Draw Media

باخچەكانی سلێمانی هێشتا چاوەڕێی پارەكەی سەرۆكی حكومەتن

باخچەكانی سلێمانی هێشتا چاوەڕێی پارەكەی سەرۆكی حكومەتن

2021-07-06 16:34:43


درەو:
زیاتر لەمانگێكە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە (4 ملیار) دیناری داوە بۆ باخچەو بلوارەكانی سلێمانی، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، رێكخراوە ژینگە پارێزەكان هۆشداری دەدەن (564) باخچە و (12) پارك و (32) بلوار و (3 ملیۆن) درەختی سلێمانی مەترسی وشكبوونیان لەسەرە. 

بڕیارەكە كەی جێبەجێدەكرێت؟ 
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنیدا و لە1/6/2021 بە واژۆی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (4 ملیارو 527 ملیۆن) دینار بۆ بلوار و باخچەكانی سلێمانی تەرخانكرا بەم شێوەیە:
-    بەڕێوەبەردن و چاكسازی پاركی هەواری شار: (2 ملیار و 247 ملیۆن) دینار
-    بەڕێوەبردن و چاكسازی بلواری شەست مەتری مەلیك مەحمود: ( ملیارێك و 402 ملیۆن) دینار.
-    بەڕێوەبردنی چاكسازی بلواری سلێمانی – تاسڵوچە: ( 877 ملیۆن) دینار
مەعروف مەجید ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەت، جێبەجێنەكراوە كە بڕی (4ملیارو 527 ملیۆن)دیناری تەرخانكرد، وێڕای تێپەڕبوونی زیاد لە مانگێك و چەند ڕۆژێك بەسەر وەرزی ئاوداندا، تا ئێستا ئاودانی فەڕمی لە باخچە و پارك و بلوارەكانی سلێمانی دەستیان پێنەكردووە، ئەگەر ئەمڕۆ پارەكە بگاتە سلێمانی، ماوەی 40 ڕۆژی تری دەوێ بۆ كاری بەكرێدانی ئاشكرا بۆ كۆمپانیاكان ، واتا تا كۆتایی مانگی 8 چاوەڕوانی ئاودانی فەڕمی مەبن...
كەواتە، مانگی تەممووزیش ئاوی پێویست ناگات بە درەخت و بلوار و باخچەكان، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێك لەو سەوزاییە گوڵ و نەمامی تازە چێندراون، بە پێی هۆشدارییەكانی كەشناسییش، ئەم چەند ڕۆژە پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە، كەواتە بەهۆی كەمتەرخەمییەكانەوە هەمووان چاوەرێی وشكبوونی نەمام و درەخت و گوڵەكانی سلێمانی دەكەین...! 
بە وتەی سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەمانگی شەشەوە تا ئەمڕۆ (137 ملیۆن) دینار بۆ بلوار و باخچەكان خەركراوە كە (100 ملیۆن) دیناری پارەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی و (37 ملیۆن) دیناریش هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پەیدای كردووە.
لە شاری هەولێر لە 15/4 ەوە ئاودان بە رەسمی دەستی پێكردووە بەڵام لەسلێمانی تا ئێستا بەرەسمی دەستیپێنەكردوە. 


سێ ملیۆن درەخت لە مەترسیدان
 بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكانی سلێمانی_ هەڵەبجە ئاماری مەترسیدار دەخەنەروو سەبارەت بە مەترسی وشك بوونی باخچەو بلوارەكانی سلێمانی،
-    بەشی باخچەكانی سلێمانی (564 ) باخچە و (12 ) پارك و(32) بلواری تایبەت بە خۆی هەیە، كە تەنها ئەو بەرێوەبەرایەتییە بە وتەی بەرێوبەرەكەی خاوەنی (3 ملیۆن) درەختن و بە پێی كۆتا ئامار رووبەری سلێمانی 19% سەوزە.
-    بۆ سەرجەم ئەم باخچە و بلوار و پاركانە تەنها( هەزارو 443) كرێكار و كارمەند و ئەندازیاریان هەیە ، كە لە ناویاندا (776) باخەوان و چاودێر كارەكان دەكەن، ئەوانی تر كارمەند و ئەندازیار و بەشەكانی تری بەرێوەبەرایەتییەكەن. 
-    بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی باخچەكان، تەنها بلواری تاسڵوجە، سلێمانی (15) كیلۆمەترە و بلواری بازنەی مەلیك مەحموودیش (21 ) كیلۆمەترە.
-    بەرێوەبەرایەتی باخچەكان پێویستی بە (یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن) دینارە، بۆ ئاودانی رۆژانەش لەم وەرزەدا پێویستیان بە (یەك ملیۆن) لیتر ئاو هەیە، بەڵام بۆ مانگەكانی حەوت و هەشت ڕێژەكە بەرزدەبێتەوە پێویستیان بە (4 ملیۆن) لیتر ئاوە، سەرجەم چارەسەری ئەم گرفتانە بە (5 ملیار) دینار چارەسەر دەبێت. 

لە نێوان سلێمانی و هەولێردا
بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكانی سلێمانی_ هەڵەبجە بەئامارو داتا ئەو جیاوازیە دەردەخات كە لە بڕی تەرخانكراوی پارەو كرێكارەكانی باخچەكانی سلێمانی هەولێردا هەیە دەخاتەروو:
 لە سلێمانی: تەنها بەشی باخچەكان، (564 ) پارك و باخچەی هەیە، بەپێی ئامارەكان  لەسەدا 12% سەوزایی لەئەستۆی ئەوانە.
لە هەولێر: لەسنوری ناوشاری هەولێر(365 ) پارك و باخچە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان هەیە، رێژەی سەوزایی لەشاری هەولێر لەسەدا 16%..

لە سنوری شاری هەولێر:
-    (40 ) پارك و (380 )  باخچە بونی هەیە.
لە سنوری شاری سلێمانی:
لەساڵی 2008 رێژەی سەوزایی ناوشاری سلێمانی (1%)،‌ تەنها(134) باخچە لەسنوری بەشی باخچەكاندا بونیان هەبووە، تا  ساڵی 2018 رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی لەسەدا(18% )ی تێپەراندووەو نزیك بۆتەوە لە (19%) ئێستا نزیكەی (3 ملیۆن)ی درەختی تێپەڕاندووە...
لە سلێمانی: پێش قەیرانی دارایی لەساڵێكدا دەیتوانی (3َ ملیار) دینار خەرج دەكرا (2018) بۆ ساڵێك (120 ملیۆن) دینار بودجە هەبووە، بۆ ساڵێك  ئەو بڕەیان بۆ تەرخانكرابوو پێشیان نەدراوە.
لە هەولێر:  ساڵی 2016 مانگی (500 ملیۆن) دینار تەنها بۆ بەشی باخچەكان بۆیان تەرخانكراوە.
لە سلێمانی: بەهۆی ئاونەدانی درەختەكانەوە، لەساڵی 2016 (هەزار و 500 )بنەدار وشك بوون و لەساڵی 2017ش (500 بنەدار)ی دیكە وشكبوون.
هەولێر: لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ دارێك لەسنوری باخچەكان وشك نەبووەو نەیان هێشتووە وشكبن.


جیاوازی كارمەند و باخەوان. 
لە هەولێر:  تەنها بۆ پاركی سامی عەبدولڕەحمان  (هەزارو 280) كارمەندیان هەیە.
لە سلێمانی:  بۆ پاركی ئازادی تەنها (50 ) كارمەند و باخەوان بوونی هەیە
جیاوازی ئاودان لە وەرزی هاویندا
لە سلێمانی: لەساڵی 2016 لەمانگی 11 رەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودانی درەختەكان،لەساڵی 2017 لەمانگی 3/7 رەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودان، لەساڵی 2018 لە 4/8 رەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودان .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand