملیۆن) دۆلارە و بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە بەهاكەی ( لەبانكی ناوەندی دۆلارێك بە 1450 دینارە) واتا دەكاتە ( 8 ترلیۆن و 904 ملیار) دینارە.
واتا بەهۆی بەربوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوتەوە داهاتی نەوتی عێراق لە (2 ملیارو 861 ملیۆن) دۆلارەوە بووە بە (6 ملیارو 141 ملیۆن) دۆلار، واتا داهاتی نەوتی عێراق (3 ملیارو 280 ملیۆن) دۆلار تەنیا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە زیادیكردوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە (1180 دینارەوە بۆ 1450 دینار بەپێی بانكی ناوەندی عێراق) داهاتی نەوتی عێراق ( ترلیۆنێك و 658 ملیار) دینار زیادی كردووە.
واتا بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە (33) دۆلارەوە بۆ (70) دۆلار و بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە (1180 دینارەوە بۆ 1450 دینار) ، داهاتی عێراق تەنیا لە نەوتدا ( 5 ترلیۆن و 529 ملیار) دینار زیادی كردووە.
داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی (حوزەیران) 6/2020
• نەوتی هەناردەكراو: ( 84ملیۆن و 490هەزارو 194) بەرمیل نەوت
• رۆژانەی هەناردەكراو: ( 2ملیۆن و 816هەزار) بەرمیل
• داهاتی نەوت: ( 2 ملیارو 861ملیۆن و 141 هەزار) دۆلار
• نرخی بەرمیلێك نەوت: (33.86) دۆلار.
داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی (حوزەیران) 6/2021
* بڕی (86 ملیۆن 765 هەزار و 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەكراوە.
* داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6 ملیار و141 ملیۆن 77) هەزار دۆلار.
* ڕۆژانە تێكڕا (2 ملیۆن و 892هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.
* تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.
نەوتی هەرێم لە نێوان دوو حوزەیراندا:
داهاتی نەوتی هەرێم لە نێوان حوزەیرانی 2020 و حوزەیرانی 2021 بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینارەوە زیادی كردووە.
بە پێی راپۆرتی دیلۆیت لە حوزەیرانی 2020دا، حكومەتی هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (28) دۆلار فرۆشتووە كە كۆی داهاتەكەی (350 ملیۆن) دۆلار بووە بە پارەی ئەو كات كردویەتیە كە لەبانك دۆلارێك بە (1180 دینار) ئاڵوگۆڕی پێكراوە ( 413 ملیار) دینار، ئەو داهاتە (58%)ی بۆ خەرجی بووە (239 ملیار) دینار و (42%) واتا (174 ملیار) دیناری بۆ خەزێنەی حكومەت.
لە حوزەیرانی 2021 حكومەتی هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (64) دۆلار فرۆشتووە كە كۆی داهاتەكەی (822 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە ( ترلیۆنێك و 191 ملیار) دینارە.
واتا بەهۆی بەربوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوتەوە لە(28) دۆلارەوە بۆ (64) دۆلار، كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە (350 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ (822 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە واتا (472 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناریش داهاتی نەوتی هەرێم لە ( 413 ملیار) دینارەوە بۆ ( ترلیۆنێك و 191 ملیار) دینار زیادیكردووە واتا ( 778 ملیار) دینار، واتا لە حوزەیرانی 2020 ەوە بۆ حوزەیرانی 2021، كە لە (174 ملیار دینارەوە بۆ 511 ملیار) دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت زیادی كردووە بڕی زیادەدەكاتە (337) ملیار دینار.
مانگی حوزەیرانی 2020 كۆی داهاتی نەوتی هەرێم (413 ملیار) دینار بووەو (174 ملیار) دیناری بۆ خەزینەی حكومەت بووە. بڕیاری لێبڕینی 21%ی موچەی موچەخۆران درا، ئێستا داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە ( ترلیۆنێك و 191 ملیار) دینار و (511 ملیار) دیناری بۆ خەزینەی حكومەتە واتا مانگانە (337 ملیار) دینار داهاتی نەوت زیادی كردووە بەڵام لێبڕینی موچە بەردەوامە.
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 31/3/2021 دەنگی لەسەر درا؛
1. یاساکە خەرجییەکانی بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار تەرخان کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد).
2. کۆی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە (١٠١) ترلیۆن و (٣٢٠) ملیار و (١٤١) ملیۆن و (٩٨٤) هەزار دینار خەمێندراوە، لە سەرچاوەکانی؛
- بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە.
- بەپێی یاساکە نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە بە مەرجێک ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە.
- بەپێی یاساکە داهاتی نانەوتی بەڕێژەی (٢٠%) و بە(٢٠) ترلیۆن و (١٤٩) ملیار و (٢٩) ملیۆن و (٤٨٤) هەزار دینار دیاریکراوە.
3. کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش پشت دەبەسترێت بە؛
- پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
- زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت.
- پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.
ئەم چارتەی خوارەو بەڕونی خەرجی و داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2021 ڕوندەکاتەوە.
چارتی ژمارە (1)
ئەگەر بەهای (1) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (1) دۆلار بەرزبێتەو، داهاتی عێراق (1.5-1) ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە لە ساڵەکەدا، بەڵام ڕەنگە ئەمە خوێندنەوەیەکی ورد نەبێت، چونکە بەو ڕێژەیە بەرزبوونەوەو نزمبونەوەی نرخی نەوت بەتەنها تەحکوم ناکات بە داهاتی گشتی عێراقەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکان نەوتی عێراق بەردەوام نرخی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت، بەجۆرێک نرخی هەر بەرمیلێکی نەوتی برێنت لە مانگی ڕابردوودا (75) دۆلاری تێپەڕاندو لە ئێستاشدا نرخی زیاتر لە (73) دۆلارە. بەڵام (1) بەرمیل نەوتی عێراقی بەردەوام نزیک لە (7) دۆلار کەمتر لەو نرخە دەفرۆشرێت، ئەویش بەهۆی بوونی ئاوو خەوش و خڵتە لە پێکهاتەی نەوتەکەدا، بە بەڵگەی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا عێراق نەوتی بە وڵاتێکی ئەوروپی فرۆشتووە، بەڵام لەبەرئەوەی لە پێکهاتەی نەوتەکەدا بڕێک ئاوو خڵتەی تێدابووە، لەسەر سکاڵای کڕیارەکە بەناچاری تێچووی پاڵاوتنەکەی کەوتووتە ئەستۆی عێراق. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەرهێنانی (1) بەرمیل نەوت تێچونەکەی نزیکەی (9.5) دۆلارە.
سەرباری ئەوانەش بەهۆی ڕێککەوتنی ئۆپێکەوە عێراق ناتوانێت بڕی هەناردەکردنی نەوت بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزبکاتەوە، بەشێک لە نەوتەکەش بۆ پاڵپشتی و پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنێت.
ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر دیاریکردنی کورتهێنان یان زیادبوو (فائیز)بوونی بودجەی گشتی هەیە؛
1. نرخی نەوت؛ نرخی نەوت ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە پشت بە تێکڕای نرخی مانگانە یاخود ساڵانە و دەبەسترێت لە کۆتایی ساڵی داراییدا، بۆیە زۆرجار لە کۆتایی ساڵ بڕیار دەدرێت کە بودجەی گشتی کورتی هێنانەوە یان فائیزی هەبووە.
2. بڕی هەناردەکراو؛ بڕو ڕێژەی هەناردەکردن هیچی کەمتر نییە لە نرخی نەوت، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لەگەڵ کوتهێنان یان زیادکردنی داهات. بەڵام ئەگەر لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی نرخ و بڕی هەناردەکراو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زیادکردنی داهات جێدەهێڵیت. بەڵام مەرج نیە هەموو ئەو پلانەی دانراوە بۆ هەناردەکردنی نەوت تا کۆتایی ساڵ وەک خۆی جێبەجێبکرێت. بۆ نمونە هەناردەکرنی نەوت کە مانگی کانونی دووەمی 2021 بریتی بووە لە (2) ملیۆن (960) ملیۆن بەرمیل لە کاتێکدا ئەمە پێچەوانی ئەو پلانەیە کە لە یاسای بودجەی 2021 جێگیر کراوە کە پێویست وایە (3) ملیۆن (250) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات بە (250) هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.
بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکە بە دوو ئاراستەیە، لەوانەیە بەرزبوونەوەی بەهای نەوت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە بە بەهۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنەوە دروست دەبێت، وە بە پێچەوانەشەوە دەکرێت بەهۆی بەرزکردنەوەی بڕی هەناردەکردنەوە ئەو کورتهێنانە پڕبکرێتەوە کە دەکرێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕوو بدات لە داهاتوودا.
3. داهاتی نانەوتی: ئەم هۆکارە ئەگەر چی تا ڕادەیەک سەقامگیرە، ئەمیش لەسەر چەند پرسێک وەستاوە؛ کە بریتین لە داهاتەکانی باج و خاڵە گومرگییەکان، ئەگەچی هەوڵێکی زۆر هەبوو لە کابینەیەی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرجەم خاڵە سنورییەکان، بەڵام بەهۆی ڕێککەوتنی سیاسی و ئامانجی ژێربەژێر و مەنتقی هێزەوە نەتوانراوە تا ئێستا ئەوە بکرێت.
بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر
بۆ نمونە هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئایاری 2021 بەم شێوەیە بووە
- بڕی هەناردە کراو: (89) ملیۆن و (881) هەزار بەرمیل نەوت بووە
- تێکڕای نرخی نەوت: (65.8) دۆلار بووە
- جیاوازی نێوان نزمترین و بەرزترین نرخ: (20.8) دۆلار
- داهاتی نەوت لە هەمان مانگدا: (5) ملیار و (717) ملیۆن و (917) هەزار دۆلار بووە
- جیاوازی داهاتی نەوت بە نزمترین نرخی نەوت لە هەمان مانگدا؛ (20.8)x (89881) هەزار دەکاتە (1) ملیارو (869) ملیۆن (524) هەزار دۆلار.
-
هەناردەکردن و داهاتی نەوت لە کانونی دووەم بۆ ئایاری ساڵی 2021
لە نێوان دۆخی بازاڕ و یاسای بودجەدا (بە دۆلار)
پاڵپشت بەو خشتەیەی سەرەوە گریمانەی ئەوە دەکەین؛
1. ئەگەر هەموو مانگێک داهاتی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوەو فائزی بودجەکەی (1.5) ملیار دۆلاری مانگانە بێت و بە (12) مانگەکە دەبێتە نزیکەی (18) ملیار دۆلار، لەسەر ئەو بنەمایەی نرخی (1) دۆلار بە (1450) دینارە.
ئەوا دەکاتە نزیکەی (25) ترلیۆن دینار و ئەو بڕەی لێ دەربکەین کە وەک کورتهێنان دیاریکراوە بە بڕی (28) ترلیۆن دینار، ئەوا تەنها (3) ترلیۆن دینار کورتهێنانی دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ئەم گریمانەیە.
2. تێکڕای نرخی نەوت لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردووی ساڵی 2021 وەک لە خشتەکەدا هاتووە بریتییە لە (61.20) دۆلار، لە کاتێکدا لە ئێستادا نرخی نەوتی برێنت (74) دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوەو هەناردەکردنی بڕی نەوت بە جێگیری بهێڵێتەوە، ئەو فائیزەی داهاتی نەوت بۆسەر بودجەی گشتی دروست دەبێت.
سەرچاوەکان
1. درەومیدیا، کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار لەسەر بودجەی گشتی؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8178
2. احمد حامد الهذال،أثر ارتفاع أسعار النفط على موازنة 2021 في العراق، مركزُ البيان للدراسات والتخطيط؛
https://www.bayancenter.org/2021/07/7177/