Draw Media

بەرێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لێبڕین موچە لانەبرا

بەرێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لێبڕین موچە لانەبرا

2021-06-30 12:42:35


 (درەو):
بەرێككەوتنێكی نوسراوی نێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەخرایە دەنگدانەوە، فراكسیۆنی گۆڕانیش ئەمەی قبوڵ كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بەر لە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە، فراكسیۆنەكانی پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنیان كردووە. 
بەگوێرەی رێككەوتنی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی كە سەرۆكی هەردوو فراكسیۆن ئیمزایان كردووە‌و كۆپییەكیان داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەردوولا لەسەر ئەم دوو خاڵە رێككەوتوون:
یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەخرێتە دەنگدان‌و نەكرێت بە بڕیاری پەرلەمان، چونكە ئەمە حكومەت ناچار دەكات كۆتایی بە لێبڕین بهێنێت‌و حكومەت لەم کاتەدا ئەم كارەی پێناكرێت.
دووەم: پەرلەمانتارانی هەردوولا رەخنە‌و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بارودۆخی موچەوە بە توندی دەرببڕن‌و رێگەنەدان بابەتەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنەوە بقۆزرێتەوە. 
(درەو) زانیویەتی، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری رێككەوتنەكەی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی بووە‌و داوای لێكراوە ئەویش رێككەوتنەكە ئیمزا بكات، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی:" تەنیا لە دەركردنی بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەدا ئیمزا دەكات".
بەڵام لە دانیشتنی پەرلەماندا، بەپێچەوانەی هەڵوێستی خۆیەوە، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی بۆ ئەوەداوە، كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە نەكرێت بە بڕیارو قسەی پەرلەمانتاران لەوبارەیەوە بكرێت بە راسپاردە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی وەكو نەخشەرێگا كاری لەسەر بكات.
كۆبونەوەی دووشەممەی پەرلەمان، كێشەی لەناو حكومەت دروستكردووە، رەخنە‌و هێرشی توندی پەرلەمانتارانی پارتی‌و یەكێتی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و سەرۆكی تیمی حكومەتی لەو كۆبونەوەیەدا نیگەران كردووە.
ماوەی دوو رۆژە ئاوات شێخ جەناب وەكو وەزیری دارایی نەچوەتەوە بۆ كاركردن لە وەزارەتەكەی، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەهەمان شێوەی وەزیری دارایی نیگەرانە‌و بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هەردوو وەزیرەكە كە یەكەمیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕان‌و دووەم سەربە یەكێتییە هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكەن، بەهۆی نیگەرانی ئەم دوو وەزیرەوە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دواخرا.

سەرباری ئەوەی رۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی كوردستان روویدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی خۆی لە بنەڕەتەوە لەباری بودجەو دەسەڵاتەكانی نیگەران بوو لە سەرۆكی حكومەت، بەو پێیەی دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنەن بەڵام سەرۆكی حكومەتی رازی نەبووەو بەشێك لە دەسەڵاتەكانی كەمكردووەتەوە، سەرباری تەداخولاتی سەرۆكی دیوان و بەشێك لەستافی سەرۆكی حكومەت لە كاروباری بانكەكان و دارایی.
گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەمڕۆ رەتیكردەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی نیگەران بوبێت‌و وەزارەتی بەجێهێشتبێت، بەڵام لەدوای ئەم لێدوانەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان تەلەفۆنەكەی داخستووە‌و ئامادە نییە وەڵامی میدیاكان بداتەوە.
 بۆیە پێشبینی دەكرێت سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر پێشنیازی سەركردایەتی حزبەكەی ئەم لێدوانەی دابێت، بۆ رێگریكردن لە درووستبوونی ناكۆكی نێوان گۆڕان و پارتی، بەتایبەت كە لەئێستادا پارتی نیگەرانە لە گۆڕان بەهۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand