ئاستەنگ و مەترسی زۆرن .. رۆژنامەنوسان ناگەنە ناوچە زیانلێكەوتووەكان
2021-06-04 10:35:42
درەو:
راپۆرتی: سەنتەری میترۆ
ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن، كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت، دەتكوژێت، رۆژنامەنوسێك بەم شێوە گوزارشت لەو ناوچانەی پارێزگای دهۆك دەكات كە سوپای توركیا، داگیركردوون.
لەگەڵ دەسپێكردنی گیمێكی نوێی لەشكركێشی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ناوچەی قەدەغەكراو زیاتر دەبێت و ئاستەنگ و مەترسی بۆ سەر كارو ژیانی رۆژنامەنوسان، زۆرتر دەبن.
سەنتەری میترۆ رۆژانە لە رێی ئەندامە خۆبەخشەكانییەوە زانیاری دەربارەی تیمی مەیدانی دەزگاكانی راگەیاندن لە پارێزگای دهۆك پێدەگات، لە ناو سنوری پارێزگاكە بەربەست و رێگری هەن و لەسەر سنوریش بە هۆی لەشكركێشی توركیا ، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و ناتوانن بگەنە ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا.
لەناو سنوری پارێزگاكە چەند پێشێلكارییەكی بەدەست گەیشتووە كە تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەو رێگری دەستدرێژیانە نەكراوە بە دیاریكراویش ئەوانەی بەرامبەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ئەنجام دراون.
رۆژی 30ی ئایار لە قەزای بەردەرەش ، هێزێكی پێشمەرگە لە لیوای 12 هێرشیانكردە سەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و بە قۆناغە تفەنگ ئازاریان داوە .
سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆك بە سەنتەری میترۆی راگەیاند ، لەكاتی گردبوەنەوەی فەوجی سێی لیوای 12 و داخستنی رێگای سەرەكی بەردەرەش ، سەرقاڵی روماڵ و راگەیاندنی دەنگی نارەزایەتی پێشمەرگەكان بوون، بەڵام "پاسەوانەكانی ئامر لیوای ١٢ی هێزەكانی پێشمەرگە"، هێرشیان كردووەتەسەریان و لێیان داون، ووتی، "ئەوان ئێمەیان بە جنێو و قسەی ناشیرین دەركرد و لێیانداین و قۆناغە تفەنگیشیان پێداكێشاوین، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە نارازییەكانەوە رزگاركراین و لەژێر دەستیان دەریانهێناوین"، جەختیكردەوە، " دەستیان بەسەر كەل و پەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا گرتووە، بەڵام پێشمەرگەكان بە زۆر لێیان وەرگرتوونەتەوە."
بەیانی رۆژی چوارشەممە 2ی حوزەیران ، لەكاتی روومالی گردبوونەوەی خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون لە بەردەم بینای پارێزگای دهۆك، لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا هێرشكرایە سەر ستافی تیمی كەناڵی ئێن ئارتی.
تایف گۆران بە میترۆی ووت" لە پەخشی راستەوخۆدا بووین لەلایەن پۆلیسەوە رێگریمان لێكراو و كەل و پەلە رۆژنامەوانیەكانمان لێ وەرگیرا دواتر بەشێك لە و كەل و پەلانە شكێندران" وتیشی" پەیامنێری ئێن ئار تی ئارام حسێن و وێنەگر محمد سدقی بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەر كران"
هەر رۆژنامەنوس، یان تیمێكی رۆژنامەنوانی بیەوێت بگاتە ئەو سنورانەی مەیدانی شەری پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا، دەبێت بە بازگەكانی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پاسەوانی سنوری عێراق تێپەرێت و هەر بازگەو هێزێك جۆرێك لە رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەموو بازگەكان یەك خاڵی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە، بە تیمەكان دەڵێن: " ناوچەی موحەرەمەیە".
وەحید نیعمەت پەیامنێری كەناڵی ئین ئارتی لە رۆژانی رابردوودا چوبووە گوندی شەرانسێی سەر بە ناحییە دەركار، ئەو كات فرۆكەكانی توركیا دوو شوانیان، بریندار كردبوو.
وەحید بە میترۆی ووت" ناوچەكە ئێجگار مەترسیدارە فرۆكە بەئاسمانی ناوچەكەیەو دەستناپارێزن " جەختیكردەوە " كە دەچینە ناوچەكە بازگەی رەسمی حكومەت داوای مۆڵەتی رەسمی دەكەن، ئەگەر بچیتە ناوچەكە پەكەكەی لێبێت وێنەگرتن قەدەغەیە، سوپای توركیا بتبینێت دەتكوژێت"
بەڵام ئەو مەترسیانە كە ئەو هێزانە باسی لێ دەكەن، بۆ كەناڵەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كراوەیە، وەك هەندێ رۆژنامەنوس باسیدەكەن جیاكاری دەكرێت.
ئەمیر گۆران رۆژنامەنوسی فریلانس، باس لەوە دەكات رێگری لە رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەكرێت بچنە ناوچەی جەنگ و راستییەكان بۆ رای گشتی روماڵ بكەن، بەڵام رێگەی بە هەندێ میدیای نزیك لە پارتی دەدرێت، ووتی " جیاوازی زۆر دەكرێت و پێم وایە لەم نێوەندەدا زۆر كار بۆ شاردنەوەی هەندێ زانیاری هەستیار دەدەرێت بۆیە رێگە بە میدیای سەربەخۆ یان موعارەزە یان مونافسی پارتین نادەن بگەنە هەندێ ناوچە" جەختیكردەوە" هەموو رێگرییەكان پەیوەندیدار نین بەوەی ناوچەكە مەترسیدارە، خۆ ئەگەر مەترسیدارە ئەوە بۆ هەمووان مەترسیدارە"
رۆژنامەنوسان ئەگەر بگەنە ناوچەی سنوری ناهێڵن نزیك ئەو گوندانە بكەونەوە كە بە هۆی تۆپ باران و بۆردوومانی هێزی ئەرزی و ئاسمانی توركیا، چۆڵكراون.
زێرەڤان گولی پەیامنێری دەزگای میدیای بادینان و گەلی كوردستان لە رۆژانی رابردو لەگەڵ تیمەكانی (سپێدە، ژیان) چونەتە ناوچەی كانی ماسی و بەرواری باڵا ، ئەو باس لەوەدەكات كە پاسەوانی سنوری عێراقی رێگەیان نادات نزیك گوندە چۆڵكراوەكان ببنەوە پرسیاری كرد" ئەگەر نزیك نەبین لە گوندە چۆڵكراوەكان چۆن بزانین زەرەرو زیانەكان چین؟"
هەندێ دەزگای میدیایی خۆیان زۆر هەستیارانە مامەڵە دەكەن، پێیان باش نییە تیمەكانیان بخەنە مەترسییەوە.
حەربی جەلالەدین، بەرپرسی ئۆفیسی سپێدە لە پارێزگای دهۆك، بۆ میترۆ باسی لەوە كرد ئەو ناوچانەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا بەردەوامە تیمە رۆژنامەوانییەكان مەترسیدارە و ئێمە خۆمان زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین چونكە خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج ووتی" رێگرییەكان ئەوە نییە ئیدارەی ناوچەكە رێگە بدەن یان نا، خۆی ناوچەكە موحەرەمەیە شەر تیایدا گەرمە و مەترسی بۆ سەر گیانی تیمەكانمان دروست ئەكات و بە حەزەرەوە مامەڵە دەكەین"
بە پێی یاسای نێودەوڵەتی لە كاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا رۆژنامەنوسان وەك كەسی مەدەنی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، پێویستە لە هەموو شێوەیكی هێرش و ئازار بپارێزرێن .
لە مادەی 79ی پرۆتۆكۆلی ژنێفی ساڵی 1949، رۆژنامەنوسان وەك هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەك تەماشا دەكرێن دەبێت لەكاتی جەنگ و ململانێی چەكداریدا گیانیان پارێزراو بێت، ئەوانیش نابێت كارێك بكەن كە دژ بە ناوەرۆكی ئەو برگەیە بێت.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت :
1. هەموو دەستدرێژی و رێگرییەكە بەرامبەر بە میدیاكاران رەتدەكەینەوە، دەبێت هەموو هێزەكان سنوری یاسایی خۆیان نەبەزێنن، رێز لە سەروەری یاسا بگرن.
2. جیاكاری نەكرێت لە گەیشتن بە ناوچە زیانلێكەوتوەكان، ئەگەر ناچەی قەغەكراوە، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو شوێنانە بە رەسمی وەك شوێنی قەدەغكراو بناسێنێت، ئینجا بۆ هەمووان قەغەكراو بێت.
3. داوا لە بەرسی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین، كاتێك تیمەكانیان دەنێرنە ناوچەی جەنگ هەموو پێداویستییەكی خۆپارێزی بۆ تیمەكەیان دابین بكەن.
4. ئاسانكاری بكرێت بۆ كەناڵەكانی میدیای ناوخۆو دەرەوە، تەنانەت رێكخراوە مافی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە راستی تاوانەكان بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیل و ژینگەی ئەو ناوچانەی بوون بە گۆرەپانی جەنگ.
5. پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە زانیاری دەربارەی جمجۆڵی سوپای توركیا بۆ ناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان، بڵاوبكاتەوە.
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی Intenews ، جێبەجێدەكات.