40%ی داهاتی نەوت بۆ ئەم مانگە چووەتە خەزێنەی حكومەتەوە
2021-06-04 21:02:43
درەو:
لەكۆی ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار داهاتی نەوتی ئەم مانگە، تەنیا (40%) خراوەتە خەزینەی حكومەتەوە، وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە بۆ تەرخانكراوە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو موچەی تەواوی وەزارەتەكان دابەش بكات، داهاتی سلێمانیش لەكۆی (68 ملیۆن) دۆلار تا ئێستا (35 ملیۆن) دۆلاری رادەستی حكومەتكراوە.
كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە كە (درەو) لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە وەریگرتووە بە نزیكەی بەم شێوەیە بووە كە:
داهاتی ناوخۆ:
بۆ ئەم مانگە داهاتی ناوخۆ كە خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە (313 ملیار) دینار بووە، داهاتی سلێمانی لە كۆی (68 ملیۆن) دۆلار واتا (101 ملیار) دینار، تەنیا (35 ملیۆن) دۆلار واتا ( 52 ملیار) دیناری رادەستی حكومەت كراوە، واتا خراوەتە بانكی هەرێم لە سلێمانی.
داهاتی نەوت:
داهاتی نەوت :
نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (58) دۆلار فرۆشراوە، لەكاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی عێراق كە لەرێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە بە (65) دۆلار، لەبازارەكانی جیهانیدا ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت (72) دۆلارە.
هەرێمی كورستان رۆژانە بەبێ پێداویستی ناوخۆ (430 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بە نرخی (58) دۆلار فرۆشراوە، دەكاتە ( 748 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار واتا ( ترلیۆنێك و 114 ملیار) دینار، لەو رێژەیە تەنیا (300 ملیۆن) دۆلاری رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە واتا ( 447 ملیار) دینار.
پارەی هاوپەیمان:
پارەی هاوپەیمانان نزیكەی (25 ملیار) دینارە
كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیەبووە:
• 313 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ
• 447 ملیار دیناری داهاتی نەوت
• 25 ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان
كۆی گشتی داهاتەكان: 785 ملیار دینار
كۆی گشتی خەرجی موچەی موچەخۆران: 894 ملیار دینارە
كۆی گشتی موچە بەلێبڕینەوە: 706 ملیار دینار