Draw Media

پیاوێكی ئەفغانی لە تارانەوە نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزدەكاتەوە

پیاوێكی ئەفغانی لە تارانەوە نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزدەكاتەوە

2021-06-05 12:55:30


 (درەو):
نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە شۆفێران ناڕەزاییان دەربڕی و رێگای سەرەكی سلێمانیان داخست، پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە، بەڵام سەرۆكی لیژنەی ووزەوسامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكارەكەی بۆ بازرگانێكی ئەفغانی دەگەڕێنێتەوە لە تاران، كە بەرپرسانی ئیداری هەرێمی كوردستان هاوكارن. 
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزینەوە تایبەت بۆ (درەو):
•    چەند جۆرێك باج دەچێتەسەر هاوردەكردنی بەنزین، ئەم باجانە بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین.
•    ئەو باجانەی كە لە بازرگانەكانی هاوردەكردنی بەنزین وەردەگیرێت، ئەمانەن:
-    بڕی (60 هەزار) دینار لە هەر تانكەرێك وەردەگیرێت بەناوی مەنەفێستەوە
-    بڕی (60 هەزار) دینار بەناوی پشكنینی كۆرۆناوە وەردەگیرێت
-    بڕی (17 هەزار) دینار بەناوی پاكژكردنەوە "تعقیم" وەردەگیرێت
-    بڕی (15 هەزار) دینار بەناوی رێگەپێدانی گومرگییەوە وەردەگیرێت
-    بڕی (10 هەزار) دینار بەناوی گەراجەوە وەردەگیرێت
-    بڕی (25 هەزار) دینار بەناوی بیمەوە وەردەگیرێت
-    بەكۆی گشتی بەر لە مانگی سێی ئەمساڵ، هەر تانكەرێك بەتێكڕا بڕی (350 هەزار بۆ 400 هەزار) دیناری لێوەرگیراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و ئەو كۆمپانیایانەوە بڕی (ملیۆنێك) دینار لە هەر تانكەرێك وەردەگیرێت.
•    رێنماییەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە كە دەڵێ بەنزین لەخواروو ئۆكتانی (93) نابێت داخڵی هەرێم بكرێت، ئەمە وایكردووە بازرگانەكان بەنزین بە ئۆكتانی نزم بكڕن‌و بە ماددەی "ریفۆرمێنت" ئۆكتانەكەی بەرزبكەنەوە، لە دەروازەكان كە بەنزین ئۆكتانی بەرزبوو، پشكنینی بۆ ناكرێت، لەبەرامبەر ئەوەی پشكنین بۆ بەنزین ناكرێت، بازرگانەكانی بەنزین بڕی (100 دۆلار) بۆ هەر تەنكەرێك بە بازرگانێكی ئەفغانی‌و دوو كۆمپانیای سلێمانی دەدەن، ئەمە وا دەكات بۆ داخلكردنی هەر تانكەرێك بەنزین بڕی (3 هەزار) دۆلار نرخ بەرزببێتەوە.
•    بازرگانێكی ئەفغانی بەناوی (خافی)، كە لە تاران دادەنیشێت، لەڕێگەی دوو كۆمپانیای سلێمانییەوە، رەسیدی بەنزین بە ئۆكتانی بەرزەوە بەو كەسانە دەفرۆشێت كە بەنزین هاوردەی سلێمانی دەكەن، واتە لە بنەڕەتەوە بەنزینەكە ئۆكتانی نزمە.
•    پێدانی رەسید بۆ هاوردەكردنی بەنزین هێنانی لە ئێرانەوە قۆرخكراوە بۆ دوو كۆمپانیای سلێمانی، بازرگانەكانی بەنزین رەسید لە دوو كۆمپانیاكەی سلێمانی دەكڕنەوە ئەمە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە.
•    رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هۆكار بووە بۆ ئەوەی بازرگانەكانی بەنزین پەنا بۆ ئەم رێگەی ساختەكارییە ببەن. 
•    هیچ رێنماییەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نییە بۆ دیاریكردنی بڕی "قازانج" لە هاوردەكردنی بەنزیندا، بازرگانەكان كە لە ئێرانەوە بەنزین هاوردە دەكەن، كاتێك بەنزینەكە دەگاتە "تانجەرۆ" بەدڵی خۆیان قازانجی لەسەر دادەنێن.
•    بازرگانەكان بەو بڕەی قازانج كە خۆیان دیاری دەكەن، بەنزینە هاوردەكراوەكەیان بە بەنزیخانەكان دەفرۆشن، بەنزیخانەكانیش لەڕێگەی گروپێكی "واتساپ"ەوە، بە ئارەزووی خۆیان قازانج دیاری دەكەن‌و بازاڕ قۆرخ دەكەن. 
•    بەستنەوەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بە بەهای دۆلارەوە بەهانەیەكە كە لەجێی خۆیدا نییە.
•    بەنزیخانە هەیە لە سلێمانی بەهاكەی بۆ (ملیۆنێك) دۆلار بەرزبوەتەوە، ئەگەر بەنزین قازانجی زۆری تێدا نەبێت چۆن بەهای بەنزیخانە بەوشێوەیە بەرزدەبێتەوە ؟ 
•    لە سلێمانی كۆڵان‌و ژێر هۆتێل كراون بە بەنزیخانە، دەیان بەنزیخانەی بێ مۆڵەت دروستكراون، پارێزگاری سلێمانی ئاگاداری هەموو ئەم شتانەیە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand