Draw Media

‎پاش ڕاوەستانی گفتوگۆ ئەتۆمیەكان.. سێ خاڵی ناكۆك لەنێوان واشنتن وتاراندا

‎پاش ڕاوەستانی گفتوگۆ ئەتۆمیەكان.. سێ خاڵی ناكۆك لەنێوان واشنتن وتاراندا

2021-06-05 12:35:27


درەو:

‎كۆتایی هەفتەی ڕابردوو شاندەكانی بەشدار لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی ڕێكەتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا وئێران گەڕانەوە بۆ ووڵاتەكانیان بۆ ڕاوێژكردن، پێش دوبارە گەڕانەوەیان بۆ شاری ڤییەننای پایتەختی ووڵاتی نەمسا، بۆ دەستپێكردنی گەڕی شەشەمی گفتوگۆكان.
‎پاش ڕۆشتنی بەرپرسان، ژمارەیەكیان جەختیان كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێران لەوانەیە بەم نزیكانە بگەنەزەمینەیەكی هاوبەش وڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر دوبارە گەڕانەوەیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوانیان.
‎بەڵام هێشتا ژمارەیەك خاڵی ناكۆك لە نێوانیاندا ماوە، كە ئەمانەن :

‎چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی، ئامێرە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا

‎خاڵی یەكەمی ناكۆكیەكان بریتیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە پێشكەوتووەكانی (سەنتەر فیوج)خولانی ناوەندی، وئامرازە بەكارهێنراوەكان لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا، كە بەپێی گۆڤاری (پۆلیتیكۆ)، ئێران خوازیار نیە تێكبشكێندرێن ودەیەوێت ئەم ئامێرانە بمێننەوە، بەڵام لایەنە ئەوروپیەكان وئەمریكاش دوپاتی دەكەنەوە كە ڕاگرتنیان لەكاركردن بەتەنها بەس نیە.

‎سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران 

‎خاڵی دووەم لە ناكۆكیەكان بریتیە لە سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران، كە بەدرێژایی (9) هەفتە لایەنە ئەوروپیەكان لەگەڵ چین وڕوسیا، گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وئێرانیان بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە تاوتوێ كرد، لەم پرۆسەیەشدا دانوستكاران پلانی (هەنگاو بە هەنگاو)یان داڕشت كە بەووردی ئەو ڕێكارە پێویستانەیان دیاریكرد كە دەكەوێتە ئەستۆی هەریەك لە واشنتن وتاران.
‎لە بنەڕەتدا لەسەر ئێران پێویستە كە پاشەكشە بكات لەو پێشكەوتنانەی لەم دواییانەدا ئەنجامیداون لە بەرنامە ئەتۆمیەكەیدا -پاش كشانەوەی ئەمریكا لە پرۆسەكە- بەرانبەر بە سوك كردنی سزا ئەمریكیەكانی سەر ئێران لە بواریكی فراواندا.
‎هەرچەندە تا ئێستا ئێران داواكارە لە كە ئەمریكا سەرجەم سزا سەپێنراوەكان لەسەر ئێران لاببات، نەك تەنها ئەو سزایانەی كە ترەمپ ڕاستەوخۆ ویەكسەری سەپاندیەوە بەسەر ئێراندا،بەڵكو ئەو سزایانەی دیكەش كە پاشتر سەپێنراون بەسەر ئەم ووڵاتەدا.
‎بەڵام ئەمریكا ئەم داواكاریەی ڕەتكردەوە، ودەیەوێت هەندێك لەم سزایانە بمێننەوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندار نین بە پلانی كاركردنی هاوبەشی نێوان، لە نمونەی ئەو سزایانەی كە پەیوەندارن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ یاخود تیرۆرەوە.

‎بەرنامەی موشەكی

‎سێیەمین خاڵی ناكۆك ئەو خاڵەیە كە تایبەتە بە سەردانكردنی شوێن وپێگە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن پشكنەرانی نێودەوڵەتی وئازادی ئەو پشكنەرانە لە گەیشتن بەو شوێنانە.
‎لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ئێران تواناكانی پشكنەرە نێودەوڵەتیەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی سنوردار دەكات لە بەدواداچونی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی.
‎لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا كە گۆڤاری پۆلیتیكۆ لێی ئاگادارە، رافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دەڵێت  :”چالاكیەكانی لێكۆڵینەوە وچاودێریكردن كە لەلایەن ئاژانسەكەمانەوە ئەنجام دەدرێت كاریگەر بووە بە بڕیارێكی ئێران تایبەت بە راگرتنی پابەندییەكانی ئێران لە بواری ئەتۆمیدا.
‎راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەدات كەپشكنەران ڕۆژانە توانای گەیشتن بە وێستگە ئەتۆمیە سەرەكیەكانیان لە نەتەنز وفوردو بۆ فەراهام كراوە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەن بەو داتا وزانیاری وتۆمارانەی كە هەندێك لە ئامێرەكانیان كۆیكردۆتەوە.
‎هەروەها بەرنامە موشەكییەكەی ئێران وپشتیوانی كردنی بۆ میلیشیاكان وهەڕەشەكانیشی بۆ سەر ئارامی ناوچەكە ئاستەنگێكی دیكەی جیاوازە، كە ئەمریكا ودەوڵەتە ئەوروپیەكان جەخت لەسەر ئاماژەدان دەكەن لە رێكەوتنەكەدا بەگفتوگۆیەكی دیكە كە ئەم مەسەلانە تاوتوێ بكات. بەڵام روون نیە كە ئێران بەم مەرجە ڕەزامەند دەبێت یاخود نا.
‎لەلای خۆشیەوە ئێران گرەنتی پاشەكشەنەكردنی ئەمریكای دەوێت لە پرۆسەكە، بۆ دوبارە نەبونەوەی ئەو هەڵوێستەی كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) نواندی لە ساڵی 2018.
‎گۆڤارە ئەمریكیەكە ئەوەش دوپات دەكاتەوە كە ڕێژەی ئەو ئاستەنگەی لە ئەنجامی ئەم ناكۆكیانەدا دروست دەبێت لەبەردەم رێكەوتنی كۆتاییدا بەندە بەوەی كە كێ لێدوان. دەدات ولەم. بارەیەوە قسە دەكات.

‎گەشبینی

‎ئینریكی مۆرا، نیردەی یەكێتیی ئەوروپا كە رێكخەری گفتوگۆكانی دوبارە زیندووكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی ئێرانە، دەڵێت : پێشبینی دەكرێت كە رێكەوتن لەگەڵ ئێراندا بگاتە ئەنجام لە گەڕی داهاتووی ووتوێژەكاندا كە هەفتەی داهاتوو لە شاری ڤییەننا دەستپێدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لە دیبلۆماتكارانی باڵا دەڵێن كە ”بڕیارە قورسەكان هێشتا نەدراون”.
‎مۆرا دەشڵێت :”هیوادارم كە ئەم بابەتە كاتێكی زۆر نەخایەنێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتن”.
‎بە هەمان شێوە عەباس عێراقچی، بریكاری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گەشبینی خۆی دەربڕی  ولە لێدوانێكیدا بۆ ئێستگەی فەرمی ئێران “IRIB” ووتی :”گەڕی داهاتووی ووتوێژەكان لە ڤییەننا دەكرێت یان پێویستە كە گەڕی كۆتایی بێت”.
‎دۆخی گەشبینی لە نێوان دیبلۆماتكاراندا دیار بوو لە كاتی ئاخاوتنیاندا لەگەڵ یەكتر بە شێوازێكی دۆستانە لەبەردەم ئوتێلی گراند ڤییەننا پێش ماڵئاوایی كردن لە یەكتر. 
‎بەڵام هەندێك لە گەورە دیبلۆماتكارانی بەریتانیا وفەرەنسا وئەڵمانیا كە ئەمانە لە هێزە گەورەكانن كە واژۆیان كردووە لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە لە ساڵی (2015)دا، بە ووریایی زیاترەوە دەڕواننە بابەتەكە.
‎گروپی دیبلۆماتكارانی ئەو سێ دەوڵەتە ئەوروپیەی كە واژۆیان لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمیەكە كردووە لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند :” بەردوام بووین لەسەر بەدیهێنانی پێشكەوتنی بەرچاو وئێستا چەند بەشێكی گرنگی رێكەوتنی داهاتوو بەڕوونی دیارە بەڵام. بڕیارە قورسەكان بەڕێوەن بێگومان بەپێی پرنسیپیرازی نەبوون لەسەر هیچ شتێك تا گەیشتن بەرێكەوتن لەسەر هەموو شتێك كارمانكردووە.
‎هەر لە بەیاننامەكەشدا هاتووە ”هەموومان دەزانین كە كات لە بەرژەوەندی كەسدا نیە وكاتی دەركردنی بڕیارە یەكلاكەرەوەكان هاتووە، وهەفتەی داهاتوو درێژە بە كۆبونەوەكان دەدەین”.
‎دووان لە دیبلۆماتكارانیش دەڵێن ئەو گفتوگۆیانەی كە لە مانگی نیساندا دەستیپێكرد، چاوەڕوان دەكرێت كە ڕۆژی پێنجشەممە پێش بەرواری (١٠)ی مانگی حوزەیران دەستیپێبكاتەوە، بەڵام ئەمەش هێشتا بە تەواوەتی یەكلانەبۆتەوە.
نید پرایس، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە هەمان شێوە ووتی : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ”بەڕوونی ئامانجەكانی خۆی خستۆتە روو”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand