دۆخی ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان لە راپۆرتێكی بەریتانیادا
2021-06-04 12:58:35
راپۆرت: درەو
"پێڵاوی پیاوە مردووەكان".. ئەمە پەندێكی بەریتانییە كە لە راپۆرتێكی بەریتانییەكاندا بۆ ئەو ئەفسەرانەی وەزارەتی پێشمەرگە بەكارهێنراوە، كە تاوەكو نەمرن لە پۆستەكانیان لاناچن، بەریتانییەكان دەڵێن تاوەكو ئەفسەرە پلەباڵاكان لە وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین نەكرێنو ئەفسەرە گەنجەكان لە شوێنیان دانەنرێت، چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ناكرێت، باسلەوە دەكەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا "بندیوار" هەیە، لە وەزارەتی ناوخۆشدا هێزەكانی زێرەڤانیو بەرگریو فریاكەوتن هێزی حزبین.
هەوڵی چاكسازی لەماوەی پێنج ساڵدا
رۆژی 21ی تەموزی 2020 راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو هاوسەرۆكەكانی یەكێتیو سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە.
(درەو) كۆپییەكی ئەم راپۆرتەی دەستكەوتووە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، هەموو راپۆرتەكە بڵاوناكاتەوە، بەڵام ئەو بەشانەی كە بەپەیوەندی بە ئاڵنگارییەكانی بەردەم چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان هەیە، دەخەینەڕوو.
راپۆرتەكەی بەریتانیا، عەقید (رۆی .ف. ناتراجان) لە هێزەكانی بەریتانیا وەكو راوێژكاری تایبەتی بەرگریی نوسیویەتی، باس لە هەوڵەكانی بەریتانیا دەكات بۆ چاكسازیكردن لە سێكتەرەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی (2015وە بۆ 2020).
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2015وە حكومەتی بەریتانیاو لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەبواری چاكسازیدا لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستان، جەختیان لە پرۆژەی تەكنیكی سەربازی جیاواز كردوەتەوە، بەڵام كاریگەری هەوڵەكەیان لە ساڵی (2019)وە راوەستاوە، بەریتانیا داوا دەكات بەبڕیارێكی سیاسی ئەم هەوڵە دەستپێبكاتەوەو پێشكەوتن بەخۆوە ببینێت.
راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە هاوینی 2019دا، هەلومەرجی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی رەخساندووە، بۆ ئەمەش دەركردنی یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 بە نمونە هێناوەتەوە.
"حزبەكان متمانە بەیەكتر بكەن"
راپۆرتەكە لەبارەی چاكسازی لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا دەڵێ:" داخوازی هەرە سەرەكی تیمی بەریتانیاو هێزەكانی دیكە ئەوەیە حزبە سیاسییەكانی هەرێم متمانە بەیەكتر بكەن، چونكە ئەگەر هەر پارتێك گومانی لە دڵسۆزی ئەوی دیكە هەبێت لە مەنهەج یان شێوازی كار، چاكسازی نایەتە دی، سەركردە سیاسییەكان سەرباری دابەشبوونە سیاسییەكان، لە مەبدەئدا چاكسازییان دەوێت، بەڵام نەبوونی متمانە كەلێنێكی گەورەیە".
ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی پەتای (كۆرۆنا)و خراپبوونی بواری ئابورییەوە، هەنگاوەكان بۆ چاكسازی لە هێزە ئەمنییەكاندا خاوبوەتەوە، سەرباری ئەمەش زیادبوونی بەردەوامی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، رێگرێكی مەترسیدارە. دایەلۆگ لەنێوان سەركردە باڵاكان لەئێستادا جەوهەرییە بۆ ئەوەی متمانە بینابكەنەوە.
پەروەردەكردنی پێشمەرگە
هاوینی ساڵی رابردوو، بەریتانییەكان پێشنیازی ئەوەیان كردووە، چاكسازی لە سێكتەری ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا بگوازرێتەوە بۆ لایەنی "پەروەردەكردنو فێركردنی پێشمەرگە" بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ، هەركاتێك دۆخەكە باش بوو، ئەوكات تیمی بریتانیا ئامادەیە هەوڵەكان بۆ چاكسازی دەستپێبكاتەوە.
"زێرەڤانیو بەرگریو فریاكەوتن هێزی حزبین"
راپۆرتی بەریتانیا، داوا دەكات پرۆسەی چاكسازی لەناو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كورت نەكرێتەوە، كە بریتین لەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرەشتییان دەكات لەگەڵ هێزەكانی (80)ی پارتیو (70)ی یەكێتی.
راپۆرتەكە دەڵێ" ئێستا گرنگە هێزەكانی سەر بە (وەزارەتی ناوخۆ)ش بێنە ناو پرۆسەی چاكسازیەوە وەك (زێرەڤانیو بەرگریو فریاكەوتن)، هەرچەندە ئەم هێزانە سەربە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام حزبینو لەژێر رێنمایی حزبدان".
بەریتانییەكان دەخوازن، دوای چاكسازیكردن لە وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ، لەمەودایەكی دوردا، چاكسازی لە هێزەكانی (پۆلیس، ئاسایش، پاراستنو دەزگای زانیاری كە دژەتیرۆریشیان بە دەستە) بكرێت.
ریفراندۆم دەریخست..
راپۆرتی بەریتانیا ئاشكرایكردووە، ساڵی 2015 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، داوای لە بەریتانیا كردووە چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن.
راپۆرتەكە دەڵێ" راستیەك هەیە زۆربەی سیاسییەكان كۆكن لەسەری، ئەویش ئەوەیە كە مۆدێلی بەرگری هەرێمی كوردستان پشتئەستوورە بەزۆرینەی هێزی پلەداری پێشمەرگە كە لەژێر دەسەڵاتی پارتە گەورەكانی هەرێمدایە. هێزێكی كەم یان بچووك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت كە لاوازەو بە ئاسانی بەكاردێت".
راپۆرتەكە نوسیویەتی" سەرهەڵدانی داعش لە 2014دا لاوازی هێزی سوپای عێراقی دەرخست، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە هەرێمی كوردستانیش دەریخست، هێزی دەرەكی دەتوانێت هێزی پێشمەرگە دابەش بكات".
40 پرۆژە بۆ چاكسازیی
ساڵی 2016، بەریتانیا راپۆرتێكی ئامادەكردووەو تێدا پێشنیازی كردووە بەڕێوەبەرایەتییەكی چاكسازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو یەكخستنی هێزەكانی (70)ی یەكێتیو (80)ی پارتی دروستبكرێت. لە 2017دا سوپای بەریتانیا (كۆلۆنێل) عەقیدێكی دەستنیشان كردووە وەكو راوێژكاری تایبەتی سەربازی لە كۆنسۆڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداش ئەفسەریان لەسەر ئاستی عەقید دەستنیشانكردووەو گروپی راوێژكاری نێودەوڵەتی دامەزراوە بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم تیمە نێودەوڵەتییە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان كردووە، بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكەن كە زیاتر متمانەپێكراو بێتو پلەدارەكانی لەژێر فەرمانی حكومەتدا بنو لەژێر فشاری پارتە سیاسییەكاندا نەبن، پێشمەرگەكانی ئەم هێزە خاوەن مۆراڵو بڕوا بن، لەڕووی جەستەییەوە بەتوانا بنو بەرەنگاری رەفتاری گەندەڵی ببنەوەو توانای دابینكردنی پێداویستی ماددی خۆیان هەبێت.
تیمە راوێژكارییە نێودەوڵەتییەكەو بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی، پێكەوە دۆسیەیەكیان بۆ پرۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كردوەتەوە، كۆی پرۆژەكان بۆ چاكسازی گەیشتوەتە (40) پرۆژە، تیمی راوێژكارانی نێودەوڵەتی، هەندێك لە پرۆژەكانیان كردووە بە یەكو ئەو پرۆژانەی كە ناواقعی بوون، لایبردوون، تا وای لێكردووە، كۆی پرۆژەكانی بۆ چاكسازی لە (40) پرۆژەوە بۆ (21) پرۆژە كورتكردوەتەوە.
"با یەكێتیو پارتی رێكبكەون"
بەپێی راپۆرتەكە، سەرەتای 2019، تیمی راوێژكارانی سەربازیی بیانی، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كاریان لەسەر بواری چاكسازی كردووە، لەم ساڵەدا تەنیا هەوڵیان داوە "پرسیاری دروست" بدۆزنەوە، نەوەكو "وەڵامی دروست"، چونكە وەكو راپۆرتەكەی بەریتانیا باسی كردووە" وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا بە رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی دەدرێنەوە".
بەهاری 2019، كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا راوەستاوە، پێشنیازی ئەوە كراوە بۆ دەستپێكردنەوەی چاكسازییەكان " پارتیو یەكێتی لەسەر ستراتیژیەتێكی بەرگریو فەرمانو كۆنترۆل رێكبكەونو هێزەكانی 70و 80 لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەن".
بندیوار لە وەزارەتی پێشمەرگە
راپۆرتی بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكانو ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچەو مافی ساختەی دیكە دەكەن".
"پێڵاوی پیاوە مردووەكان"
راپۆرتی بەریتانیا بە راشكاوی باسلەوەدەكات، هەندێك لە ئەفسەرە باڵاكانی وەزارەتی پێشمەرگە گەندەڵنو دەڵێ" ئەنجامدانی چاكسازی كارێكی سەختە، ئەگەر ئەم ئەفسەرە باڵایانە (پاسەوانی كۆن) لە وەزارەتی پێشمەرگە بمێننەوە. قسەو كرداریان بۆ چاكسازی هاوتا نییە. هەندێ ئەفسەری دیكە هەن كە دەیانەوێت چاكسازی جێ بەجێ بێتو دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەكی پیشەیی دوور لە كاریگەری پارتی سیاسی".
راپۆرتەكە بە پەندێكی بەریتانی گوزارشت لە ئەفسەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات كە ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیان ماونەتەوەو لاناچن، پەندەكە دەڵێ" پێڵاوی پیاوە مردووەكان"، مەبەست لەم پەندە ئەوەیە، كەسێك لە پۆستێكدا بمێنێتەوەو لانەچێت، مەگەر بە مردنی كەسێكی تر بچێتە شوێنەكەی.
بەریتانیا بەڕووی پێشنیاز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "پێداچوونەوەیەكی فراوان بە پۆستی ئەفسەرە باڵاكان بكات تاوەكو بتوانێت هەندێكیان خانەنشین بكاتو ئەفسەرە گەنجەكان ئەوانەی كە بەهرەدارنو چاكسازیان دەوێت، لە پۆستە سەرەكییەكاندا دامەزرێنرێن".
حزبایەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا
راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووەو دەڵێ:
• ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە.
• لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازیو یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵیو مەحسوبیەت دەدات.
• لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە).
• لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان.
• پێشنیار دەكەین یەكێتیو پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە.
• نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتیو پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەستو ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت.
• هەمیشە كە كورد رووبەرووی هەڕەشە بووبێتەوە، یەكیان گرتووە، باشترین نموونە هەڵوێستی یەكگرتوویان بوو بۆ پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی لە عێراق، دوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە.
• ئێستا هەرێمی كوردستان روبەڕووی ئاڵنگاری قووڵ بۆتەوە، كە كاریگەریی لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی هەیە. پێشنیار ئەوەیە سەرۆكە سەرەكییەكانی (پارتیو یەكێتی) پێكەوە دابنیشنو گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكان بكەن، لە نێوانیاندا مەسەلەی چاكسازی هێزی پێشمەرگە.