كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ژمارە 56ی سڕییەوە
2021-07-07 08:44:03
(درەو):
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارەی (56)ی لە تیروپشكی پێدانی ژمارە بە كاندیدەكانی هەڵبژاردن سڕییەوە، بڕیارەكەی كۆمسیۆن دوای ئەوە هات كاندیدەكان رەتیان كردەوە ئەو ژمارەیە لەسەر ناوی ئەوان لە كارتی دەنگدان بنوسرێت.
ژمارەی گەندەڵی
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هۆكاری سڕینەوەی ژمارە (56) لە تیروپشكی پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ئەم ژمارەیە ماددەی (456)ی یاسای سزادانی عێراقی بەبیری خەڵكدا دەهێنێتەوە كە ساڵی 1969 دەرچووەو تایبەتە بە تاوانەكانی (دزیكردنو گەندەڵیو وەرگرتنی بەرتیل).
لەم روانگەیەوە هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراب نایانەوێت ژمارە (56) وەربگرن، بەتایبەتیش كە زۆرینەی كاندیدەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر سەركەون بۆ پەرلەمان، روبەڕووی ئەو گەندەڵییە دەبنەوە كە عێراق تێیدا نقوم بووە.
لابردنی ژمارە (56) لە تیرو پشكی پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان كاریگەری لەسەر پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگدان دەبێت لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، چونكە چاودێرانو ئەو كارمەندانەی كە دەنگەكان جیا دەكەنەوە، پەنا بۆ ریزبەندی ژمارەیی كاندیدەكەن دەبەن، بەڵام ئەمجارە ئەمە رونادات، هەرچەند كۆمسیۆن بەڵێنیداوە ئەم گرفتە چارەسەر بكات.
ژمارە 56 یەكێك لەو ژمارانەیە كە ئەمساڵانەی دوایی لە عێراق لەناو خەڵكدا زۆر بەكاردەهێنرێت، وایلێهاتووە، ئەگەر كەسێك بیەوێت ئاماژە بۆ كەسێك بكات كە گەندەڵە دەڵێ" فڵانە كەس 56"ە، واتە ماددەی (456)ی یاسای سزادانی عێراقی دەیگرێتەوە.
كێ لە پشت بڕیارەكەوە بووە ؟
كۆمسیۆن بڕیاری لابردنی ژمارە (56)ی داوە لە ریزبەندی كاندیدەكاندا، بەڵام لەناوەندی میدیایی عێراقدا باسلەوە دەكرێت، كۆمسیۆن لەسەر داوای كوتلەیەكی سیاسی لەناو پەرلەمانی عێراق ئەم ژمارەیەی سڕیوەتەوە.
دەوترێت هاوپەیمانی (سائیرون) لە پشت بڕیاری لابردنی ژمارە (56) بووە، ئەم هاوپەیمانێتییە كە لە رەوتی سەدرو چەند لایەنێكی تر پێكهاتبوو، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی لیستەكەی (156) بوو، ئەمە وایكرد لیستەكە ببێ بە جێگەی گاڵتەجاری خەڵكو دەنگدەران.
بایەخی سڕینەوەی 56
موعید جبوری شارەزای كاروباری هەڵبژاردنەكان بە سایتی "سكای نیوز"ی راگەیاندووە، ژمارە 56 بابەخێكی گەورەی لە هەڵبژاردنی عێراقدا هەیە، چونكەی ئەمجارە بازنەكانی هەڵبژاردن زۆر لۆكاڵی دەبن، واتا زۆر بازنەكان بەبەراورد لە هەڵبژاردنەكانی تر، زۆر بچوكتر دەبن، ئەمەش وادەكات كاندیدەكان پەیوەندی كۆمەڵایەتی زیاتریان لەگەڵ دەنگدەران هەبێت، بۆیە ژمارە بۆ كاندیدەكان بایەخێكی زۆری دەبیًت.
سڕینەوەی ژمارەی (56) لە عێراق بابەتێكی بێ پێشینە نییە، چونكە زۆرێك لە شارەوانییەكانی ئەوروپا ژمارە (13) لە ریزبەندی شەقامو خانوەكاندا بەكارناهێنن، چونكە بەبۆچونی ئەوان ژمارە (13) ژمارەیەكی شومەو خراپە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەم ژمارەیە بەستراوەتەوە بە ژمارەیەك كەسایەتییەوە كە لەدواین ئێوارە خوانی حەزرەتی مەسیحدا بەشداربوون.
یانەی بایرن میونخ-ی ئەڵمانیش رێگەنادات یاریزانەكانی درێسی ژمارە (12) لەبەر بكەن، ئەمەش وەكو رێزلێنانێكە بۆ جەماوەر، تاوەكو هەست نەكەن تیپەكە (12) یاریزانی هەیە.