Draw Media

ئاوات شێخ جەناب و خالید شوانی بە نیگەرانیەوە دەگەڕێنەوە كۆبونەوەكانی حكومەت 

ئاوات شێخ جەناب و خالید شوانی بە نیگەرانیەوە دەگەڕێنەوە كۆبونەوەكانی حكومەت 

2021-07-06 10:31:57


 (درەو):
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستخۆشی لە فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كردووە كە هەفتەی رابردوو ستایلی كاركردنی خۆیان لە بەرگرییەوە گۆڕیوە بۆ هێرشكردن و رەخنەی توند، هەڵوێستێك كە بەهۆیەوە دوو وەزیری حكومەت كە یەكێكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوی تر سەربە یەكێتییە نیگەران بوون و بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتیان كرد و سبەینێش كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە..

سەردانەكەی فراكسیۆن بۆلای بارزانی
دوێنی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بارەگای بارزانی سەرۆكی حزبەكەیان كرد.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی، مەسعود بارزانی دەستخۆشی و ستایشی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كردووە، بەتایبەت دەستخۆشی لە ئەداو هەڵوێستەكانیان كردووە لە كۆبونەوەكەی 28/6/2021ی پەرلەمانی كوردستان و پەرۆشی و بەرگرییان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.
بارزانی بە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی راگەیاندووە، هەوڵێك هەیە بۆ شكستپێهێنانی كابینەی نۆیەم، بۆیە داواتان لێدەكەم بەرگریكاری جدی بن لە كابینەكەو ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و چاو لە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن هەركەسێكەوە بێت، مەپۆشن.
ئەم دەستخۆشی و بەرزنرخاندنەی بارزانی بۆ فراكسیۆنی پارتی لەكاتێكدایە، هەریەك لە (خالید شوانی) وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی یەكێتی و (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانن لە هەڵوێست و قسەو لێدوانەكانی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و پێیانوایە پارتی لەو كۆبونەوەی پەرلەماندا بە ئەنقەست ویستویەتی بەرپرسیارێتی هەموو گەندەڵی و شكستەكانی حكومەت بخاتە ئەستۆی ئەوان.

بەشداری كۆبونەوەی سبەینێ دەكەن.
نزیكەی (١٠) رۆژە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، سەری نەكردووە بەدیوانی وەزارەتەكەیداو بایكۆتی كۆبونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران و كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كرد.
ئەو دوو كۆبونەوەی كە ئاوات شێخ جەناب بایكۆتی كرد، زۆرینەی تەوەرەكانی پەیوەستن بوون بە لایەنی دارایی و ئابورییەوە.
لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی باڵای ئابوریدا كە (4) بڕگە گفتوگۆی لەسەركرا، زۆرینەی بڕگەكانی تایبەت بوون بە وەزارەتەكەی ئاوات شێخ جەنابەوە:
بڕگەی یەكەم: هۆكاری كەمبوونەوەی داهاتەكانی ناوخۆ و چۆنیەتی زیادكردنەوەی داهاتەكان
بڕگەی دووەم: وەبەرهێنان و بڕیاری شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان
بڕگەی سێیەم: چۆنیەتی كەمكردنەوەی خەرجیەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت
بڕگەی چوارەم: دۆسیەی ئابوری و پلانی ئابوری
بڕیارە سبەینێش ئەنجومەنی وەزیران كۆببێتەوە، لەسەر چەند تەوەرێكی تایبەت:
تەوەری یەكەم: گفتوگۆكردن لەسەر چونی تیمی حكومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان
تەوەری دووەم: رێكخستنەوەی داهات و خەرجیەكان و باج و رسومات
تەوەری سێیەم: هەمواری یاسای (تەئمین)ی كە سەربە وەزارەتی داراییە
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سبەی ئاوات شێخ جەناب و خالید شوانی دەگەڕێنەوە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و سبەینێش بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن، یەكێك لەبڕگەكانی كۆبونەوەكەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر ئەنجامی چونی تیمی حكومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان. 
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوریدا دەستخۆشی لە تیمی حكومەت كردووەو رایگەیاندووە" پێویست نەبوو وەزیری دارایی نیگەران بێت، چونكە رۆژانە قسە لەسەر هەموومان دەكرێت، قسەكردن لەسەر هەریەكێك لەئێوە قسەكردنە لەسەر هەموو حكومەت، ئێمە بەیەكەوە بەرپرسین لە حكومەتە لە باشی و خراپی پێكەوە بەرپرسین".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand