عەلی حەمە ساڵح: دوو رێگا هەیە بۆ چارەسەری كێشەی گرانبونی نرخی بەنزین
2021-06-05 15:20:46
درەو:
" حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پشتیوانیەكی سوتەمەنی ناكات، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی دراو و نرخی نەوت، نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش بەرزدەكاتەوە، دوو رێگا هەیە بۆ چارەسەری كێشەی گرانبوونی بەنزین" ئەمە بۆچونی عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستانە.
ئەمڕۆ شوفیرانی تاكسی لەبەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندانیان كردو رێگای سەرەكی سلێمانیان داخست، بە نزیكەی (150 بۆ 200) دینار بەرزبووەتەوە، عەلی حەمەساڵح لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزینەوە تایبەت بۆ (درەو):
• هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پشتیوانیەكی سوتەمەنی ناكات واتا (مەدعوم) نیە وەك ئەوەی ئێران ئەیداتە دەست بازرگانانەوە، بازرگانیش پەیوەستە بە دووبابەتەوە (نرخی دراو و نرخی نەوت) واتا بەرزبونەوەی نرخی دراوو نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەبێت.
• ئێستا بەپێی نرخی دراو و نرخی نەوت، بەنزینێك كوالێتی بەرز بێت نرخەكەی گران دەبێت، لە كوردستان كە بە(750) دینار دەفرۆشرێت هی ئەوەیە كە بەنزینەكە كوالێتیەكەی زۆر زۆر خراپە، ئەگەرنا بەنزین لە دونیادا نرخەكەی گران بووە.
• لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی پشتیوانیەكی هیچ جۆرە سوتەمەنیەك ناكات(نە نەوت نەبەنزین نە گازوایل)، پەیوەستی كردووەتەوە بە نرخی بازاری جیهانیەوە.
• كێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین بە دوورێگا چارەسەر دەبێت
رێگای یەكەم: حكومەت پشتیوانی بكات
چوار پاڵاوگەی گەورە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەگەر بێت و سوتەمەنی بەرهەم بهێنن، (بەنزینێكی كوالێتی باش، گازوایل، نەوتی سپی) بخرێتە بازاڕەوە بە نرخی پشتیوانی حكومەت بیفرۆشێت، لەرووی داراییشەوە حكومەت زیانی ئەوو تۆ ناكات و داهاتی زیاتر لەوەی بۆ دەگرێتەوەكە ئێستا دەیفرۆشێت، چونكە كرێی بۆری نادات، داشكاندن ناكات بەهۆی ئەوەی نرخەكەی كەمە كە دەوڵەت نیە و سەروەری نیە، ئەگەر حكومەت پشتیوانی بكات ئەوا دەتوانرێت بە نرخێكی گونجاو بیفرۆشێت، ئەم رێگایە گرنگە ئێمە سێ چوار مانگە خەریكین بەڵام سەركەوتوو نەبووین.
رێگای دووەم: گۆڕینی ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز (LPJ):
ئەم رێگایە زۆر گرنگە بۆ چارەسەری كێشەی بنەڕەتی بەنزین، نەك بە كۆمپانیای فەیك و لاكۆڵان، ئێستا كۆمپانیای متمانەپێكراو هەیە چۆن ئۆتۆمبێل لەبەنزینەوە دەگۆڕیت بۆ (LPJ) غازی سروشتی، لە هەرێمی كوردستان غازی سروشتی زۆر زۆرە سودەكانی ئەمەیە:
• نرخەكەی 250 دینار تا 300 دینارە.
• ژینگەدەپارێزێت، چونكە گەورەترین كێشەی بەنزین نرخەكەی نیە بەڵكو ژینگەیە چونكە لە چوارمانگی ئەمساڵدا (هەزارو 100) كەس لە سلێمانی توشی شێرپەنجەبوون، بەڵام بەغازی سروشتی ژینگەكە پاك دەبێتەوە، لەو بارەیەوە قسەمان لەگەڵ حكومەتدا كردووە.