Draw Media

مەسرور بارزانی پەیامی بۆ ئاوات شێخ جەناب ناردووە

مەسرور بارزانی پەیامی بۆ ئاوات شێخ جەناب ناردووە

2021-07-04 20:28:45


(درەو):
مەسرور بارزانی داواکارییەکی تری یەکێتی لەبارەی لامەرکەزیەتەوە جێبەجێ کردو دەسەڵاتی مۆڵەتی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی دایە دەست بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەردەوامە لەسەر بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی حکومەت، بۆ کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ئابوری، مەسرور بارزانی پەیامی بۆ ئاوا شێخ جەناب ناردووەو پێی وتووە" ئەگەر بەشداریش نەکەی، بەبێ تۆ بڕیاری خۆمان دەدەین". 

کۆبونەوەیەک بەبێ وەزیری دارایی
نیگەرانییەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و خالید شوانی وەزیری هەرێم لە مەسرور بارزانی بەردەوامە، ئەم دوو وەزیرە هەفتەی پێشوو بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردو کۆبونەوەکە دواخرا.
بەڵام بەتەنیا ئامادە نەبوونی ئاوات شێخ جەناب و خالید شوانی کێشە نەبوو لەبەردەم کۆبونەوەی هەفتەی رابردوودا، دوو وەزیری تریش مۆڵەتیان وەرگرتبوو، دارا رەشید وەزیری پلاندانان هاوسەفەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتییە كە چەند رۆژێکە بۆ چارەسەری پزیشكیی گەشتی تورکیای کردووە، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لەگەڵ وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لەئێران بوو، ئامادەنەبوونی ئەم چوار وەزیرە کۆبوەوەی حکومەتی دواخست.
هێشتا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی نیگەرانە، ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی نەكرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنی بە دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردەوەدا پەیامی بۆ ئاوات شێخ جەناب ناردووە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بكات، ئەگەرنا "خۆیان بڕیار دەدەن و لەسەر ئەو ناوەستن"، بەڵام ئاوات شێخ جەناب بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد.

وەزیری دارایی لە چی نیگەرانە ؟
تەقینەوەی نیگەرانییەکانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بۆ دواین کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، ئاوات شێخ جەناب پێیوایە له کۆبونەوەکەی پەرلەماندا لەلایەن فراكسیۆنی پارتییەوە كراوەتە ئامانج و لێبڕینی موچەو گەندەڵیەكانی حكومەت خراوەتە ئەستۆی ئەو.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە كۆبونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان، وەفدی حكومەت لە رێككەوتنی پێشوەختەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی ئاگاداركراوەو پێیان راگەیەندراوە، بۆ رێگری لە موزایەدەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوانیش موزایەدە دەكەن، بەڵام رێگە نادەن بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە بخرێتە دەنگدانەوە.  
بەتەنیا کۆبونەوەکەی پەرلەمان وەزیری دارایی نیگەران نەکردووەو نیگەرانییەکانی ئاوات شێخ جەناب پێشینەی تری هەیە، چونکە لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو حکومەت، (درەو) زانیویەتی سەرچاوەی سەرەکی نیگەرانییەکانی وەزیری دارایی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:
- وەزیری دارایی نیگەرانە دەسەڵاتەكانی لە رەشنوسی یاسای بودجەدا كەمكراوەتەوە، ئەو پێی وابووە لەهەموو یاسایەكی بودجەدا، دەسەڵاتی یەکەمی خەرجکردن لای وەزارەتی داراییە، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رازی نەبووە ئەو هەموو دەسەڵاتە لە یاسای بودجەدا لای وەزیری دارایی بێت.
-     وەزیری دارایی نیگەرانە لە گوێ پێنەدانی (رابەر سدیق) بریكاری وەزیری دارایی (مەریەم) بەرێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی بەبڕیارەكانی و دروستکردنی بەربەست بۆ بڕیارەكانی لەناو وەزارەتەکەیدا.
- وەزیری دارایی نیگەرانە لە دەستوەردانی زۆری    (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە كاروباری بانك و داراییدا.
-     وەزیری دارایی نیگەرانە لەوەی تائێستا پۆستەكانی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و بریكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی دانەنراون، كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانن.
-     هاتنی بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق بۆ هەرێم و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەبێ بینینی وەزیری دارایی.

دەسەڵاتی وەبەرهێنان شۆڕکرایەوە
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ئابوریدا بڕیاردرا هەموو دەسەڵاتێكی بڕیاردانی مۆڵەت و پەسەندكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان. 
ئەمە یەکێک لە داخوازییەکانی یەکێتی بوو لە پارتی لەبارەی لامەرکەزیەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
لە راگەیەنراوی ئەنجومەنی باڵای ئابوریدا لەسەر پرسی دەسەڵاتی لامەركەزی بۆ وەبەرهێنان ئاماژە بەوە كراوە" لەپێناو كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕووتین و لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا، بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەكانی تایبەت بە كەرتی وەبەرهێنان و مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان درا".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand