بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە 21 گوند چۆڵكراون و 300 خانەوادەش ئاوارەبوون
2021-06-03 18:31:05
درەو:
راپۆرتی: تیمی كوردستانی عێراقی CPT
لەماوەی 40 رۆژی ئۆپەراسیۆنی (چنگی - هەورە بروسكە)ی توركیادا بۆسەر ناحیەی كوانی ماسی سەربە پارێزگای دهۆك (21 ) گوند چۆڵكراون و نزیكەی (300) خانەوادەش ئاوارەبوون، لەماوەی ئەو 40 رۆژەدا ( 7 هەزار) دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە سوتاون
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ڕاپۆرتێکی ١٤ پەڕەیی سەبارەت بە ئاماری زەرەر و زیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی و کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە- بروسکە لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا بڵاوکردەوە و نەخشەی نوێی فراوانکردنی ھەژموونی سەربازی سوپای تورکیاش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا خرایە ڕوو.
لە ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازی بە پانتایی ناوچە شاخاویەکانی زناری کێستە، کەفرە سۆر، مەلا ردی و دەرارێ جێگیر کراون.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی چنگی- ھەورە بروسکەدا ١٦ گوند لە ناوچەی ئاڤاشین و ٥ گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ بەھۆی بۆردوومانەکان چۆڵکراون و بەمەش نزیکەی ٣٠٠ خانەوادە لە ھەردوو ناوچەکە ئاوارەبوون.
لە ٩ ڕۆژی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١،٣٠٠ پورەی ھەنگی ھەنگەوانانی گوندنشینانی کانی ماسێ و ئاڤاشین لەناوچوون.، و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٧،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سوتاون.
لە ماوەی یەک ھەفتەی ڕابردوودا و بەھۆی ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەورە بروسکە، ٤ ھاوڵاتی مەدەنی لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و قەزای زاخۆ برینداربوون.
بەھۆی بۆردوومانەکانەوە پڕۆژەیەکی سەرەکی ئاو لە گوندی ئەدنێ لە ناحیەی کانێ ماسێ کە ئاوی ٩ گوندی تری دابین دەکرد، وێران بوو.
خانوو ماڵی ھاوڵاتیان لە ناوچەی ئاڤا شین و سنوری ناحیەی کانی ماسێ زەرەر و زیانی بەرکەوتووە و لە گوندی میسکەی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەنیسەیەک بە ئامانج گیراوە و بۆردوومان کراوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، گرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە: