"گۆڕان" لە ئیسرائیل حكومەتی گرتەدەست
2021-06-13 21:21:26
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
هەشت پارتی سیاسی كە هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن، دواجار لەسەر كۆتایهێنان بەسەردەمی حوكمڕانی بنیامین ناتانیاهۆ رێككەوتن، ئەمانە ناویان لەخۆیان ناوە "ئیئتیلافی گۆڕان"، حكومەتی نوێی ئیسرائیلیان بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان خۆیان دابەشكردووە، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
حكومەتی دوو ساڵ بە دوو ساڵ
دوای دانیشتنێكی پڕە لە گژیو رەخنەو كردنەدەرەوەی هەندێك لە پەرلەمانتاران، دواجار پەرلەمانی ئیسرائیل "كنێست" متمانەی بە حكومەتێكی ئیئتیلافی نوێ بە رێبەرایەتی (نەفتالی بینیت)ی راستڕەوی توندڕەو بەخشی، بەم هەنگاوە كۆتایی 12 ساڵ حوكمڕانی بنیامین ناتانیاهۆ هێنرا.
ئەو ئیئتیلافە حكومییەی كە پەرلەمانی ئیسرائیل متمانەی پێبەخشی ناوی "ئیئتیلافی گۆڕان"ە، لە (8) پارت پێكدێت كە هەریەكەیان ئایدۆلۆژیای خۆی هەیە، لەسەر بنەمای رێككەوتنێك دروستكراوە كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە، (نەفتالی بینیت) دوو ساڵی یەكەم سەرۆكایەتی حكومەت بكاتو دوو ساڵی دووەم (یائیر لەبید) پۆستی سەرۆك وەزیران وەرگرێت كە سەرۆكی پارتی "ئایندە"ی میانڕەوەو ئەندازیاری دروستكردنی ئەم هاوپەیمانێتیەیە.
(60) پەرلەمانتار دەنگیان بەم ئیئتیلافە حكومییە نوێیە بەخشی، كە پەلكەزێڕینەیەكە لە پارتە راستڕەو و چەپو میانڕەوەكانو پارتێكی عەرەبیش لەناو ئەم ئیئتیلافەدایە، لەبەرامبەردا (59) پەرلەمانتار دژی پێدانی متمانە بە ئیئتیلافی "گۆڕان" دەنگیاندا، ئەوانەی دژ بوون بریتی بوون لە پەرلەمانتارانی پارتەكەی ناتانیاهۆ "لیكۆد"و پارتە راستڕەوە توندڕەوەكان.
لە هەموو حاڵەتێكدا (نەفتالی بینیت) سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی لەرزۆك دەكات، هاوپەیمانێتییەك كە پارتەكانی ناوی لەسەر هیچ شتێك كۆك نین جگە لە دورخستنەوەی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیرانو كۆتایهێنانی بە قەیرانی چەقبەستووی سیاسیی لە ئیسرائیل، چەقبەستنێك كە چوار هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا نەیتوانی دەرگای رزگاربوونی لەسەر بكاتەوە.
دوای پێدانی متمانە بە ئیئتیلافە حكومییە نوێیەكە لە پەرلەمان، لە گۆڕەپانی "رابین" لە ناوەڕاستی شاری تەلئەبیب، نەیارانی بنیامین ناتانیاهۆ كۆبونەوەو ئاهەنگی سەركەوتنیان گێڕا.
ئێرانو فەلەستین
دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، (نەفتالی بینیت) سەرۆك وەزیرانی نوێی ئیسرائیل لە وتارێكدا وتی:" ئیسرائیل رێگە بە ئێران نادات ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی"، دژی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێزیش وەستایەوەو ئەو هەوڵەی رەتكردەوە.
سەرۆك وەزیرانە راستڕەوە نوێیەكەی ئیسرائیل رایگەیاند" ئەم حكومەتە كارەكانی لەبەر رۆشنایی مەترسیدارترین هەڕەشەی ئەمنیدا دەستپێدەكات، بۆیە ئیسرائیل پارێزگاری لە ئازادی تەواوی مامەڵەكردنی خۆی دەكات لەدژی ئێران.
سەرۆك وەزیرانی نوێ، كە بەوە ناسراوە پاڵپشتی لە پرۆسەی دروستكردنی ئۆردوگا جولەكەنشینەكانو دەستگرتن بەسەر بەشێك لە ناوچەی كەناری خۆرئاوای فەلەستین دەكات، لەبارەی ململانێی ئیسرائیل- فەلەستینەوە باسی لەوەكرد، ئەم ململانێیە ململانێیەكی "ناوچەیی" نییە، لەمبارەیەوە وتی:" پێویستە ئەوە بەبیری جیهان بهێنرێتەوە كە دوژمنانی ئیسرائیل هێشتا دان نانێن بە دەوڵەتی عیبریبدا".
لەبەرامبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو، لە وتەیەكدا بەڵێنیدا دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە ئیسرائیلدا بە بەهێزی بهێڵێتەوە.
ناتانیاهۆ لەبەردەم پەرلەماندا رایگەیاند" ئەگەر قەدەر وای لێكردین ئۆپۆزسیۆن بین، ئەو كارە دەكەینو سەرمان بەرزە تا ئەم حكومەتە خراپە دەڕوخێنینو دەگەڕێینەوە بۆ رێبەرایەتیكردنی وڵات لەسەر رێگای خۆمان".
لەمە توندتر، ناتانیاهۆ لەبەردەم پەرلەماندا (نەفتالی بینیت)و هاوڕێكانی بە "راستڕەوێكی ساختە" ناوبردو باسی لە دەستكەوتەكانی حكومەتەكانی خۆی كرد لەماوەی رابردوودا، لەمەشدا نمونەی بە رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان كرد لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبیو ئۆپراسیۆنەكانی دەرەوە لەنمونەی بەدەستهێنانی ئەرشیفی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018دا.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ ئێران ئاهەنگ دەگێڕێت بەبۆنەی دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێوە لە ئیسرائیل، چونكە بەوتەی ئەو ئێرانییەكان دەزانن ئەم حكومەتە نوێیەی ئیسرائیل لاوازە.
"خاكی سوتماك"
حكومەتی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ دەستبەكاربونیدا، روبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری دەبێتەوە لەوانە رێپێوانی راستڕەوە توندڕەوەكان كە بڕیارە رۆژی سێ شەممە بەرەو گەڕەكە عەرەبنشینەكانی قودسی خۆرهەڵات بڕۆن، كە ماوەی نزیكەی دوو مانگە ئەم ناوچانە ناڕەزایەتی بەخۆیانەوە دەبینن.
ئەم رێپێوانە یەكەمجار بڕیاربوو رۆژی 10ی ئایار بەڕێوەبچێت، بەڵام رێگری لێكرا، جارێكی تر بڕیاردرا رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بەڕێوەبچێت، سەرلەنوێ هەوڵەكە شكستی هێنا، ناتانیاهۆ بڕیاریدا رێپێوانەكە بخاتە كاتی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر پێدانی متمانە بە حكومەتی نوێ، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو كە لەنێوان پۆلیسو رێكخەرانی رێپێوانەكەدا كرابوو، سوربوونی ناتانیاهۆ لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم رێپێوانە، وایكرد لەلایەن نەیارەكانییەوە تۆمەتبار بكرێت بە گرتنەبەری سیاسەتی "خاكی سوتماك".
ناڕەزایەتییەكانی قودسی خۆرهەڵاتو كەناری خۆرئاوا كاتێك سەریانهەڵدا كە هەڕەشەی دەركردنی خێزانە فەلەستینییەكان كرا لە ماڵەكانی خۆیان لە گەڕەكی "شێخ جراح" لە قودسو رادەستكردنی ناوچەكە بە گروپە داگیركارە ئیسرائیلییەكان.
ئەم دۆخە دواجار سەریكێشا بۆ روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە كەرتی غەززەو ئیسرائیل، ئەم شەڕە كە ماوەی (11) رۆژ بەردەوام بوو، بووەهۆی كوژرانی (260) فەلەستینیو وێرانبوونی بەشێكی زۆری كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، لەلایەنی ئیسرائیلیش (13) كەس كوژران.
دواجار شەڕەكەی ئەمدواییە بەنێوەندگیرییەەكی میسر بە ئاگربەست كۆتایی هات، بەڵام دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێكی بەردەوام لەنێوان حەماسو ئیسرائیل نەگەیشتە ئەنجام، ئەمەش یەكێكە لەو ئاڵنگارییانەی كە روبەڕووی حكومەتی نوێی ئیسرائیل دەبێتەوە.
فەوزی بەرهوم وتەبێژی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەبارەی دەستبەكاربوونی حكومەتێكی نوێ لە ئیسرائیل دەڵێ:" مامەڵەی ئەم حكومەتە نوێیە سروشتو رەوتی مامەڵەی ئێمە لەگەڵ داگیركاران دیاری دەكات".
سەرچاوە: فرانس 24- ئەی ئێف پی- رۆیتەرز