حكومەت بەرزە موچە (تەرفیع) بەقەرز ئەژمار ناكات
2021-07-01 12:58:47
شیكاری: درەو
لە ساڵی (2016)ەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە، نە لە یاسای چاکسازی و نە لە کۆبونەوەکەی حکومەت و پەرلەمان جێگەی باس نەبوو، ( درەو) زانیویەتی لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 شدا جێگەی نەکراوەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکان حکومەت زیاتر لە (2 ترلیۆن) دیناری (بەرزە موچە) قەرزاری موچەخۆرانە و بەقەرزیش لەسەر خۆی هەژماری نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014ەوە تائێستا نزیکەی (40) هەزار موچەخۆر خانەنشین بوون کە بەشێکیان لە شایستەبوونی ئەو مافە بێ بەش بوون و هەتاهەتایە کاریگەری بەسەر موچەکانیانەوە دەبێت.
سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟
لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛
(مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرزکردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
سەرمووچەی ساڵانە
لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرەمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە 9ی ئەم یاسایە.
هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛
یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی.
دووەم: فەرمانبەری پایە 11ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب)
پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر
لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛
یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.
سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:
ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی.
ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١).
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.
د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.
لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرزکردنەوە).
لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛
یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرزکردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە.
دووەم: فەرمانی پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرزکردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرزکردنەوەکەی.
مادەی هەشتەم
یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت.
دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.
ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان
لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (5) ساڵ نە لە یاسای چاکسازی باسی لێوە کراو نە لەسەردانەکەی تیمی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 28ی6ی2021 بووە جێی گفتوگۆی جدی.
هاوکات بە پێ زانیارکانی ( درەو) پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەیکردووە پلانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی تێدا نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، هاوکات لە ئێستاشدا پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستاوە، بەڵام بەپێی نوسراوی ژمارە (7797)ی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە رۆژی 15-06-2021 دەرچووە و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە واژۆ کراوە، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی ( 5 هەزار و 995 ) پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکان.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە، پلە بەرزکردنەوەکە بەپێی خشتەیەک و بەپێی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەکانیان رێکخراوە و بەسەر دوو لیستدا دابەشکراون، بەمشێوەیە:
- لیستی یەکەم لە 5 هەزار و 874 پلەدار و پێشمەرگە پێکدێت.
- لیستی دووەم لە 121 پلەدار و پێشمەرگە پێکدێت.
بڕیاردراوە پلەبەرزكردنەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت و سەرەتا پلەبەرزكردنەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی ٢٠١٧ جێبەجێ دەكرێت و پلەبەرزكردنەكانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ساڵەكانی داھاتووش، بە پێی میكانیزمی نوێ و دوای وردبونەوەی زیاتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە پیێ داتاکانی بایۆمەتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان 710 هەزار و 282 کەسە.
جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پیش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن.
بەپێی دواین زانیاری و ئامار کە لە 26ی حوزەیرانی 2021، حازم گۆران، بهڕێوەبهری گشتی خانهنشینی ههرێم كه سهر بهوهزارهتی داراییه ڕایگەند، ساڵانه له یهكی تهمموزدا دهست به خانهنشین بوون دهكرێت، بۆ ئهم ساڵیش فهرمانبهرانی لهدایكبووی ساڵی 1958 خانهنشین دهكرێن.
ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، لە ئێستادا (242 ههزار) كهس، كه (90 ههزار)یان پێشمهرگهن و (152 ههزار)یشیان كارمهندی مهدهنی و پۆلیس و مامۆستان خانەنشینكراون بە پێی تەمەن و ئەو ھۆكارانەی پێی خانەنشین بوون. لە ژمارەیەش (40 ههزار) كهسیان خانهنیشین له نێوان 2014 بۆ 2021 لهههرێمی كوردستان خانەنشین بوون.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەرئەوەی؛
1. بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لەدوای 2012 ەوە دامەزراون، یان کاتی پلە بەرزکردنەوەیان کەوتووەتە کۆتاییەکانی ساڵی 2016ەوە کاتێک مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە سودمەند نەبوونە. پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
2. بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستیان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥) دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
3. زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە ج پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەربوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت.
کەواتە بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لە حاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282 ) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار) و (514) ملیۆن و (100) هەزار دینار دەبێت.
بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک تەنها یەک پلە بەرزکردەنەوە هەژمار بکەین بەم جۆرە؛
710 هەزار و 282 موچەخۆرX 60 مانگ X 50 هەزار دینار= (2) ترلیۆن و (130) ملیار و (846) ملیۆن دینار
بەرزە موچە لە دەرەوەی قەرزو پابەندییەكانی حکومەت
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار9 دۆلار و نیو لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە .
هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەت لە ئێستادا زیاتر لە (7) ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایە و زیاتر لە (8) ملیاری قەرزی موچەخۆران و (8) ملیاری پابەندیە داراییەكان قەرزدارە. نزیكەی (4) ملیار دۆلاری هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی و بانكی نێودەوڵەتی كوردستان قەرزدارە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی مەسرور بارزانی كۆی قەرزەكانی حكومەت زیادیان كردووە بەراورد بە سەرەتای دابەزینی نرخی نەوت لەم كابینەیەی حكومەتدا.
لەم خشتەیەی خوارەوەدا پوختەی قەرازەکانی سەر حکومەتی هەرێم ڕونکراوەتەوە پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12) ساڵی 2020ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛
ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛
كۆی قەرزو پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020
• (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلارە بووە، بەڵام لە مانگی 3ی 2021 گەیشتووەت بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار كە پابەندیە دارایی پێنج مانگی (4،5،6،7،8)ی 2020ی موچەی موچەخۆرانە.
• بەم پاكتاوكردنەشەوە كە حكومەت كردویەتی، ئێستا چارەنوسی موچەی فەوتاوی دوو مانگی ساڵی 2020ی فەرمانبەران نادیارە كە بڕەكەی (ترلیۆنێكو 788 ملیار) دینارە.
• كابینەی نۆیەم ماوەی (10) مانگ بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردووە: كۆی پارەی لێبڕاوی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (ترلیۆنێكو 880 ملیار) دینارە.
بەڵام بە هیچ شێوەیەک باس لەو بڕە پارەیە وەک قەرز نەکراوە لەسەر حکومەت کە بەهۆی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەسەر حکومەت کەڵەکە بوون.